پارتە دەسەڵاتدارەكەی عێراق كەوت
2018-09-19 16:36:36
راپۆرت: ئارام مەحمود
شەڕی نوری مالیكی و حەیدەر عەبادی لەسەر پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق و كەرتكردنی حزبی دەعوەی ئیسلامی و كردنی بەخاوەنی دوو لیستی جیا (هاوپەیمانی نەسر و ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا)، ئەو دەرفەتەی دا بە نەیارەكانی جڵەوی كاروباری سیاسی عێراقی لەدەست بسێنن و بیكەنە هێزێكی دواكەوتە و پەاوێزی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت و قورساییەكی ئەوتۆی بۆ دادەنێنن.
لەسەروبەندی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ناكۆكییەكانی مالیكی و عەبادی بەجۆرێك توندبوو، هەریەكەیان لەجەمسەرێكدا خۆی بینییەوە، عەبادی بۆ بەدەستهێنانەوەی خولی دووەمی سەرۆك وەزیران باوەشی كرد بە (موقتەدا سەدر)داو، مالیكیش لەگەڵ (هادی عامری) ڕۆیشت، كە بە بەرەی نزیك لە ئێران ناسراون، ئەوە لەكاتێكدایە سەدر كە ڕابەری هاوپەیمانی سائیرونە، خاوەنی 54 كورسییە و بەشێكی دیاری كورسییەكانیشی مەدەنییەكانی ناو لیستەكەی بەدەستهێناوە كە سەربە ڕەوتی سەدر نین، هاوپەیمانی فەتحیش كە هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات خاوەنی 48 كورسییە لە پەرلەمانی عێراق و زیاتر لە 13 گروپی حەشدی لەخۆدەگرێت، لەكاتێكدا هەردوو باڵەكەی حزبی دەعوە (نەسر و یاسا) كە لەیەك حزبن، بەتەنیا خاوەنی 66 كورسیی پەرلەمانن (42+24)، واتە وەك حزب خاوەنی زۆرترین كورسی پەرلەمانن و، گەورەترین هێزن لەسەر ئاستی عێراق، بەڵام بەهۆی ناكۆكی و پاڵدانیان بەهێزی ترەوە كەوتنە پەراوێزی پرۆسەی سیاسی، كەتەنها وەك حزب باجەكەی نادەن و بەپێی هەموو ئاماژەكان پۆستی سەرۆك وەزیران لەم خولەدا لەدەستدەدەن، بەڵكو هاوپەیمانی نەسر وەك باڵێك كە حەیدەر سەرۆكایەتی دەكات لەلایەن سەدرییەكانەوە پەراوێزخراوە و، ئیئتیلافی دەوڵەتی یاساش كە باڵی دووەمیەتی و لەلایەن نوری مالكییەوە سەركردایەتی دەكرێت، لە پەراوێزی جوڵە سیاسەكانی هاوپەیمانی فەتح و هادی عامریدا دەردەكەوێت.
سەدرو عامری عەرابی پرۆسەی سیاسین
بەهەموو پێوەرەكان ئێستا (سەدر وعامری) عەرابی پرۆسەی سیاسی عێراقن ، لەسەر حسابی ناكۆكیی و ململانێكانی ناوماڵی دەعوە بونەتە بڕیاردەری یەكەم و قسەی ئەوەڵ و كۆتایی لەیەكلایكردنەوەی حكومەتی ئایندە دەكەن و، ڕۆڵی مێژویی حزبی دەعوە وەك هێزو بڕیاردەری یەكەم چی لەسەر ئاستی عێراق و هەم لەسەر ئاستی ناوماڵی شیعەش لانی كەم لەم قۆناغەدا پاشەكشێی گەورەی كردووە، كە ڕەنگە لەدەستدانی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەئایندەدا دووچاری پاشەكشێی زیاتر و كەرتبونی ناوخۆیی گەورەتریشی بكات.
زۆرێك لە چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، لاوازكردنی حزبی دەعوە و پاشەكشێپێكردنی لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق یەكێك بووە لە خەون و خەمە گەورەكانی موقتەدا سەدر و، تەنانەت هەندێك لەهێزە شیعییەكانی تریش، بەوپێیەی حزبی دەعوە جۆرێك لە دیكتاتۆرییەتی حزبی جارێك لەناوماڵی شیعەو جارێكی تریش لە عێراق بەگشتی دروستكردووە.
حزبی دەعوە كە لەساڵی 2005وە، پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق و زۆرینەی پۆست و جومگە هەستیارەكانی دەوڵەتی عێراقی گرتۆتە دەست، كە بەپێی هەندێك ئاماری نافەرمی لەكۆی نزیكەی 10 هەزار پۆست، نزیكەی 6 هەزار پۆستی دەوڵەتی عێراقی لەدەستی خۆیدا گلداتەوەو زۆرینەی هێزەكانی تری شیعەی لە دامەزراوەكانی دەوڵەت بێبەشكردووە، ئەوەش هۆكارێكی گەورەیە ئەو درەفەتەی ئێستا بۆ سەدرو هێزەكانی تر هاتوەتە پێشەوە بۆ دورخستنەوەی حزبی دەعوە لە لوتكەی بڕیاردان، بەتایبەت كە مەرجەعییەتی باڵای شیعەكانیش پشتیوانیان دەكات، ڕەنگە دەرفەتێك بێت هەرگیز دووبارە نەبێتەوە، بۆیە بەهەموو هێزو توانایانەوە هەوڵدەدەن لانی كەم لەم قۆناغەدا پۆستی سەرۆك وەزیرانی لەدەست بسێنن.
عەبادی دوای موقتەدا كەوت و مالیكی چووە پاڵ عامری
ژمارەیەك سەركردەی حزبی دەعوە لە ڕاگەیەندراوێكدا كە بۆ ناوخۆی حزبەیەكەیان نوسیوە ئاماژە بەو مەترسیانە دەكەن كە ڕوبەڕووی دەعوە بوەتەوەو نوسیویانە" لەكاتێكدا دەنوسین كە وڵاتەكەمان و حزبی دعوە بەقۆناغێكی هەستیار تێدەپەڕێت و دەیانەوێ پەراوێزی بخەن و كەلەپورەكەی لەسەر دەستی ڕۆڵەكانی بدەن بەبادا، ئاشوبی دوو لیستیی كە هەمووتان ئاگاتان لە وردەكاریەكەیەتی بەڕێككەوتنی سەرجەم سەركردەكان كۆتایهات، بەوەی حزب سەرپەرشتی هەردوو لیستە بكات و دوای هەڵبژاردن تێكەڵ بكرێنەوە، دوای ئەنجامی هەڵبژاردنەكان سەركردایەتی كۆبونەوەیەكی كرد لەماڵی مالیكی و كۆبونەوەیەكی تریش لەماڵی عەبادی، لە هەردوو كۆبونەوەكەدا عەبادی بەڕوونی ڕێككەوتنەكەی ڕەتكردەوەو دوپاتی كردەوە كە ئەو ئیمزای لەسەر تێكەڵكردنی دوو كوتلەكە نەكردووە و كاندیدیش نەبووە لەسەر حزبی دەعوە لە هەڵبژاردنەكاندا".
لەبەشێكی تری ڕاگەیەندراوەكەدا، ئۆباڵی شكستهێنانی دروستكردنی هاوپەیمانێتیەكی سێقۆڵیش لەنێوان (نەسر و دەوڵەتی یاساو فەتح) دەخەنە ئەستۆی عەبادی و دەڵێن، دەوڵەتی یاساو نەسر نەیانتوانی كوتلەیەكی بەهێزو كاریگەر لە پرۆسەی سیاسی پێكبهێنن كە لە گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتدا حسابی بۆ بكرێت، سەرەنجام دەوڵەتی یاسا چووە پاڵ فەتح و نەسریش دوای سائیرون كەوت ، نەیارە سیاسییەكانیش (فەتح و سائیرون) لەسەر ئێسك و پروسكی دەعوە و جیهاد (نەسر و دەوڵەتی یاسا) ڕێككەوتن.
مێژووی حزبی دەعوە
دەستەی دامەزرێنەری حزبی دەعوەی ئیسلامی لەساڵی 1957 یەكەم كۆبونەوەیان ئەنجامدا و لە سەرەتادا لە دەستەیەكی 8 كەسی پێكهاتن، محمەد باقر سەدر ڕۆڵی سەرەكی لە لیژنەی سەركردایەتی دەعوەدا گێڕا كە خولقاندنی جۆرێك لە هاوسەنگی فیكری لەگەڵ شیوعیەت و عیلمانیەت و بیری نەتەوەیی ئەفكارە مادییەكانی دروستبوو.
حزبی دەعوە لە حەفتاكانی سەدەی بیستەمدا لەسەر گۆڕەپانی سیاسی عێراق دەركەوت و هەڵمەتی چەكداری توندی دژی حكومەتی عێراقی و حزبی بەعسی دەسەڵاتدار دەستپێكرد، دوای سەركەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران حزبی دەعوە پەیوەندی لەگەڵ سەركردەكانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران دروستكرد، تاكە خاڵی جیاوازییان لەگەڵ ئێران، ئیمام خومەینی بڕوای بە ویلایەتی فەقیه بوو و بەپێویستی زانیوە كە زانا ئاینییەكان قسەی یەكلاكەرەوەیان هەبێت لە سیاسەتی دەوڵەت، بەڵام حزبی دەعوە بەپێویستی دەزانی دەسەڵات لەدەستی خەڵكدابێت.