ئەمریكا داوای دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكات
2018-09-13 10:59:11
(درەو میدیا):
ئەمڕۆ پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەر ئاستێكی باڵا كۆدەبنەوە، (درەو میدیا) زانیویەتی، یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە گفتوگۆكردنە لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، تەوەرێكی تری كۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەكێتی قسەكردن دەبێت لەبارەی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار، كە تائێستا یەكلانەكراوەتەوە. و یەكێتی سێ كاندیدی بۆ ئەو پۆستە هەیە و پارتیش بە مافی خۆی دەزانێت.
ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە كە یەكێتی سێ كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار هەیە كە بریتین لە فوئاد مەعسوم، سەرۆك كۆماری ئێستا و مەلابەختیار، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و محەمەد سابیر ئەندامی ئەنجومەنی ناوەند و ئاوەڵزاوای جەلال تاڵەبانی.
سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، ئەمریكا و نەتەوە یەكگرتووەكان فشارەكانی لەسەر لایەنەكانی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی پارتی و یەكێتی توندكردوەتەوە و داوادەكات هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە (30) ئەم مانگە بەڕێوەبچێت، دوابخرێت بۆ كاتێكی تر.
ئەو سەرچاوەیە كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە، وتی: ئەمریكییەكان دەڵێن لایەنەكانی هەرێمی كوردستان بەر لەوەی هەڵبژاردن بكەن، دەبێت بچن بۆ بەغداد و كێشەی پێكهێنانی حكومەتی عێراق چارەسەربكەن.
رۆژی سێشەممە، برێت مەكگۆرك نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە "داعش" لە هەرێمی كوردستان بوو، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت كۆبوەوە، راگەیەندراوی سەرۆكی حكومەت ئاشكرایكرد، لە كۆبونەوەكەدا باسی "هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كراوە و مەكگۆرك پشتیوانی خۆی بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەكە لەكاتی خۆیدا نیشانداوە".
فشارەكان بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە كاتێكدایە كە ماوەی (3) رۆژە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەستیپێكردووە.
هاوشێوەی ساڵی 2010، پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق دووچاری كێشە بووە، لایەنە شیعەكان دابەشبوون بەسەر دوو بەرەی دژبەیەكدا، ئەمریكییەكان دەیانەوێت جارێكی تر كورد رۆڵی رێكخستنەوەی دۆخی سیاسی عێراق بگێڕێت.
دواخستنی هەڵبژاردن تەنیا خواستی ئەمریكییەكان نییە، پێشتریش باس لەوەكرا ئێرانییەكانیش خوازیاری دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانن و هەوڵیانداوە لەڕێگەی یەكێتی نیشتمانییەوە ئەو پەیامە بە هەموو لایەنە سیاسییەكانی هەرێم بگەیەنن.
جگە لە لایەنە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان، لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمیش خواستێك بۆ دواخستنی هەڵبژاردن هەیە، بزوتنەوەی گۆڕان یەكێكە لەو لایەنانەی بە ئاشكرا خواستنی خۆی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن راگەیاند بەپاساوی "نەگونجانی كەشوهەوای هەڵبژاردن"، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كە بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتی دەكات لەگەڵ حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان پرۆسەی هەڵبژاردنیان بایكۆت كردووە، باڵێكی یەكێتی نیشتمانیش پشتیوانی دواخستنی هەڵبژاردن دەكات.
دۆخی سیاسی ئێستا هەرێمی كوردستان تاڕادەیەكی زۆر هاوشێوەی رۆژانی بەر لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستانە كە 25ی ئەیلولی 2017 بەڕێوەچوو، كە دواین ساتەكانی بەر لە بەڕێوەچوونی پرۆسەكە فشاری نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی هەبوو بۆ دواخستنی.
هاوشێوەی پرۆسەی ریفراندۆم، بڕیاری كۆتایی لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ لای مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەلەبەرچاوگرتنی قسەكانی ئەمدواییەی پێناچێت بارزانی رێگە بە دواخستنی هەڵبژاردن بدات، هەروەك چۆن ریفراندۆمی دوانەخست.