سزاكانی ئەمریكا دامەزراوەكانی ئێرانی لە عێراق پەكخستووە
2018-09-19 13:23:25
(درەو میدیا):
قەیرانی ئابوری ئێران كاریگەری گەورەی لەسەر دامەزراوەكانی لەعێراق دروستكردووەو بەشێكیان داخراون و دەیان كارمەندیش كارەكانیان لەدەستداوە.
ڕۆژنامەی " عەرەبی ئەلجەدید" ی قەتەری ئاشكرایكردووە، كاریگەری سزا ئابورییەكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران بەجۆرێك دەركەوتووە، كە تەنها لە چوارچێوەی زیانگەیاندن بە كەرتی دارایی لە ناوخۆی ئەو وڵاتەوە نەوەستاوە، بەڵكو بوەتە هۆی پاشەكشێی دامەزراوەكانی ئێران لە عێراق و زۆرینەی دامەزراوەكانیش ژمارەی كارمەندەكانیان كەمكردوەتەوە، هەندێكیشیان بەتەواوی داخراون بەپاساوی نا پێویستییان.
ڕۆژنامەكە لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە ئەوەشی بڵاوكردوەتەوە، كۆتایی ئەم مانگە كۆمەڵێك دامەزراوەی تری ئێران لە عێراق دەرگاكانیان دادەخەن یان ژمارەی كارمەندەكانیان بەڕێژەی 50%كەمدەكەنەوە، ڕونیشیكردوەتەوە، زۆربەی كارمەندانی ئەو دامەزراوانە ماوەی چەند مانگێكە موچە و مافەكانیان وەرنەگرتووە.
لە مانگی ئابی ئەمساڵەوە، ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا زنجیرەیەك سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند، ئەوەش بووە هۆی داڕمانی بەهای دراوی ئێرانی لە بازاڕەكانی جیهاندا، دۆناڵد ترەمب سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەمبارەیەوە پێشتر لەتویتێکدا وتی: ئەم سزایانە بەتوندترین سزا دادەنرێن و، لە مانگی تشرینی دووەمیشدا دەگاتە بەرزترین ئاستی.