شەڕی یەكێتی و پارتی بانگەشەی لایەنەكانی تری سڕكرد
2018-09-20 12:56:44
راپۆرتی شیكاری: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
هەفتەیەك ماوە بۆ راوەستانی بانگەشەی هەڵبژاردن، ئەوەی لەسەر شەقام بەدی دەکرێت، بە بەراورد بە هەڵبژاردنەكانی پێشوو، تائێستا هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بەشێوەیەكی ساردوسڕ بەڕێوەدەچێت.
پارتی دیموكراتی كوردستان یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە زیاتر لە 10 ساڵە لە چوارچێوەی رێككەوتنێكی ستراتیژیدا پێكەوە كاردەكەن و لە حكومەتدا هاوبەشن، چەند رۆژێكە هەڵمەتی هەڵبژاردنیان لەدژی یەكتر توندكردوەتەوە.
سەرەتای هێرشەكە لەلایەن یەكێتییەوە دەستیپێكرد، كاتێك قوباد تاڵەبانی سەرۆكی لیستی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە وتەیەكدا لەبەردەم لایەنگرانی وتی: "ئەو دەسەڵاتەی كە لە هەولێر قۆرخکراوە، دایدەبەزێنینە خوارەوە"، ئەم قسەیە بەرپرسانی پارتی توڕەكرد.
بڕیاری مەسعود بارزانی شكێندرا
ئەم وتانە، بەرپرسانی پارتی ناچاركرد بڕیاری مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتەكەیان بشكێنن، كە لەیەكەم رۆژی دەستپێكردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا رایگەیاند" نابێت وەڵامی هیچ كەسێك بدەنەوەو دەمانەوێت هەڵمەتێكی ئارام بەرێوەبەرین".
بەرپرسانی پارتی لە چەندین شوێندا بە توندی وەڵامی قوباد تاڵەبانییان دایەوە، بەڵام تاڵەبانی كوڕ كە رۆژانێك وەكو دۆستێكی نزیكی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی تەماشا دەكرا، زیاتر دەڕواتو دەڵێ" كوڕان و كچان ئامادەبن، شەپولی سەوز گەیشتە هەولێر".
فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی لەبەردەم لایەنگرانی حزبەكەیدا وەڵامی قوباد تاڵەبانی دایەوە و وتی" زۆر زۆر نارەحت بووین بەو قسانە، بۆیە لێرەوە پێتان دەڵێین، ئەوە راگرن، ئەگەرنا ئێوە یەك قسەمان پێ بڵێن، ئێمە سەد قسەتان پێ دەڵێین".
بەبێ ئەوەی ناوی بهێنێت، میرانی هێرشی توندی كردەسەر قوباد تاڵەبانی و وتی" تۆ لەكوێ بویت كە حكومەتی هەرێممان بونیاد ناوە، ئەگەر مەسعود بارزانی و پێشمەرگەكانی نەبوایە ئێستا هێزی عێراقی لە هەولێرو سلێمانی و دهۆك بوون".
هێمن هەورامی كە هاوشانی قوباد تاڵەبانی سەرۆكی لیستی پارتییە، لەبەردەم لایەنگرانیدا لە قەرەداغ رایگەیاند" پێمان سەیرە كەسانێك رویان بێت باسی قۆرخی دەسەڵات بكەن لە هەولێر، با ئەوان بچن جارێ كێشەی ناو ماڵ و ناو ماڵی حزبەكەیان چارەسەر بكەن ئینجا باسی قۆرخی دەسەڵات بكەن لە هەولێر".
بانگەشەی لایەنەكانی تر سڕكرا
هەندێك كەس لە چاودێران بڕوایان بەو شەڕە نییە كە ئێستا لە میدیاكانەوە پارتی و یەكێتی لەدژی یەكتر دەیكەن، لەمەشدا بەتایبەتی سەرەنجیان لەسەر قوباد تاڵەبانییە، بەوپێیەی تاڵەبانی كوڕ لە ماوەی رابردودا پشتیوانی سەرسەختی ئەو حكومەتە بووە كە پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەولێر هەژمونی بەسەردا كردووە.
ئەمە وایكردووە، بەشێك لە چاودێرانی سیاسی، هەڵمەتەكە تەنیا وەكو تەكتیكێكی هەڵبژاردنی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار تەماشا بكەن بۆ راكێشانی سەرەنجی دەنگدەران و دواجار كێشكردنیان بۆسەر سندوقەكانی دەنگدان، بەتایبەتی لەكاتێكدا كە ئێستا مەترسی زۆربونی ئاستی بایكۆتی و كەمی رێژەی بەشداری دەنگدەران هەیە لە هەڵبژاردنی 30 ئەیلولدا.
لەلایەكی ترەوە، توندبونەوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی و یەكێتی وەكو دوو هێزی دەسەڵاتدار دژ بە یەكتر، بەتەواوەتی روناكی بانگەشەی هەڵبژاردنی لایەنەكانی تری سڕكر، بەتایبەتی بزوتنەوەی گۆڕان كە لەدوای دروستبونییەوە لە ساڵی 2009، لە دوو هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی كوردستاندا جڵەوی شەقامی بەدەستەوە بوو.
"سەگوەڕ"
شەڕی بانگەشەی هەڵبژاردنی نێوان پارتی و یەكێتی دوێنێ گەیشتە ئاستێكی توندتر، كاتێك لاهور شێخ جەنگی بەرپرسی دەزگای پاراستن و زانیاری/ زانیاری كە هاوكات ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتییە لە نوێترین كاردانەوەی ئەو شەڕەدا وتی:" لە دوو رۆژی رابردوودا دەبینم دژبە یەكێتی و قوباد تاڵەبانی سەگوەڕێك دەستیپێكردووە، هەر لێرەوە پێیان دەڵێم، تكایان لێدەكەم سنور مەبەزێنن، ئەگینا ئەگەر سنور ببەزێنن، بە دەنگەكانمان ئاودیوی سنوریان دەكەین".
"بە زمانی پلكی قسە دەكات"
لەبەرامبەردا ئومێد خۆشناو كاندیدی پارتی و سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان لە نوسنێكدا بەناوی" قوباد تاڵەبانی ئەرێ دەزانی؟" نوسیویەتی"چەند ڕۆژێكە لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن قوباد تاڵەبانی وەك ئەوەی داهێنان بكات، دەیەوێ بەزمانی پلكی قسەبكات" كە مەبەست لێی " شاناز ئیبراهیم ئەحمەد"ە بەوە ناسراوە بەردەوام رەخنەی توند لە پارتی و بنەماڵەی بارزانی دەگرێت.
لە بەشێكی نوسینەكەدا ئومێد خۆشناو ئاماژە بەوە دەكات" ڕاستە لە هەولێر كێشەی ئاو وكارەبا هەیە، بەڵام لە هەولێر كێشەی فرە كێخوایی و بێساحێبی و مافیاو جوێن و فرت و فێڵ و قۆڵبرین نیەو نابێ، چونكە هەولێر خودانی هەیە، خودان".
لە شەڕی شەقامەوە بۆ شەڕی فەیسبوك
شاری سلێمانی كە لە چەند ساڵی رابردوودا چەقی ململانێ سیاسییەكان بوو، ئێستا جگە لە هەندێك پۆستەری كەمی كاندیدەكان لە شەقامەكان هیچ دیمەنێكی تری بانگەشەی هەڵبژاردن بەدی ناكرێت، كەژاوەی ئۆتۆمبیل و كۆبونەوەی جەماوەری و وتنەوەی دروشم، لەو روداوانەن كە ئێستا بەتەواوەتی بەرەو فەنابوون رۆشتوون.
ئێستا تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان جێگەی شەڕی شەقامەكانیان گرتوەتەوە، زۆرێك لە كاندیدەكان پارەكانیان لە كڕینی ریكلام لە پەیجی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و سایتەكان بەخەرج دەدەن.