Draw Media

هاوپەیمانی و یەكێتی.. یەكگرتن یاخود رێككەوتنی سیاسی

هاوپەیمانی و یەكێتی.. یەكگرتن یاخود رێككەوتنی سیاسی

2018-09-13 12:35:57


(درەو میدیا):
بەپێی بەڵگەنامەیەك كە دەست (درەو میدیا) كەوتووە، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كە بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتی دەكات دەستی بە وتوێژكردووە لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی بە مەبەستی یەكگرتنەوە یاخود ئیمزاكردنی رێككەوتنێكی سیاسی.
(درەو میدیا) دەقی نوسراوێكی نهێنی دەستەی دامەزرێنەران و ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری دەستكەوتووە، كە تێیدا دان بەوەدا دەنێت هاوپەیمانی لە وتوێژدایە لەگەڵ یەكێتیدا.
نوسراوەكە دوێنێ 12/9/2018 دەرچووە و ئاڕاستەی "هاودید"انی هاوپەیمانی كراوە و لەسەری نوسراوە "بۆ بڵاوكردنەوە نیە"، نوسراوەكە بە (6) خاڵ سیاسەتی ئێستا هاوپەیمانێتییەكەی بەرهەم ساڵح رون دەكاتەوە، (درەو میدیا) دەقی ئەو (6) خاڵە وەكو خۆی بڵاودەكاتەوە:
1-    هاوپەیمانی وەك پێشتر ڕایگەیاندووە بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ناكەین بەهۆی كەموكورتی و كەلێنی زۆری تۆماری دەنگدەران و ناهاوسەنگی لە پێكهاتەی كۆمسیۆن و كەموكورتی یاسای هەڵبژاردن و كەلێنی ڕێكارە یاساییەكانی هەڵبژاردن، كە لەلایەن كۆمسیۆنەوە دەركراوە، هەرچەندە هەموو ئامادەسازیەكانمان ئەنجامدابوو، بەڵام بەهۆی بەدەمەوەنەهاتنی كۆمسیۆن بۆ پێشنیارو تانە و ڕاپۆرتەكانی هاوپەیمانی، گەیشتینە بڕیاری بەشداری نەكردنی پەرلەمانی كوردستان بۆ ساڵی ٢٠١٨.
2-    ئەم هەڵوێستەی هاوپەیمانی بریتی نیە لە بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسی كوردستان، بەڵكو بەشداری نەكردنە لە هەڵبژاردنی ٣٠/٩/٢٠١٨، چونكە هەڵبژاردن بەیەكێك لە میكانیزمەكانی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات دەزانین.
3-    سەبارەت بە ئەركی هاودیدان لە كاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن و ڕۆژی دەنگدان، لە نزیكترین كاتدا ڕێنمایی نوێتان پێ ڕادەگەیەنین لە چوارچێوەی ئەو ڕێنماییانەدا هەڵسوكەوت و جموجۆڵی سیاسی خۆمان دیاریدەكەین
4-    لیژنەی تەشكیلات كۆی دەڤەر و دامەزراوەكانی پێكهێناوە و بەردەوامن لە پێكهێنانی تەواوی ئۆرگانەكانی هاوپەیمانی وەبەردەوام دەبین لە كاری خۆڕێكخستنەوەمان، بۆیە داوا لە هاودیدە بەڕێزەكانیشمان دەكەین بەردەوام بن لە پشتگیری نواندن و بەهێزكردنی ئۆرگانەكان و خەباتی جەماوەری.
5-    هاوپەیمانی وەك دیدگایەكی جێگیر باوەڕمان بە دیالۆگی نیشتمانی هەمەلایەنە هەیە و بەردەوامین لەسەر ئەم پرانسیپە لە گفتوگۆ كردن لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان لە پێناو یەكخستنی هێزە كوردیەكان، و لەم بارەیەوە كۆمەڵێ ووتوێژ لەگەڵ یەكیتی نیشتمانی كوردستان لە ئارادایە بە ئاڕاستەی رێكەوتنیكی سیاسی نیوان هاوپەیمانی و یەكیتی. 
6-    هیواخوازین پرۆسەی هەڵبژاردن بەشێوەیەكی سەركەوتوانە ئەنجام بدرێت و هەڵمەتی هەڵبژاردن نەبێتە هۆی دروستكردنی گرژی و كەلێنی زیاتر لە نێو ڕێزەكانی گەلی كوردستاندا.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand