Draw Media

عەبادی بەرەیەكی تر شەڕ لەخۆی دەكاتەوە

عەبادی بەرەیەكی تر شەڕ لەخۆی دەكاتەوە

2018-09-19 14:10:09


( درەو میدیا):
عەبادی لەشەڕ و ململانێی هەڵبژاردنەوەی بەسەرۆك وەزیران بەتەواوی ڕزگاری نەبووە، كە هەموو پێشهاتەكان ئاماژە بەدۆڕانی دەكەن، بەرەیەكی نوێی شەڕ لەگەڵ پەرلەمان دەكاتەوە و گومان دەخاتە سەر پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و داوای لێكۆڵینەوە لە وێنەگرتنی كارتی دەنگدانی پەرلەمانتاران دەكات لە كاتی پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان.
دوابەدوای ئەم قسانەی عەبادی، كە دوێنێ‌ سێشەممە لە كۆنگرەی هەفتانەیدا ڕایگەیاند، محەمەد ڕێكان حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق هێرشێكی توندی كردە عەبادی و وتی: ئاوڕ لەو دەنگە نەشازانە نادەنەوە كە بەدەست گرێی ڕابردو و وەهمی داهاتوەوە دەناڵێنێت.
سەبارەت بەداواكاری عەبادی بۆ ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە لە ڕێوشوێنەكانی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان، حەلبوسی ڕایگەیاندووە، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران بەهیچ شێوەیەك ڕێگەنادات دەستوردان لە كاروباری دەسەڵاتی یاسادانان بكرێت، بەڵێنیشی داوە كە خولی نوێی پەرلەمان جیاوازتربێت لە خولەكانی پێش خۆی. 
ئەم قسانەی حەلبوسی كە لە ڕاگەیەندراوێكدا كردونی، ئاماژەی بەوەشكردوە، ئەنجومەنی نوێنەران فەرمان و ڕاسپاردە لە هیچ كەس و دەسەڵاتێكەوە وەرناگرێت و جگە لەدەنگی گەل گوێ لە هیچ دەنگێكی تر ناگرێت، تەئكیدیشیكردووە، سەرۆكایەتی پەرلەمان فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی ڕاسپاردووە بە ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەیەكی گشتگیر و فراوان سەبارەت بەلێدوانی هەندێك پەرلەمانتار و ئەو ڕاگەیاندنانەی كە تەرویجیان بۆ "درۆ" و هەندێك زانیاری كردووە كە هیچ بنەمایەكی ڕاستی تیادانیە، بەتایبەت ئەو میدیا چەواشەكارانەی كە لەڕابردوو ئێستاشدا بەشێوەیەكی ناڕەسمی و بە ئاگاداری سەرۆك وەزیران كاردەكەن، بەپێچەوانەی یاسا بەركارەكان، ئەمە بەپێی قسەكانی حەلبوسی.


نەسر  وەڵامی حەلبوسی دەداتەوە
عەلی عوبەیدی ئەندامی ئیئتیلافی نەسر كە عەبادی سەرۆكایەتی دەكات ڕایگەیاندووە، هێرشەكەی عەبادی هیچ پاساوێكی نیە و سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستی وەرنەداوەتە دەسەڵاتی تەشریعی، بەڵكو داوایكردووە لێكۆڵینەوە بكرێت.
عوبەیدی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا، تۆمەتەكانی حەلبوسی سەبارەت بە پشتیوانیكردنی عەبادی  لە هەندێك لە دامەزراوەكانی ڕاگەیاندن ڕەتكردوەتەوە، تەئكیدیشی كردەوە، گوتاری سەرۆكی نوێی پەرلەمانی عێراق گوتارێكی سیاسییە و لەبەرژوەندی ئەو كوتلەیەی گەیاندویەتیە ئەو پۆستە، هاوكات لەگەڵ ئەو جموجوڵانەی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق لەئارادان.

 30ملیۆن دۆلار بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان  

ژمارەیەك لە ڕاگەیاندنە ناوخۆییەكانی عێراق، حەلبوسیان بە خەرجكردنی پارەیەكی زۆر كە بڕەكەی گەیشتوەتە 30 ملیۆن دۆلار تۆمەتباركرد، بۆئەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بەدەستبهێنێت. 
ئەیمەن شەممەری، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیرون ڕایگەیاندووە، ئەوەی 30 ملیۆن دۆلار بدات بۆ گەیشتن بەپۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، چەند هێندەی ئەوە لە هاوڵاتیان و دەوڵەت دەدزێت.
شەممەری لە لێدوانێكدا بە "غەدپرێس" ی وتووە، ئەو تۆمەتانەی بەم دواییە بڵاوبونەتەوە لەبارەی كڕینی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بە بڕی 30 ملیۆن دۆلار، وێنەیەكە لە وێنەی ئەو گەندەڵییەی كە جەستەی دەوڵەتی داڕزاندووە و ئەوەی ڕوودەدات بەرەنجامێكی چاوەڕوانكراوی سیستمی پشكێنەی تائیفیە لە عێراق. 
لای خۆیەوە ڕەحیم دەراجی ئەندامی پێشوی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، ئەو قسانەی لەبارەی كڕین و فرۆشتنی پۆستەوە دەكرێت لە عێراق هیچ ڕاستییەكی تیادانیە، بەڵكو هەڵوێستی سیاسی پێشوەختە دژی هەندێك لە كاندیدەكان بۆ ئەو پۆستە. 
دەراجی بەهەمان سەرچاوەی وتوە، مەحاڵە 30 ملیۆن دۆلار درابێت بە پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەوە پڕوپاگەندەیە بۆ خستنی سیاسی و، لەكەداركردنی هەندێك لە كاندیدەكانە.
دەراجی، سەرۆكی گروپی كەناڵەكانی شەرقییە (سەعد بەزاز)ی، تۆمەتباركردووە بە ڕاوەستان لە پشتی ئەو پڕوپاگەندانە و ڕایگەیاندووە، بەزاز هەندێك داواكاری لە حەلبوسی هەبوە و ئەویش ڕەتیكردوەتەوە،  ئەوەش لە دانیشتنێكی بەناوبانگ بووە كە لە عەممانی پایتەختی ئوردن بووە و لەسەر ئەوە بەزاز هێرشێكی دوژمنكارانەی دژی حەلبوسی دەستپێكردووە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand