سەدر بەنازەوە هەڕەشەی ئۆپۆزسیۆن بوون دەكات
2018-09-13 20:22:35
راپۆرتی: درەو میدیا
موقتەدا سەدر لە نوێترین تویتدا هەڕەشەی پەناربردن بۆ بژاردەی ئۆپۆزسیۆن بوون دەكات، عەممار حەكیم و عامریش لەسەر كاندیكردنی عادل عەبدولمەهدی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران ڕێكدەكەون، عەبادیش خۆزگە دەخوازێت خۆی بۆ خولی دووەمی سەرۆك وەزیرانی عێراق كاندید نەكردایەتەوە، یەكێتی سەرقاڵی یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمارە، ئەوە لە كاتێكدایە، تائێستا بەشێك لە سەركردەكانی پارتی لە ڕاگەیاندنەكانی عێراقدا ئاماژەبەوەدەكەن كە پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی پارتییە و سازشی لێناكەن، هاوكات هەواڵی ئەوەش هەیە كە پارتی پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراقی یەكلاكردبێتەوە و یەكێك لە وەزارەتە سیادییەكانی عێراقیش كە پشكی كوردە دیارنیە تائیستا كێ وەریدەگرێت، كە ئەگەر زۆرە لە نێوان وەزارەتەكانی دارایی و دەرەوەدا یەكێكیان بێت، چونكە نەوت و ناوخۆ وەك موڵكی شیعەی لێهاتووە و وەزارەتی بەرگریش موڵكی سوننەكانە، كە هەر پێنج وەزارەت سیادییەكەی عێراقن، ئەوەی دیارنیە تائێستا یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆكی پەرلەمانە كە تائێستا 9 پەرلەمانتاری كوتلە جیاوازەكانی سوننە خۆیان بۆ ئەو پۆستە كاندیدكردووە.
ڕەنگە ئەمە دیارترین پێشهاتەكانی دیمەنی سیاسی عێراق بێت لەم چەند كاتژمێرەی رابردوودا، كە كەمتر لە 48 كاتژمێری ماوە بۆ دانیشتنی پەرلەمانی عێراق و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كە هەنگاوی یەكەمە و بەدوایدا سەرۆك كۆمار دیاریدەكرێت، سەرۆك كۆماریش كاندیدی گەورەترین كوتلە ڕادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت، بێگومان بۆ هەر یەكێكیش لەم هەنگاوانە، دەستوری عێراق وادەی زەمنی دیاریكراوە داناوە.
تیرۆر و سزادانی كورد فریای عەبادی نەكەوت
عەبادی كە خۆی بە ڕزگاكەری عێراق جارێك لەدەستی تیرۆر و، جارێكیش پاراستنی لە هەڕەشەی پارچەكردن دەزانی، پێیوابوو لەسەر سینیەكی زێڕین پۆستی سەرۆك وەزیرانی پێشكەشدەكرێتەوە، بەڵام پەرتبونی ناوماڵی پێكهاتەكەی و، پەرتبونی ناوماڵی حزبەكەی ئەم دەرفەتی لەدەستدا و بەجۆرێ بێهیوابوو كە دوای چەند ڕۆژێك لە پەیامەكەی مەرجەعییەت بڵێت، حەزم لەخۆ كاندیكردنەوە نەئەكرد و تموحی وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە نەبوو، بەڵام بەرمەبنای ڕێنمایی هەندێك بەوپێیەی سەركەوتنی ئەمنیی و ئابوریمان بەدەستهێناوە داوایانلێكردم خۆم كاندیدبكەمەوە، عەبادی ئەم قسانەی كە لە كۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هەفتانەیدا كرد، خۆزگەی ئەوەشی خواست كە خۆی بۆ ئەو پۆستەكاندید نەكردایەتەوە و نەكەوتایەتە ناو ئەو ململانێ سیاسییەوە بۆ ئەو پۆستە.
سەدر ناز و فشاری سیاسی دەكات
یەكێك لە پێشهاتە تازەكانی تری دیمەنی سیاسی عێراق تویتێكی موقتەدا سەدرە كە ئێوارەی ئەمڕۆ لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویكردوەتەوە و هەڕەشەی پەنابردن بۆ بژارەی ئۆپۆزسیۆن دەكات.
سەدر لەو تویتەیدا دەڵێت، لەگەڵ (گەورەكانی عێراق) گەیشتینە سازان بۆ كاندیدكردنی كۆمەڵێك كەسایەتی (تەكنۆكرات_بێلایەن) بۆ (سەرۆكایەتی وەزیران) بەبڕیارێكی عێراقی ڕووت، كە لەسەر ئەو بنەمایەش كاندیدی وەزارەتەكانی هەڵبژێرێن دور لە دابەشكارییە حزبی وتائیفی و ئیتنیەكان، بەڵكو لەسەر بنەمای پێوەرە دروست و پەسەندكراوەكان، بەپێی پسپۆڕی و شارەزایی و دەستپاكی، بەڵام هەندێك لە سیاسییەكان دەستبەجێ ڕەتیانكردەوە و بیرۆكەی بێلایەنیشیان ڕەتكردەوە، بگرە (تەكنۆكرات)یشان، ڕەتكردەوە، بۆئەوەی عێراق بگەڕێننەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم، بۆئەوەی گەندەڵەكان بە بەرگێكی نوێوە بگەڕێنەوە و حزبەكان و دەستە ئابورییەكانی سەربەخۆیان كۆنترۆڵی سامانی گەل و مافەكانی بكەن، ئەگەر بەردەوامبوون لەسەر ئەوە, ئۆپۆزسیۆن بوون هەڵدەبژێم و دەیكەمە پەیڕە و ڕەفتار.
لەبارەی ئەم تویتە تازەیەی سەدرەوە، سەرچاوەیەكی سیاسی باڵا لە عێراق بە"درەو میدیا"ی، ڕاگەیاند: ئەم قسانەی سەدر زیاتر نازی سیاسی و چڕكردنەوەی فشارە لەسەر هێزەكان بۆئەوەی بنەمای دانانی كەسایەتیەكی بێلایەن بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی قبوڵبكەن، وتیشی: سەدر لە هەموو كەس باشتر دەزانێت كە پێكهێنانی حكومەت بەبێ هاوپەیمانی سائیرون مەحاڵە، بۆیە دەیەوێت فشاری زیاتر لەلایەنەكان بكات بۆ ڕازیببن بە مەرجەكانی.
عەبدولمەهدی ناوی دێتەوە پێشەوە
هەر لەو چوارچێوەیەدا، پێگەی "غەد پرێس"، لەزاری سەرچاوەیەكی نزیك لە ڕەوتی حیكمەوە بڵاویكردوەتەوە، كە عەممار حەكیم و سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح هادی عامری، ڕێككەوتون لەسەر كاندیدكردنی عادل عەبدولمەهدی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران.
بە وتەی سەرچاوەكە، سەدریش ڕەزامەندی پیشانداوە لەسەر كاندیدكردنی ناوبراو، بەوپێیەی لەدوای جیابونەوەی ڕەوتی حیكمە لە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عادل عەبدولمەهدی زیاتر وەك كەسێكی بێلایەن دەركەوتووە، بەڵام تا ئەو كاتەی سەدر بەڕەسمی پشتیوانی دەكات ئەم پشتیوانیە لە چوارچێوەی قسە و پێشبینیدا دەمێنێتەوە.
یەكێتی و پارتی پۆستەكانی بەغداد دابەشدەكەن
بەگوێرەی سەرچاوەكانی هەواڵ، بەدرێژایی چەند كاتژمێری ڕابردوو ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە كۆبونەوەدا بووە بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار و بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگاداریش (محەمەد سابیر و فوئاد مەعسوم ) زۆرترین چانسیان هەیە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، ئەوە لە كاتێكدایە، تائێستا بەشێك لە سەركردەكانی پارتی لە لێدوانەكانیاندا بۆ میدیا عێراقییەكان تەئكید دەكەن كە ئەو پۆستە پشكی پارتیە، بە وتەی هەندێك سەرچاوەی ئاگادار ئەم لێدوانانە دەچێتەچوارچێوەی فشار و هۆشداری بۆ یەكێتی كە دەبێت كاندیدەكەی كاندیدی پارتیش بێت، واتە بە هەموو كاندیدێك ڕازینابێت، بەپێی زانییارییەكان پارتی (فوئاد مەعسوم و بەرهەم ساڵح)ی، بەلاوە پەسەندە، پشتیوانی مەلابەختیاریش دەكات، بەڵام پێناچێت حەزی بە كەسێك بێت لە خانەوادەی تاڵەبانی.
هەر بەپێی زانیارییەكانی "درەو میدیا" پارتی پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراقیشی یەكلاكردوەتەوە (بەشیر حەداد) كە لە پێشتر ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بووە، لەم خولەدا لەسەر لیستی پارتی سەركەوتووە بۆ پەرلەمانی عێراق و ئەو پۆستە وەردەگرێت.
سەبارەی بە پێویستی وەزارەتە سیادییەكانیش ( ناوخۆ و بەگریی و دەرەوە و نەوت و دارایی)ین، شیعە سێ وەزارەت و كورد و سوننەش یەكی وەزارەتێك دەبەن.
(ناوخۆ و نەوت) لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەدەستی شیعەكانەوە بووە، سوننەش وەزارەتی بەگری لابووە، كورد دوو خول وەزارەتی دەرەوە و خولێكیش وەزارەتی دارایی لابووە، بۆیە پێشبینیدەكرێت لە نێوان ئەم دوو وەزارەتەدا یەكێكیان وەربگرێتەوە كە ئەگەرە بەهێزەكە بۆ وەزارەتی داراییە و ئەگەریش زۆرە پارتی وەریبگرێتەوە.