شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بۆچونی خۆی و هێرۆخان دەربارەی كاندیدی سەرۆك كۆمار رادەگەیەنێت
2018-09-13 13:21:59
(درەو میدیا):
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، بەرپرسی رێكخستەكانی دەرەوەی یەكێتی لە وتارێكدا بەبێ ئەوەی ناوی بهێنێت هێرشدەكاتە سەر بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەریی و دەڵێت لەگەڵ ئەوەدا نییە كەسێكی " بەرژەوەندیخواز و سپڵە" هیچ پۆستێكی یەكێتی وەربگرێت.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە وتارێكیدا بەناونیشانی " پرسیار و وەڵام" دەڵێت هێرۆخان لەمیانی سەردانیدا بۆ كەناڵی گەلی كوردستان بۆچونی خۆی دەربارەی مەرجەكانی كاندیدی سەرۆك كۆمار راگەیاندووە، حەق وابوو گەلی كوردستان وەڵامەكەی سەبارەت بەو پرسە وەك خۆی بڵاوبكردایەتەوە بۆ دڵنیاكردنی جەماوەریی یەكێتی لە نەگۆڕینی هەڵوێست و ئەو پەیامەی كە بە روونكردنەوەیەكی پلان بۆ داڕێژراو بووە هۆی نائومێدی هەموو دڵسۆزانی یەكێتی.
لە بەشێكی تری وتارەكەیدا شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەربارەی بۆچونی خۆی بەرامبەر كاندیدی سەرۆك كۆمار دەڵێت:" لە وەڵامی ئەوانەشدا چ لەئاستی سەركردایەتی و چ لەئاستی جەماوەر و دڵسۆزانی یەكێتی كە پرسیاری بۆچوونی من ئەكەن بەڕاشكاوی ئەڵێم بە هەموو شێوەیەك پشتیوان و هاوڕای دڵسۆزان و خەمخۆرانی یەكێتیم و بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەوەنیم كە كەسێكی (بەرژەوەندیخواز و سپڵە) دەرحەق بە یەكێتی واتە حزبی شەهیدان و ڕێبازەكەی مام كاندیدی هیچ پۆستێك بێت لەلایەن یەكێتیەوە نە لە عیراق و نە لە هەرێمیشدا و بە تایبەتیش كەسێك كە هەوڵی پووچەڵكردنەوەی دەنگی كوردی لە قودسی كوردستان دابێت."
دەقی وتارەكەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
پرسیارو وەڵام…
زۆر بوون ئەوانەی لە كاتی دەستپێكی بانگەشەی هەلبژاردندا لە دەروازەی ڕاپەڕین پرسیاری ئەوەیان لێ ئەكردم كە ئایا دادە ڕای خۆی گۆڕیوە سەبارەت بە مەرجەكانی كاندیدی پۆستی سەروك كۆماری و ئایا بێدەنگی منیش لەو بارەیەوە لەبەر ئەوەیە كە چوومەتە ژێرباری ئەو پلانەی كە لە لایەن ناوەندی بڕیاڕەوە دارێژراوە؟؟؟
سەرەتا ئەمەوێت هەموو لایەك لەو راستیە ئاگادار بكەمەوە كە نە من و نە هیچ كەسێكیتر نوێنەری دادە نین و كەس مافی ئەوەی نیە كە بە ناوی دادەوە قسە بكات..!!
هەر بۆیەش پێویستە كە وەڵامی ئەو پرسیارە لە زاری خودی دادەوە ببیسترێت و وەك هەمووشتان ئەزانن دەرگای دادە ھەمیشە كراوە و لەسەر پشت بووە و ئێستاش كراوە و لەسەرپشتە بۆ هەموو ئەوانەی كە بیانەوێت رای بزانن..
دوێنێ ئێوارە لە كاتی سەردانی كردنمان بۆ كەناڵی گەلی كوردستان ستافی ئەو كەنالە ئازیزە هەمان پرسیاریان له دادە كردو دادە وەڵامی دانەوە….. هەق وابوو گەلی كوردستان وەڵامەكەی دادەی سەبارەت بەو پرسە وەك خۆی بڵاو بكردایەتەوە بۆ دڵنیایی كردنی جەماوەری یەكێتی لە نەگوڕینی هەڵوێست و ئەو پەیامەی كە بە ڕوونكردنەوەیەكی پلان بۆ دارێژراو بووە هۆی نائومێدی هەموو دڵسۆزانی یەكێتی …!!
لە وەڵامی ئەوانەشدا چ لەئاستی سەركردایەتی و چ لەئاستی جەماوەر و دڵسۆزانی یەكێتی كە پرسیاری بۆچوونی من ئەكەن بەڕاشكاوی ئەڵێم بە ھەموو شێوەیەك پشتیوان و ھاوڕای دڵسۆزان و خەمخۆرانی یەكێتیم و بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەوەنیم كە كەسێكی (بەرژەوەندیخواز و سپڵە) دەرحەق بەیەكێتی واتە حزبی شەهیدان و ڕێبازەكەی مام كاندیدی ھیچ پۆستێك بێت لەلایەن یەكێتیەوە نە لە عیراق و نە لە هەرێمیشدا و بە تایبەتیش كەسێك كە هەوڵی پووچەڵ كردنەوەی دەنگی كوردی لە قودسی كوردستان دابێت….
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
١٣-٩-٢٠١٨