Draw Media

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد: مەگەر من بمرم بەرهەم ساڵح ببێت بە سەرۆك كۆمار

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد: مەگەر من بمرم بەرهەم ساڵح ببێت بە سەرۆك كۆمار

2018-09-13 19:25:31


 (درەو میدیا):
پرسی كاندیدبوونی بەرهەم ساڵح بۆ سەرۆك كۆماری عێراق و گەڕانەوە یان یەكگرتنەوەی لەگەڵ یەكێتی، مشتومڕی لە ناو ئەنجومەنی سەركردایەتی دروستكرد و كاردانەوەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدیشی لێكەوتەوە.
هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد رازی نییە بەرهەم ساڵح كاندیدی یەكێتی بێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، ئەگەرچی بافڵ تاڵەبانی كوڕی عەڕابی كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح و هەوڵی گەڕاندنەوەیەتی بۆ ناو یەكێتی.

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد چی وت ؟
بە گوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نشتیمانی كوردستان، لە سەردانێكیدا بۆ كەناڵی (گەلی كوردستان)، لە وەڵامی پرسیارێكی كارمەندانی كەناڵەكەدا دەربارەی كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری، وتویەتی " مەگەر من بمرم، بەرهەم ساڵح ببێت بە سەرۆك كۆمار، ئەگەرنا رێگەنادەم".
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بەرپرسی رێكخستنەكانی دەرەوەی یەكێتی سەبارەت بەو قسەیەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە وتارێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك  نوسیویەتی:" دوێنێ ئێوارە لە كاتی سەر‌دانیكردنمان بۆ كەناڵی گەلی كوردستان، ستافی ئەو كەناڵە ئازیزە هەمان پرسیاریان لە ‌دادە كردو دادە وەڵامی دانەوە... هەق وابوو گەلی كوردستان وەڵامەكەی دادەی سەبارەت بەو پرسە وەك خۆی بڵاو بكردایەتەوە بۆ دڵنیایی كردنی جەماوەری یەكێتی لە نەگۆڕینی هەڵوێست و ئەو پەیامەی كە بە ڕونكردنەوەیەكی پلان بۆدارێژراو بووە هۆی نائومێدی هەموو دڵسۆزانی یەكێتی".
ئەوەی (درەو میدیا) ئاشكرایكرد لەبارەی ناوەڕۆكی قسەكەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە وتارەكەیدا باسی نەكردووە.

بەرهەم ساڵح ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی دابەشكردووە
ئەمڕۆش لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كە تایبەت بوو بە دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك كۆمار، باسی كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح و هەوڵەكانی گەڕاندنەوەی بۆناو یەكێتی كراوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بەشداربوانی كۆبونەوەكە چاوەڕوانی دواقسەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بوون لەسەر ئەو پرسە، بەڵام هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد نەیتوانیوە ئامادەی كۆبونەوەكە ببێت، بۆیە ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لیژنەیەكی بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ هاوپەیمانی و خودی بەرهەم ساڵح پێكهێناوە.
(درەو میدیا) زانیویەتی، لیژنەكە پێكهاتووە لە چەند ئەندامێكی سەركردایەتی و رەفعەت عەبدوڵا سەرۆكایەتی دەكات.

سەركردایەتی و دوو بەیاننامە
بەشێوەیەكی گشتی ئەنجومەنی سەركردایەتی لەبارەی كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح دابەشبووە بەسەر دوو بەرەدا، بەرەیەك پشتیوانی و بەرەكەی تر دژایەتی دەكەن.
ئەم ناكۆییە وایكرد لەماوەی چەند كاتژمێرێكی كەمدا، سەركردایەتی یەكێتی ناوەڕۆكی بەیاننامەی خۆیان گۆڕی.
لە بەیاننامەی یەكەمی سەركردایەتی یەكێتیدا لەو پەرەگرافەیدا كە باس لە هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری دەكات كە بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتی دەكات هاتووە:"بۆ بڕیاری هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌ ‌و دادپەروەری، لەگەڵ یەكێتی دەست بە گفتوگۆ بكەن بۆ یەكگرتنەوە، سەركردایەتی پێشوازی لەم دەستپێشخەرییە كرد و شاندێكی باڵای بۆ لێكتێگەیشتن ‌و سەرەنجام یەكگرتنەوە، پێكهێنا".
بەڵام لە بەیاننامەی دووەمدا گۆڕانكاری لە دەقەكەدا كراوە و بەمشێوەیە داڕێژراوە:" لە بڕوابوونمان بەچەسپاندنی ئارامی ‌و رێكخستنەوەی تواناكانمان، بڕیارماندا بە پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی ‌و دادپەروەری، بۆ رێككەوتن ‌و ئاڕاستەی یەكخستن".
بەپێی زانیاریەكانی " درەو میدیا " گۆڕینی بەیاننامەكەی یەكێتی بەهۆی ناڕەزایی زۆری هاوپەیمانی و خودی بەرهەم ساڵحەوە بووە چونكە ئەو دێڕە كە باس لەوە دەكات "هاوپەیمانی داوای یەكگرتنەوەی كردووە" بەتەواوی هاودیدانی هاوپەیمانی نیگەرانكردووە و داوایانكردووە بەیاننامەیەك دەربكرێت، بەڵام بەهۆی نیگەرانی و توڕەبوونی بەرهەم ساڵح یەكێتی خۆی بەیاننامەكەی گۆڕیوە.  
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand