Draw Media

كاندیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە چوار فلتەر دەدرێت

كاندیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە چوار فلتەر دەدرێت

2018-09-20 12:25:14


 (درەو میدیا):
بڕیارە ئەمڕۆ لیژنەی هاوبەشی هاوپەیمانی سائیرون بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر و هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆكایەتی هادی عامری،  بۆ ڕێككەوتن لەسەر ناوی كاندیدەكانی سەرۆكایەتی حكومەت كۆببنەوە، پێش بەرزكردنەوەی بۆ نەجەف و وەرگرتنی ڕای سیستانی، كە محمەد ڕەزای كوڕی ڕۆڵێكی دیار دەگێڕێت لە نزیككردنەوەی بۆچوونی هێزە شیعییە ناكۆكەكان لەیەكتر. 
سیاسییەكی دیار لە هاوپەیمانی فەتح بە ڕۆژنامەی ئەلعەرەبی ئەلجەدیدی ڕاگەیاندووە، پێویستە كاندیدی سەرۆكی حكومەت لە تێپەڕاندنی چوار فلتەردا سەركەوتووبێت، كە لیژنە هاوبەشەكەی نێوان سائیرون و فەتح یەكەم دانەیانە و، سەیری دۆسیەی كاندید و مێژووی سیاسی دەكات، دواتر هەردوو فلتەری ئێرانی و ئەمریكی دێن، بوونی تێبینی لەلایەن هەر كامێكیانەوە بەتایبەت ئێرانییەكان، واتای كێشە هەیە، بەپێچەوانەی ئەمریكییەكان كە دەتوانن مامەڵە لەگەڵ هەر كەسایەتییەكدا بكەن كە ئەو پۆستە وەربگرێت، بەڵام ئێرانییەكان توندڕەون لە مەسەلەی كێ‌ دەبێت بەسەرۆك وەزیران، فلتەری چوارەمیش سیستانییە و پێویستە كاندید ئەو تایبەتمەندیانەی تیادابێت كە مەرجەعیەت داوایكردووە(پێشتر لە دەسەڵات تاقینەكرابێتەوە و تۆمەتی گەندەڵی لەسەر نەبێت، جگە لە بەڵێندان بە ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی و دابینكردنی خزمەتگوزراییەكان).
سەرچاوەكە ڕاشیگەیاندووە، سازانی ناوخۆیی ودەرەكی و ڕای مەرجەعییەت كاندیدی سەركەوتوو بۆ ئەو پۆستە یەكلادەكاتەوە و حكومەت بەسازان لەنێوان هەردوو جەمسەری سائیرون و فەتح پێكدێت و، هەردوو باڵەكەی حزبی دعوە (نوری مالیكی و حەیدەر عەبادی) هیچ پۆستێكی سیادییان نابێت لەم حكومەتەدا.      
ڕائید فەهمی سكرتێری حزبی شیوعی عێراقی و یەكێك لەسەركردەكانی سائیرون بەڕۆژنامەكەی ڕاگەیاندووە، بژاردەی ئۆپۆزسیۆن بوون هێشتا نزیكترینە بۆ سائیرون، ئەگەر حكومەتێكی ڕیفۆرمخواز پێكنەیەت، جەختیشیكردووە، نەڕۆیشتنیان بەرەو ئۆپۆزسیۆنی سیاسی بەندە بەدیهێنانی حكومەتێك چاكسازی بكات، بەڵام تائێستا گفتوگۆ سیاسییەكان بەردەوامە و ئەگەر نەگەیشتنە سازان لەبارەی پێكهێنانی حكومەت بەئیرادەیەكی عێراقی ڕووت، بژاردەی ئۆپۆزسیۆن بوون چارەسەرە.
ئەو بەرپرسەی سائیرون لەبارەی دیاریكرنی سەرۆك وەزیران ڕایگەیاندووە، وەك سائیرون تێبینیان هەیە لە شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و ئالییەتی هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیرانی نوێ، چونكە تەوافوقاتی نێوان حزبە سیاسییەكان هێشتا بەشێوەی جاران كاردەكات، كە میكانیزمێكی شەفاف ومەدەنی و نوێ‌ نیە، ڕونیشكردوەتەوە، مەرجەعیەتی نەجەف كۆمەڵێك خەسڵەتی خستوەتەڕوو، كە لە بنەمادا  تایبەتمەندی باسكراون و لە ڕاستیشدا بەجۆرێك لە جۆرەكان بەرتەسكن و پێویستە ئاستێكی فراوانتر وەربگرێت و بەشداریكردنیش تیایدا فراوانتربێت، وتوشیەتی، ئەو خەسڵەتانەی خراونەتەڕوو حاڵی حازر لە هیچ كاندیدێكدا نیە، بەڵام كۆمەڵێك ناو لەئارادان و بەدوای كەسایەتییەكدا دەگەڕێن لە ناویاندا كە لەسەر ئاستی سیاسی  و شەقامی عێراقی و نێودەوڵەتی پەسەندكراو بێت و ئازابێت لە كردنەوەی دۆسییەكانی گەندەڵی و دەستكردن بەرپرسەی چاكسازی.  
ڕائید فەهمی ڕایگەیاندووە، زیاتر لە 10 كاندید هەن بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران و هیچ كاندیدێكیش چانسی لە كاندێكی تر زیاتر نیە و حزبەكان تائێستا هیچ كاندیدێكیان هەڵنەبژاردووە و گەڕان و بەدواداچون بەردەوامە و پێشی وانیە كە حزبەكان دەستور پێشێلبكەن و ڕێز لەو وادە دەستورییانە دەگرن كە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك وەزریران بەركارە.    
ئاماژەی بەتێڕوانینی سەدریش داوە سەبارەت بە كەسایەتی سەرۆك وەزیران و ڕایگەیاندووە، سەدر پێیواییە سەرۆك وەزیران پێویستە كەسایەتییەكی خاوەن بنكەیەكی جەماوەری بێت، پشتیوانیبێت لە كاتی قەیران و كردنەوەی دۆسیەكانی گەندەڵیدا، لەلایەن هێزە عێراقییەكانیشەوە پەسەندكراوبێت.
گەڕان بەدوای سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق لە كاتێكدایە، بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە سەرچاوە سیاسییە ئاگادارەكانەوە دزەیانكردووە، سازانێكی ڕوون و ئاشكرا سەبارەت بە یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆك كۆمار و هەڵبژاردنی لە دانیشتنی 25 مانگی پەرلەمانی عێراق لە ئارادایە، لە یەكەم هەڵوێستی ڕەسمیشدا هاوپەیمانی بنیاتنان كە سەربازگەی (نوری مالیكی و هادی عامری)یە، پشتیوانی كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح دەكەن لەلایەن یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق و بەكەسایەتییەكی هاوسەنگ وەسفی دەكەن. 
 بەگوێرەی هەندێك سەرچاوەی سیاسی، محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، ڕەنگە پەنابباتە بەر هێشتنەوەی دانیشتنی پەرلەمان بەكراوەیی ئەگەر هێزە شیعییەكان لەبارەی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە ئەگەر تادانیشتنی داهاتووی پەرلەمان، نەگەنە ڕێككەوتن، ڕێككەنەوتنی سەدر و عامری لەسەر ناوی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا مانای گەڕانەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم و سەرهەڵدانی لێدوانە دژەكان سەبارەت بە گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی و بەوەش سەرۆكی پەرلەمان دوای هەڵبژاردنی كاندیدی سەرۆك كۆمار، دانیشتنەكە بەكراوەی دەهێڵێتەوە و ڕەنگە داواش لە دادگای فیدراڵی بكات  گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی دیاریبكات، ئەم سیناریۆیە لەگەڵ ئەوەی یەكێكە لە ئەگەرە چاوەڕوانكراوەكان، لەهەمان كاتدا ئەگەرێكی لاوازە و ئەگەری بەهێز ئەوەیە بەمزوانە سەدر و عامری ناوی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران ڕەوانەی مەرجەعییەتی نەجەف بكەن بۆ پەسەندكردنی.    
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand