Draw Media

لە 2018دا چەندین ملیۆن كەس توشی شێرپەنجە دەبن

لە 2018دا چەندین ملیۆن كەس توشی شێرپەنجە دەبن

2018-09-13 17:41:15


(درەو میدیا):
راپۆرتێكی نێودەوڵەتی پێشبیندەكات لە ئەمساڵدا 18.1 ملیۆن كەس لە جیهاندا توشی شێرپەنجە ببن و بەهۆیەوە 9.6 ملیۆن كەسیش بمرن.
راپۆرتەكە كە ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوەكانی تایبەت بە شێرپەنجەی سەر بە رێكخراوی تەندروستی جیهانی ئەو بەرزبوونەوەی لە ژمارەی توشبوان بە نەخۆشی شێرپەنجە بە بەراورج بە 14.1 ملیۆن توشبوو و مردنی 8.2 ملیۆن حاڵەتی مردن بەهۆی شێرپەنجەوە لە ساڵی 2012، بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێنێتەوە كە دیارترینیان بریتیە لە زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان و بەرزبوونەوەی تێكڕای پیریی.
راپۆرتەكە ئاماژەبۆئەوەدەكات كە لە هەر پێنج پیاوێك یەكێكیان و لە هەر شەش ژنێك یەكێكیان لە ژیانیاندا دووچاری ئەو نەخۆشییە دەبن و هەروەها لەگەڵ دەوڵەمەندبوونی ژمارەیەك وڵات، خەڵك تووشی شێرپەنجە دەبن زیاتر لە وڵاتێك كە شێوازی ژیانیان هەژارانەیە.
ئاژانسی نێودەوڵەتی توێژینەوەكانی شێرپەنجە بەشێوەیەكی دەوریی زانیاری دەربارەی پەرەسەندن و زیاتر بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە لە جیهاندا بڵاودەكاتەوە لە رێگەی توێژینەوە دەربارەی 36 جۆری شێرپەنجە لە 185 وڵاتدا.
توێژەران دەڵێن لە كاتێكدا رێگاكانی پێوانەكردن و كۆكردنەوەی داتا دەربارەی نەخۆشی شێرپەنجە گەشەی كردووە لە چەند ساڵی رابردوودا، بەڵام دەركەوتووە كە تێكڕای توشبوون بە نەخۆشییەكە و مردن بەهۆیەوە ساڵ لە دوای ساڵ زیاتربووە.


" نەهێشتنی جگەرەکێشان"
توێژەران دەڵێت شێرپەنجەی سییەكان هۆكاری سەرەكییە بۆ مردن بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە لە نێو ژنانی 28 وڵات و ئەو وڵاتانەشی كە زۆرترین زیانیان پێگەیشتووە بەهۆی شێرپەنجەوە بریتین لە ئەمریكا، هەنگاریا، دانمارك، چین و نیوزلەندا.
جۆرج پاتروۆرس لە پەیمانگای توێژینەوەكانی شێرپەنجە لە بەریتانیا دەڵێت:" ئێستا زیاتر لە هەموو كاتێك توتن تاكە هۆكارە، لە زیاتربوونی توشبونی ژنان بە شێرپەنجەی سییەكان لە جیهاندا".
دەشڵێت:" لە بەریتانیا دیاردەی جگەرەكێشانی ژنان لەمدواییەدا زۆر زیاتربووە، بە بەراورد بە پیاوان، لەبەرئەوە مایەی سەرسوڕمان نیە كە دەبینین تێكڕای توشبوون بە شێرپەنجەی سییەكان ئێستا زیاددەكات".
ئەو توێژەرە بەریتانییە دەشڵێت:" جگەرە كێشانی ژنان لە وڵاتانەی كە خاوەنی داهاتێكی نزم یان مامناوەندن زۆر بەرزبووەتەوە، بازاڕی بەهێزی توتن و جگەرەش كاریگەری لەسەر ئەوە هەیە".
هەر سەبارەت بە هەمان پرس دكتۆر فریدی پرای لە ئاژانسی نێودەوڵەتی توێژینەوەكانی شێرپەنجە دەڵێت:" ئەنجامەكان جەختدەكەنەوە لەسەر پێویستی بەردەوامبوون لەسەر جێبەجێكردنی سیاسەتە كاراكانی تایبەت بەنەهێشتنی جگەرە كێشان لە هەموو وڵاتانی جیهاندا".


"فرە چەشنیی نائاسایی"
بەگشتی راپۆرتەكە پێشبینی ئەوەی كردووە نیوەی حاڵەتەكانی توشبوون بە شێرپەنجە و زۆرینەی حاڵەتەكانی مردن بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە لە ئەمساڵدا لە ئاسیا دەبێت، ئەوەش بۆ بەرزبوونەوەی ژمارەی دانیشتوان لەو كیشوەرە و بڵاوبوونەوەی ئەو جۆرە لە شێرپەنجانەی كە زۆر كوشندەن لە و ناوچەیەدا، بۆ نمونەیە تێكڕای بەرزی توشبوون بە شێرپەنجەی جگەر لە چین.
جگە لەوەش ئامادەكارانی راپۆرتەكە دەڵێن " فرەچەشنییەكی نائاسایی" لە جۆرەكانی شێرپەنجە و شێوازەكانی نەحۆشییەكە لە جیهاندا دەبێت و بەو هۆیەوە توێژەران دەڵێن وڵاتانی جیهان پێویستیان بەوەیە چاوبخشێننەوە بە سیاسەتەكانیاندا دەربارەی چۆنیەتی خۆپاراستن و چارەسەركردنی شێرپەنجە.


سەرچاوە: بی بی سی 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand