Draw Media

سوپای پاسداران.. پارێزەری رژێمی ئاینیی دەسەڵاتداری ئێران

سوپای پاسداران.. پارێزەری رژێمی ئاینیی دەسەڵاتداری ئێران

2018-09-22 21:48:59


(درەو میدیا):
میدیا رەسمییەكانی ئێران رایگەیاند چەند چەكدارێک رۆژی شەممە لە باشووری خۆرئاوای ئێران و لە شاری ئەهواز هێرشیانكردوتە سەر نمایشێكی سەربازی و نزیكەی 25 كەسیان كوشتووە، كە نیویان سەر بە سوپای پاسدارانن.
تەلەفزیۆنی رەسمی ئێرانیش رایگەیاند لەو هێرشەدا كە زیاتر لە 60 كەس برینداربوون، سەكۆی گردبوونەوەی ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئەمنیی ئەهواز كراوەتە ئامانج كە سەرقاڵی بینینی نمایشێكی سەربازی بوون و ساڵانە لە ساڵیادی بەرپابوونی جەنگی هەشت ساڵی عێراق- ئێراندا بەڕێوەدەچێت كە ساڵی 1980 دەستیپێكرد و ساڵی 1988 كۆتاییهات.\


 

سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران
سوپای پاسداران ساڵی 1979 و دوای بەرپابوونی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران و بۆ پاراستنی سیستمی ئاینیی دەسەڵاتدار و بنەماكانی شۆڕش لەلایەن ئیمام خومەینییەوە دامەزرێنرا.
سوپای پاسداران كە راستەوخۆ سەر بە رابەری كۆماری ئیسلامیی ئێران عەلی خامنەییە لە 125 هەزار چەكداری یەكەی زەمینی و دەریایی و ئاسمانیی پێكهاتووە.
هاوكات خامنەیی سەركردایەتی میلیشیای " بەسیج" یش دەكات كە هێزێكە لە خۆبەخشە دڵسۆزەكانی شۆڕشی پێكهێنراوە، ئەم هێزە لە جەنگی ئێران- عێراقدا لە هەشتاكانی سەدەی رابردوودا بەشداری چەندین شەڕی كردووە، لەكاتی ئاشتیشیدا هێزەكانی بەسیج بنەماكانی ئیسلام لە كۆمەڵگەدا جێبەجێدەكەن و بەگوێرەی خەمڵاندنی چاودێران هێزەكانی بەسیج چەند ملیۆن كەسێكن و یەك ملیۆنیان ئەندامی چالاكن.
هاوكات لە سوپای پاسداراندا فەیلەقی قودس هەیە كە ژەنەراڵ قاسم سولەیمانی سەركردایەتی دەكات و  تایبەتە بە ئۆپەراسیۆنەكانی سوپای پاسداران لە دەرەوەی سنورەكانی عێراق و ئەندامانی ئەم فەیلەقە لە شەڕی سوریادا بەهانای بەشار ئەسەدی سەرۆكی ئەو وڵاتەوە چوون و هاوكات لە شەڕی دژ بە داعشدا هاوكاری حكومەتی عێراق بەگشتی و هێزەكانی حەشدی شەعبییان كردووە لە چەند ساڵی رابردوودا.

پاسداران و كێشەی ئەتۆمیی ئێران و خۆرئاوا
سوپای پاسداران لەماوەی رابردوودا هەڕەشەی ئەوەیكرد كە تەگەرە دەخاتە بەردەم جموجوڵی گواستنەوەی نەوت لە كەنداودا، ئەگەر ناچاربن، بەڵام فەرماندەكانی گومانیان لەوە هەبووە كە ئەمریكا هێرش بكاتە سەر ئێران كە دەبووە ململانێیەكی ئیقلیمی فراوانتر لە ناوچەكەدا.
هەروەها فەرماندەكانی سوپای پاسداران گومانیان لەوە هەبوو كە ئیمزاكردنی رێككەوتنی ئەتۆمیی 2015 لەلایەن حەسەن رۆحانیی و وڵاتانی پێنج كۆ یەكەوە، ببێتە هۆی كرانەوەی خۆرئاوا بەرووی ئێراندا، ئەو رێككەوتنە چەند كۆت و بەندێكی خستە سەر پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێران لە بەرامبەر هەڵگرتنی بەشێك لە سزاكانی سەری.
كاتێكیش ئایاری رابردوو ئەمریكا لە رێككەوتنەكە كشایەوە، سەركردە توندڕەوەكانی سوپای پاسداران رایانگەیاندد ئەو هەنگاوە دەریخست كە ناكرێت متمانە بە خۆرئاوا و بە تایبەتی ئەمریكا بكرێت.
توانا سەربازییەكانی سوپای پاسداران
چاودێران دەڵێن سوپای پاسداران سەرپەرشتی پرۆگرامی موشەكە بالیستییەكانی ئێران دەكات، كە موشەكی وەك " شیهاب3" لە خۆدەگرێت و مەوداكەی دەگاتە 2000 كیلۆمەتر و ساڵی رابردووش سوپای پاسداران لە هێرشیدا بۆسەر چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆن لە سوریا ئەو موشەكانەی بەكارهێنا و هاوكات سەرەتا ئەم مانگەش بەو جۆرە موشەكانە هێرشیكردە سەر بارەگای حزبی دیموكراتی كوردستان لە شاری كۆیەی هەرێمی كوردستان.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكاش ئاماژەی بە پرۆگرامی موشەكی ئێران داوە و باسی لەوەكردووە كە ئەوە یەكێك لەو خاڵانەیە كە رێككەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 باسی نەكردووە و راشیگەیاند لەبەر ئەو هۆكارە لە رێككەوتنەكە كشاوەتەوە.
هەروەها سوپای پاسداران بەبەكارهێنانی بەلەمی خێرا لە ئاوی كەنداودا مەشق و راهێنانی سەربازیی دەكات و ئەوەش تەكتیكێكە كە بە بڕوای چاودێران دەكرێت بۆ تەگەرەخستنە بەردەم گواستنەوەی نەوت لە كەنداودا پەنای بۆ ببرێت و هەروەها سوپای پاسداران چەندین چەك و كەرەستەی جەنگی كلاسیكی هەیەی كە لەمیانی بەشداریكردنیدا لە ململانێ‌ و ئاڵۆزییەكانی سوریا و عێراقدا دەركەوتن.

سوپای پاسداران و كاری سیاسی
سەرپشككردنی سوپای بە پارێزگاریكردن لە بنەماكانی شۆڕشی ئیسلامیین هانیداوە بێتەگۆ لەو كاتانەی كە هەستدەكان رژێمی دەسەڵاتدار لە بەردەم مەترسیدایە و حەسەن رۆحانی سەرۆكی ئێران رەخنەی لە دەستوەردانی پاسداران لە كاری سیاسیی گرتووەن بەڵام فەرماندەكانی بەرپەرچیان دایەوە، كاتێك ترەمپ لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە كشایەوە كە وەك گەورەترین دەستكەوتی سیاسی رۆحانی تەماشادەكرا و واشدەردەكەوێت كە سوپای پاسداران خۆی لە پێگەیەكدا داناوە كە ئەوەی پێدەبەخشێت بتوانێت هێزی سیاسیی بەهێز و پتەوبكات، دوای دووركەوتنەوە یان مردنی خامنەیی كە ئێستا تەمەنی دەگاتە 79 ساڵ.
بەرژەوەندییە ئابورییەكانی سوپای پاسداران
دوای كۆتاییهاتنی جەنگی هەشت ساڵەی عێراق- ئێران، سوپای پاسداران بەبەهێزییەوە بەشداریكرد لە پرۆسەی دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ئێران و بەرژەوەندییە ئابورییەكانی فراوانتر كرد كە تۆڕێكی بەرفراوان لە كۆمپانیا دەگرێتەوە لە بواری پرۆژەكانی نەوت و غاز و پرۆژەی خانوبەرە و پەیوەندییەكان كە بەهاكەیان دەگاتە چەندین ملیار دۆلار.


سەرچاوە: رۆیتەرز
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand