چۆن هەڵمەتێكی سەركەوتووی هەڵبژاردن بەڕێوەدەبەیت؟
2018-09-12 17:50:10
راپۆرتی: درەو میدیا
پرۆسەی هەڵبژاردن تەنها پرۆسەیەكی سیاسی نیە، بەڵكو پرۆسەیەكی كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و دەرونیە لەبەرزترین ئاستدا، ئەوەی پێشیوابێت بە بەشداریكردنی لە هەڵبژاردن وەك كاندید یاخود دەنگدەر تەنها هاوكاری گۆڕینی كۆمەڵگا دەكات، لە وەهمدا دەژی، لەبەرئەوەی گۆڕان لە خۆشیدا ئەنجامدەدات.
كاتێك باس لە پرۆسەی هەڵبژاردن دەكەین، بە دیاریكراوی قسە لەسەر كەسی كاندید و ئەو ستراتیژ و خەرجییە دەكەین، كە پیادەی دەكات بۆ ئەو پرۆسەیە.
لەم دێڕانەی خوارەوەدا، هەوڵدەدەین ڕۆشنایی بخەینە سەر سێ بنەما و پایەی پرۆسەی هەڵبژاردن لە دیدی كاندیدەوە نەك دەنگدەر، كە ئەوانیش (كاندید و ستراتیژ و دارایی)یە، مەبەستمان قسەكردنە لەسەر كاندیدێك كە بۆئەوە چوەتە هەڵبژاردنەوە سەركەوتوبێ و كورسیەك لە پەرلەمان بەدەستبهێنێت، لێرەدا پرسیارێك دێتەگۆڕێ، ئایا كاندید هەیە نەیەوێت بیباتەوە؟ وەڵامەكەی ئەوەیە، بەدڵنیاییەوە بەڵێ، چونكە جۆرەها شێوازی بەشداری هەیە، هەیە بەشداری دەكات بۆئەوەی بیباتەوە، هەشە بەشداری دەكات بۆ بەدەستهێنانی ناوبانگ، كاندیدیش هەیە بەشداری دەكات بۆئەوەی دەنگەكان پەرت وبڵاوبكات و دەرفەتی دەرچون لە دەست كاندیدێكی تر بدات، هەشە بەشداری دەكات بۆ ڕاهێنان لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن، تا بتوانێت لە هەڵبژاردنی ئایندەدا سەركەوتن بەدەستبهێنێت. ئێمە لێرەدا قسە لەسەر گروپی یەكەم دەكەین ئەو كاندیدەی بۆ بردنەوە بەشداریكردووە.
یەكەم: كاندید
هەر كەسێك خۆی كاندید دەكات بۆ هەڵبژاردن پێویستە ئەم مەرج و خەسڵەتانەی تیادابێت:
-كەسێكی ناسراوبێت لەو بازنەیەی خۆی تیادا هەڵدەبژێرێت، ناكرێت دەنگدەر كاندیدێك هەڵبژێرێت هیچ لەبارەیەوە نەزانێت.
-پێویستە پشتیوانی كەسە نزیكەكان و كەسوكار و هاوڕێیانی بەدەستهێنابێت و زامنی هەماهەنگیی و پشتیوانیان بكات، چونكە ئەوانە یەكەمین كەس دەبن كە پشتیان پێدەبەستێت لە هەڵمەتەكەیدا، ئەگەر ئەوانە پشتیوانی نەكەن كێ پشتیوانی دەكات؟.
-تەندروستییەكی باشی هەبێت و بتوانێت خەڵك بەسەربكاتەوە و لە ناوچەكانی بازنەكەیدا دەربكەوێت و ڕیكلام بۆ خۆی بكات و لەگەڵ دەنگدەران لە پەیوەندیدابێت.
-ڕوخساری پەسەندكراو و ڕووخۆشبێت.
-كەسێكی بەهەیبەت بێت و سیمای ڕێزی پێوەدیاربێت.
-كەسایەتییەكی بەهێز و متمانە بەخۆ بێت، چونكە ڕووبەڕووی كەسانێك دەبێتەوە كە ڕەنگە تێبینیان هەبێت لەسەری و، پرسیاری ئیحراجكەری لێبكەن.
-پێویستە هەڵنەچێت و كۆنترۆڵی خۆی و كاردانەوەكانی بكات.
-تائەوپەڕی سنور سادەبێت، تا بتوانێت لەگەڵ تەواوی چین وتوێژەكانی دەنگدەران لە پەیوەندیدابێت.
