چیا نەوشیروان مستەفا هەوڵی ئاشتەوایی دەدات
2018-09-18 14:48:52
(درەو میدیا):
چەند رۆژێكە چیا نەوشیروان مستەفا لە بەریتانیاوە گەڕاوەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان و هەوڵێكی دەستپێكردووە بۆ چارەسەكردنی كێشە و ناكۆكییەكانی نێو بزوتنەوەی گۆڕان و هێنانەوەی ئەو كەسانەی بەهەر هۆكارێك بێت لە بزوتنەوەكە دووركەوتوونەتەوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لە چەند رۆژی رابردوودا چیا نەوشیروان مستەفا لەگەڵ ژمارەیەك لە هەڵسوڕاوە ناڕازییەكان كۆبوەتەوە و داوای لێكردون بگەڕێنەوە بۆ كاركردن لەناو بزوتنەوەی گۆڕان و وەكو جاران بانگەشەی هەڵبژاردن بكەن بۆ سەرخستنی لیستی گۆڕان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە رۆژی 30 ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت.
دواین كۆبونەوەی چیا نەوشیروان مستەفا لەگەڵ پێنج كەس لەوانە بووە كە بەمدواییە پرۆژەیەكیان نوسی بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان.
(درەو میدیا) زانیویەتی، لەو كۆبونەوەیەدا چیا نەوشیروان مستەفا لەبارەی پرسی تاپۆكردنی (گردی زەرگەتە) مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی لەسەر ناوی خۆی و نمای برای، بە راشكاوی وتویەتی" بەهیچ شێوەیەك تاپۆی گردی زەرگەتە ناخەنە سەر ناوی بزوتنەوەی گۆڕان یان هیچ كەسێكی تر"، لەمەشدا بەهانەی ئەوەی هێناوەتەوە ئەگەر گردەكە بەناوی ئەوانەوە بێت پارێزراو تر دەبێت، بەڵام ئامادەیی خۆیان نیشانداوە گرەنتی و دڵنیایی تەواوەتی بدات كە گردەكە تەنیا لە خزمەتی بزوتنەوەی گۆڕاندا بەكاربهێنرێت نەك هیچ جۆرە پرۆژەیەكی تر.
لەبارەی كۆمپانیای (گاسن) بۆ بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ، چیا لەبەردەم ئەو هەڵسوڕاوانەی گۆڕاندا بە راشكاوی وتویەتی" ئەوە موڵكی تایبەتی ئێمەیە نەك بزوتنەوەی گۆڕان".
لەبارەی میدیای گۆڕانیشەوە كە یەكێكە لە بابەتە كێشەلەسەرەكان لەناو بزوتنەوەی گۆڕان و خۆی دەبینێتەوە لە (تەلەفزیۆنی KNN- رادیۆی گۆڕان- سایتی سبەی)، چیا نەوشیروان مستەفا وتویەتی: دەكرێت دوای هەڵبژاردن بە گفتوگۆ و راوێژ ئەو دەزگایانە بدرێنە دەست بزوتنەوەی گۆڕان و بزوتنەوەكە بەڕێوەیان ببات.
پێش ئەو كۆبوونەوەیەش چیا نەوشیروان مستەفا بەجیا لەگەڵ قادری حاجی عەلی و عوسمانی حاجی مەحمود كۆبووەتەوە و تا ئێستا دەرئەنجامی ئەو كۆبوونەوانە دیار نیە.