Draw Media

نیچیرڤان بارزانی داوای دواخستنی هەڵبژاردن دەكات

نیچیرڤان بارزانی داوای دواخستنی هەڵبژاردن دەكات

2018-09-23 11:26:17


راپۆرتی:  (درەو میدیا):
توندبونەوەی ناكۆكییەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، پرۆسەی هەڵبژاردنی كاندیدێك بۆ ئەو پۆستە دوادەخات، كە بڕیاربوو ڕۆژی 25 ئەم مانگە لە پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت.
بەپێی ئەو خشتەی كارەی ئەنجومەنی نوێنەران بڵاویكردوەتەوە، دانیشتنی ڕۆژی سێ‌ شەممەی پەرلەمان لە دوو بڕگە پێكدیت:
یەكەم: هەڵبژاردنی لیژنە هەمیشییەكان و دیاریكردنی دەستەی سەرۆكایەتی بۆیان
دووەم: تاوتوێكردنی دۆخی پارێزگای بەسرە و بانگهێشتكردنی كۆمەڵێك وەزیری پەیوەندیدار بە دابینكردنی خزمەتگوزرای و پێداویستییەكان بۆ ئەو پارێزگایە
ئەمە لە كاتێكدایە، بڕیاربوو بڕگەی یەكەمی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بوایە، وەك ئەوەی سەرۆكی پەرلەمان لە دانیشتنی پێشووی پەرلەماندا ئاماژەی پێكرد و، ڕۆژی 17ی، ئەم مانگەش پەرلەمانی عێراق دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ سەرۆك كۆماری عێراق كردەوە لەڕۆژانی (19 و20و23) كە ئەمڕۆ دوا وادەی خۆكاندیدكردنە بۆ ئەو پۆستە.
كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق سەرەتای تەقینەوەی ناكۆكییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی بوو لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار، پارتی دەڵێت" یەكێتی تاكلایەنە كاندیدی دیاریكردووەو ڕای وەرنەگرتوە لە دەستنیشانكردنی بەرهەم ساڵح بۆ ئەو پۆستە"، ئەوە لەكاتێكدایە زیاد لەسەرچاوەیەك ئاماژەیان بەوەكردووە كە بەر لە دەستنیشانكردنی بەرهەم ساڵح لەلایەن یەكێتییەوە، تەنانەت پێش گەڕانەوەشی بەشێوەیەكی فەرمی بۆ ناو ئەو حزبە، ناوبراو دووجار سەردانی بارزانی كردووە و هەوڵیداوە ڕەزامەندی وەربگرێت بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق وەربگرێت.

نیچیرڤان بارزانی دوای دواخستنی هەڵبژاردن دەكات
سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدادو كۆبونەوەی لەگەڵ زۆرێك لەهێز و لایەنە سیاسییە دیارەكان، ناكۆكییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی قوڵتركردوەتەوە، مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەبەیاننامەیەكدا دژایەتی سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی كرد و بەهەنگاوێكی "تاكلایەنە و پێچەوانەی یەك هەڵوێستی كورد" وەسفیكرد.
ڕۆژنامەی "عەرەبی ئەلجەدید" لەزاری بەرپرسێكی عێراقەوە ئاشكرایكردووە، نێچیرڤانی لەسەردانەكەیدا بۆ بەغداد لەگەڵ سەركردەكانی عێراق سەبارەت بە دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و پشتیوانیكردنی كاندیدەكەی پارتی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە  گفتوگۆی كردووە.
بەوتەی ئەو بەرپرسە" نیمچە ڕێككەوتنێك كراوە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لە دانیشتنی ڕۆژی سێشەممەی پەرلەماندا، پارتی بەهەموو شێوەیەك كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح بۆ ئەو پۆستە و هەر گفتوگۆكردنێكیش لەوباریەوە ڕەتدەكاتەوە".
ڤیان سەبری پەرلەمانتاری عێراق لەسەر فراكسیۆنی پارتی لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی كوردە و بۆ لایەنێكی سیاسی دیاریكراو قۆرخ نەكراوە، ڕێككەوتن هەیە لەنێوان پارتی و یەكێتیدا تەوافوقی لەسەربكرێت.  
ڕاشیگەیاندووە، پارتی یەكەم هێزی كوردییە لەڕووی ژمارەی كورسییەوە و پێویست یەكێتی گفتوگۆیان لەگەڵ بكات، نەك تاكلایەنە كاندیدی خۆی پێشكەبكات بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ پارتی.

ئەمە لە كاتێكدایە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران لە بەیاننامەی كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار رایگەیاندووە كە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بە گوێرەی مادەی 27ی دەستوری هەمیشەیی عێراق تا رۆژی 2ی 10 بەڕێوەدەچێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand