شەڕی پۆستی سەرۆك كۆمار لەسەر دەسەڵاتەكانیەتی یان ئیمتیازاتەكانی؟
2018-09-18 14:59:07
راپۆرت: نامیق رەسوڵ
دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كرایەوە، لەدوای 2003وە كە ئەوەی پێی دەوترێت "عێراقی نوێ" بونیاتنرایەوە، بەگوێرەی سیستمی تەوافوق ئەو پۆستە بەر كورد دەكەوێت و لەوكاتەوە دوو كاندیدی یەكێتی نیشتمانی كوردستان (جەلال تاڵەبانی و فوئاد مەعسوم) ئەو پۆستەیان بەڕێوەبردووە.
لەدوای پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراقەوە و دەستپێكردنی هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێ و دابەشكردنی هەر سێ سەرۆكایەتییەكە و یەكلابوونەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، ململانێی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك كۆمار لەنێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان دەستیپێكردووە و تائێستا یەكلانەبوەتەوە.
لەناو یەكێتیدا كە ئەو پۆستە بەمافی خۆی دەزانێت، ململانێی توند لەسەر ئەو پۆستە هەیە و تائێستا یەكێتی نەیتوانیوە یەك كاندید دیاریبكات، ئەمە جگە لەوەی چەند كاندیدێكی سەربەخۆ و كاندیدی لایەنەكانی تریش بۆ ئەو پۆستە هاتونەتە ململانێكەوە.
ئەو دەسەڵاتانە چین كە پۆستی سەرۆك كۆمار بەپێی دەستور هەیەتی و وایكردووە ئەم ململانێ گەورەیە لەسەر ئەو پۆستە دروست ببێت ؟
دەسەڵاتەكانی سەرۆك كۆماری عێراق:
سیستمی حكومڕانی عێراق سیستمی پەرلەمانییە، سەرۆك كۆمار لە عێراق، ئەگەرچی بە گوێرەی ماددەی (66) دەستور بەشێكە لە دەسەڵاتی جێبەجێكردن لە عێراقدا، بەڵام زۆربەی دەسەڵاتەكان دراون بە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و دەسەڵاتەكانی سەرۆك كۆمار دەسەڵاتێكی تەشریفاتین و بە گوێرەی ماددەی (73)ی دەستوری هەمیشەیی عێراق سەرۆك كۆمار ئەم دەسەڵاتانەی هەیە:
یەكەم: دەركردنی لێبوردنی تایبەت لەسەر راسپاردەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، بە مەرجێك ئەوانە نەگرێتەوە كە بەهۆی مافی تایبەت و تاوانی نێودەوڵەتی و تیرۆر و گەندەڵی دارایی و ئیدارییەوە حكومدراون.
دووەم: پەسەندكردنی پەیماننامە و رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان، پاش وەرگرتنی رەزامەندی ئەنجومەنی نوێنەران.
سێیەم: پەسەندكردن و دەركردنی ئەو یاسایانەی ئەنجومەنی نوێنەران پەسەندیان دەكات، یاساكانیش بە پەسەندكراون دەژمێردێن پاش تێپەڕبوونی 15 رۆژ بەسەر ناردنیان بۆ سەرۆك كۆمار.
چوارەم: بانگهێشتكردنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ كۆبوونەوە دوای پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بەماوەیەكی دیاریكراو بە مەرجێك لە 15 رۆژ تێپەڕنەكات.
پێنجەم: بەخشینی نیشانە و مەدالیا بە راسپاردەی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بەگوێرەی یاسا.
شەشەم: پەسەندكردنی باڵیۆزەكان.
حەوتەم: دەركردنی مەرسومیی كۆماری.
هەشتەم: پەسەندكردنی حكومی لەسێدارەدان كە لەلایەن دادگا تایبەتمەندەكانەوە دەردەچێت.
نۆیەم: هەڵدەستێت بە ئەركی سەركردایەتی باڵای هێزە چەكدارەكان بەمەبەستی پرۆتۆكۆل و ئاهەنگ گێڕان.
دەیەم: هەر دەسەڵاتێك كە لە دەستوردا دیاریكرابێت.
هەروەها بە گوێرەی مادەی (63) ی دەستور، سەرۆك كۆمار مافی ئەوەی هەیە داوای سەندنەوەی متمانە لە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، پێشكەش بە ئەنجومەنی نوێنەران بكات.
موچە و دەرماڵە و بودجەی سەرۆك كۆمار
سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆكایەتی كۆمار، بە بەراورد بەو دەسەڵاتە تەشریفاتییەی هەیەتی، لە بودجەی عێراقدا بڕێكی زۆر بودجەی بۆ تەرخانكراوە، بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەكی نافەرمیی، سەرۆك كۆماری عێراق مانگانە بڕی (80 ملیۆن) دینار موچەكەیەتی و كە نزیكەی (حەوت دەفتەر) دۆلاری ئەمریكی دەكات، جگە لە نەسریەیەكی زۆر و چەندین دەرماڵە و خەرجیی جۆراوجۆر و چەند لیوایەك پاسەوان و راوێژكار و بەڕێوەبەری گشتی و كۆنترۆڵكردنی چەندین كۆشك و باڵاخانە لە ناوچەی جادریەی بەغدادی پایتەخت.
ئەم دەسەڵاتە كەم و ئیمتیازە زۆرانە، وایكردووە ململانێی لایەنە كوردییەكان لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار تەنیا وەكو ململانێیەك لەسەر بەدەستهێنانی سەرچاوەیەكی ماددی تەماشا بكرێت، نەك وەكو دەستگەیشتن بۆ پۆستێكی باڵا لە عێراق بۆ بەرگریكردن لە مافەكانی كورد لە بەغداد.