-ئاگادارێكی وردی ژیان و گوزەرانی دەنگدەرانی بازنەكەی بێت و بەباشی بزانێت ئەوداواكارییانەی هەیانە لەو كەسەی هەڵیدەبژێرن.
-ئاگاداری دەستور و یاساكانی دەوڵەت و سیاسەتی گشتی و دۆخی ئابوری وڵات بێت.
-ئاگاداری سیاسەتی دەرەوە بێت، لەسەر ئاستی دەولی و ئیقلیمی و زانیاری هەبێت و زانیاری ئەوەی هەبێت چی لە جیهاندا ڕوودەدات.
-قسەكەرێكی باشبێت، بە باشی گوێبگرێت لەوانی تر و بزانێت لە چ كاتێكدا پێویستە قسەبكات و وا لە بەرانبەرەكانی بكات گوێی لێبگرن.
-ڕۆنەچێتە ناو عەیب و عاری ئەوانی تر و تەركیزی لەسەر خستەڕووی تواناكای خۆی و ڕكابەریكردنی بەرامبەر بێت.
-خاڵە بەهێز و لاوازەكانی و دەرفەتەكانی بەردەمی بە وردی دەستنیشان بكات، پێش ئەوەی بچێتە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە.
-زانیارییەكی تەواوی هەبێت لەسەر ڕكابەرەكانی، كێن؟ ئاڕاستەی سیاسییان چیە؟ ئەوخاڵانە چین جیاوازییان هەیە لەسەری؟ چی پێشكەشی دەنگدەران دەكەن؟ خاڵە لاوازەكانیان چین؟.
دووەم: ستراتیژ
مەبەست لە دەستەواژەی ستراتیژ، ئەو شێوازەیە كە پرۆسەی هەڵبژاردن هەڵدەسوڕێنێت و ئەو خاڵ و هەنگاوانەیە كە پێویستە كاندید پیادەی بكات، لەو خاڵانەش:
-دانانی پرۆگرامێكی ڕوون بۆ كاندید، كە سەرجەم هەنگاو و ڕێوشوێنەكان لەخۆبگرێت، كە كاندید پیادەی بكات بە مەبەستی سەرخستنی هەڵمەتەكەی.
-دوور كەوتنەوە لە بەڵێنی زیادەڕۆ و درۆكردن.
-ڕكابەرەكان چەند بەڵێنی گەورە بدەن، نابێت كاندید دوای ئەو موزایەدانە بكەوێت و پێویستە بەڵێنی ئەوە بدات كە بەفیعلی دەتوانێت بیكات.
-پێویستە دروشمێكی هەبێت بۆ هەڵمەتەكەی، ئەو دروشمەش تایبەت و كورت بێت، بەجۆرێك دەنگدەر بتوانێت دەرخی بكات و بیریبكەوێتەوە، دروشمێكی سەرنجڕاكیش و لە هەمانكاتدا واقیعی بێت نەك خەیاڵی.
-بۆئەوەی خاڵەكانی سەرەوە بەدیبێت، پێویستە لەسەر كاندید ئیدارەیەك بۆ هەڵمەتەكەی پێكبهێنێت لە (ئیدارەی پەیوەندییە گشتییەكان، ئیدارەی سكرتاریەت، ئیدارەی ماڵیی، ئیدارەی ڕاگەیاندن، ئیدارەی یاسایی).
* ئیدارەی پەیوەندییە گشتیەكان:
پێویستە ئەم ئیدارەیە بەڕێوبەرێكی هەبێت بەرپرسی ڕاستەوخۆ بێت لەبەردەم كاندید ، بەڕێوبەرە گروپی كاركردن دیاریدەكات لەوانەی متمانەی بەخۆیان و شارەزاییان هەیە لەو بوارەدا و ئەمانیش كاریان ئەمانە دەبێت:
أ: پێدانی تەواوی ئەو زانیارییانەی كاندید پێویستی پێیەتی، چی لەسەر ئاستی بازنەی هەڵبژاردنەكەی و هەم زانیاری لەبارەی ژمارەی كاندیدانی ڕكابەر و بەتەواوی زانیارییەكانەوە.
ب: سەقامگیری لەسەر دروشمێك كە كاندید بەرزیدەكاتەوە.
ت: ڕێكخستنی كارنامەی سەردانەكانی، چی سەردانی مەیدانی بۆ شەقام و بازاڕ، یان سەردانی ئەو خێزانانەی ناوبانگیان هەیە لە بازنەكەیدا، بایەخی ئەم سەردانانە ئامادەیی كاندیدە لە سەرجەم ناوچەكانی بازنەكەی.
س: پێدانی زانیاری تەواو سەبارەت بە سەرجەم ئەو بۆنانەی كە پێویستە كاندید تیایدا ئامادەبێت، بەرپرسە و ئاهەنگیشەوە.
ج: دیاریكردنی وێنەیەكی دیاریكراو بۆ كاندید، پێویستە وێنەكە بەجۆرێك بێت كە دڵخوازی خەڵكبێت و گوزراشت لە كەسایەتی كاندید بكات.
ح:ئەم لیژنەیە پلانێك دابڕێژێت بۆ كۆڕ و قسەكانی كاندید كە بۆ دەنگدەران و خەڵكی بازنەكەی دەكات و ئەو گردبونەوانەشی كە وەك میوان تیایدا ئامادەبێت.
*ئیدارەی سكرتارییەت:
ئەم ئیدارەیە بەرپرس دەبێت لە ئەنجامدانی پەیوەندی لە نێوان ئەندامانی هەڵمەتەكە و كاندید و بەڕێوبەڕی هەڵمەتەكە، بەرپرس دەبێت لە پاراستنی تۆماری تایبەت بە ئەرشیڤی كۆبوونەوەكانی ئامادەكاریی و دوای دەستپێكردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنیش.
*ئیدارەی ڕاگەیاندن:
ئەم ئیدارەیە هەڵدەسێت بە پیكهێنانی گروپی جۆراوجۆر بۆ بڵاوبوونەوە بە سەرجەم ناوچەكانی بازنەی هەڵبژاردن و بانگەشەكردن بۆ كاندیدەكە، ئەركی ئەم ئیدارەیە ئەنجامدانی ڕیكلامی پێویست بۆ كاندید لە ڕۆژنامە و گۆڤار و چاپكراوەكان و هەموو ئەو نوسراوانەی بەسەر خەڵكی بازنەكەدا بڵاودەكرێتەوە، هەروەها ئامادەكردنی وێنە و ڕێكلامی شیاو بۆ كاندید بۆئەوەی بەردەوام ئامادەبێت لە كۆڕ و كۆبوونەكان، یان هەر گردبوونەوەیەك كە كاندید ئامادەی بێت، لەڕووی ئەلیكترۆنیشەوە، پێویستە لیژنەیەكی تایبەت پێكبهێنرێت كە بایەخ بدات بە تۆڕی ئینتەرنێت و بەردەوام لەم تۆڕەوە لەگەڵ جەماوەر و خەڵكی بازنەكەدا بێت بۆ ناساندنی كاندیدەكە.
سێیەم: دارایی
بێگومان بەشداریكردن لە پرۆسەی هەڵبژاردن وەك هەر پرۆژەیەكی تر كە كەسێك بیەوێت ئەنجامی بدات خەرجییەكی زۆری دەبێت، ئێمە قسە لەسەر هەڵمەتێك دەكەین كە لەسەر سێ پەل و پایە وەستاوە، هەریەكەیان پشت بەوی تریان دەبەستێت، دانانی پلانێكی ستراتیژی باش و دەستەبەركردنی دارایی پێویست لەگەڵ بوونی كاندیدێكی لاوازدا، بێگومان هەڵمەتی هەڵبژاردنەكە چارەنوسی شكست دەبێت، ئەگەر كاندیدەكەش بەتوانابێت و پلانی كاركردنی هەڵمەتەكەشی زۆر بەباشی دانرابێت ،بەڵام دارایی پێویستی نەبێت بێگومان هەڵمەتەكەی شكستدەهێنێت.
پێویستە ئیدارەیەكی تایبەت هەبێت بۆ مەسەلەی خەرجی هەڵبژاردنی كاندید كە تایبەتمەندییەكی بەمشێوەیەیە:
-دانانی بودجەیەكی خەمڵێنراو بۆ هەڵمەتەكە پێش دەستپێكردنی.
-دیاریكردنی ڕووەكانی خەرجی .
-دابینكردنی ئەو پێداویستییانەی ئیدارەكانی تر داوایدەكەن.
-دانانی ڕێنمایی بۆ خەرجی بە جۆرێك كە كێشە بۆ كارەكان دروستنەكات و نەبێتە بەربەست لەبەردەم سەرخستنی هەڵمەتەكە.
-دانانی تۆمارێكی تایبەت بە سەرجەم خەرجییەكان.
-بەرپرس و تایبەتمەندە لەو بەخشینانەشی كە ڕەنگە لەلایەن هەندێك كەسەوە پێشكەشبكرێت بۆ پشتیوانی لە كاندیدەكە.
https://www.maghress.com/mohammediapress/26164