چارەنوسی هاوپەیمانی بە كوێ دەگات ؟
2018-09-19 12:02:27
(درەو میدیا):
ئەمڕۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نشتیمانی كوردستان یەكێك لە گرنگرترین و هەستیارترین كۆبونەوەكانی خۆی لەمساڵدا بەڕێوەبرد.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، ئەنجومەنی سەركردایەتی دووجار پرۆسەی دەنگدانی بەڕێوەبردووە، لەیەكەمین كاریدا دەنگدانی كردووە لەسەر پرسی گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی و لە كۆی (44) كەس كە ئامادەی كۆبونەوەكە بوون، (40) كەسیان بە بەڵی دەنگیان داوە بۆ گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح.
دوای یەكلابونەوەی پرسی گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح، ئەنجومەنی سەركردایەتی جارێكی تر دەنگدانی رێكخستووە بۆ هەڵبژاردنی كاندیدی سەرۆك كۆماری عێراق، ئەنجامی دەنگدانەكە بەمشێوەیە بووە.
• بەرهەم ساڵح: 26 دەنگ
• محەمەد سابیر: 15 دەنگ
• لەتیف رەشید: 1 دەنگ
دوو كەس لە ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی بەشداری دەنگدانیان نەكرد نە لە پرسی گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی نە لە پرسی كاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار.
بەمجۆرە بەرهەم ساڵح كە ساڵی 2017 لە یەكێتی جیابوەوە و حزبێكی نوێی بە ناوی "هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری" پێكهێنا، گەڕایەوە بۆ ناو یەكێتی و ئێستا پرسیاری گەورە لەسەر چارەنوسی حزبەكە "هاوپەیمانی" دروستبووە.
چارەنوسی هاوپەیمانی !
بەپێی ئەو رێككەوتنەی كە لەگەڵ سەركردەكانی یەكێتی كردویەتی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار، دەبێت بەمنزیكانە بەرهەم ساڵح رونكردنەوەیەك بۆ رایگشتی بدات و تێیدا گەڕانەوەی خۆی بۆ ناو یەكێتی رابگەیەنێت و داوا لە لایەنگرانیشی بكات لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە 30 ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت، دەنگ بە كاندیدەكانی یەكێتی بدەن.
بەگوێرەی زانیارییەكان (درەو میدیا)، ئێوارەی ئەمڕۆ ژمارەیەك لە سەركردەكانی هاوپەیمانی لەبەیاننامەیەكدا پشتیوانی خۆیان بۆ گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی رادەگەیەنن و خۆشیان دەگەڕێنەوە بۆ ناو یەكێتی.
لەبەرامبەردا ئەو بەشەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كە خۆی دەبینێتەوە لە پاشخان ئیسلامییەكانی (كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی) بڕیاریانداوە بمێننەوە و درێژە بەكاری سیاسی حزبەكە بدەن.
پێشتر بەرهەم ساڵح رایگەیاند، هاوپەیمانی بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ناكات و بایكۆتی پرۆسەكە دەكات، ئەمەش بەبەهانەی خراپی تۆماری دەنگدەران، بەڵام هەر ئەوكات دەنگۆی ئەوە بڵاوەوە كشانەوەی بەرهەم ساڵح لە هەڵبژاردن پەیوەندی بە گفتوگۆكانیەوە هەیە بۆ گەڕانەوە بۆ ناو یەكێتی نەك خراپی تۆماری دەنگدەران.
دوای وازهێنانی بەرهەم ساڵح، بڕیارە سەركردەكانی هاوپەیمانی بڕیاری بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بدەن و بانگەشە بۆ كاندیدەكانیان دەستپێبكەن، بەتایبەتی لەكاتێكدا هێشتا كۆمسیۆن ناو و لۆگۆی هاوپەیمانی لەناو كارتی دەنگدان نەسڕیوەتەوە.