Draw Media

سەدر و عامریی لە رێككەوتنی كۆتایی نزیكبونەتەوە

سەدر و عامریی لە رێككەوتنی كۆتایی نزیكبونەتەوە

2018-09-12 13:48:03


راپۆرتی: درەو میدیا
هاتنە سەرخەستی مەرجەعییەتی باڵای نەجەف، ماڵی شیعەی لەكەرتبوون و بەریەككەوتنێكی حەتمیی و، پرۆسەی سیاسیشی عێراقیشی لە تونلێكی تاریك قوتاركرد، ئێستا لەجێی شەڕی پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی بۆ یەكلاكردنەوەی حكومەت، مەرجەكانی مەرجەعییەت "نەخشە ڕێگای قۆناغی ئایندەیە" وەك عەممار حەكیم سەرۆكی ڕەوتی حیكمە دەڵێت.
بڕیارە 72 كاتژمێری تر پەرلەمانی عێراق كۆببێتەوە و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان (سەرۆك و دوو جێگرەكەی)هەڵبژێرێت، ئەوەش دوای ڕێككەوتنی لایەنە سیاسەكان لە چوارچێوەی پاكێجێكی سیاسیدا بۆ دابەشكردنی سەرۆكایەتیەكان(سەرۆكایەتی كۆمار و پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران) و كابینەی نوێی حكومەت.
سەرچاوەیەكی سیاسی باڵا لە عێراق بە"درەو میدیا"ی ڕاگەیاند: ئەگەر تا ڕۆژی شەممە لایەنەكان نەگەنە ڕێككەوتن لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان، زۆرینەی كوتلە سیاسییەكان بایكۆتی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەكەن، وتیشی: هاتنە سەرخەتی مەرجەعییەتی شیعە ڕێسای یارییەكەی سەرلەبەری گۆڕی و، ئەو شەڕە بەهێزەی پێشتر لەسەر پۆستی سەرۆك وەزیران هەبوو خاوبوەتەوە، چونكە تەواوی ئەو كەسانەی ڕكابەرایەتی یەكتریان دەكرد بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە، لە گۆڕەپانەكە دوورخراونەتەوە.   
بەگوێرەی هەندێك سەرچاوەی عێراقی ئاگادار، ئەمڕۆ موقتەدا سەدر سەرۆكی هاوپەیمانی سائیرون، لە نەجەف لەگەڵ هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح كۆبوەتەوە و تەئكیدیان  لە پێویستی پابەندبون بەوادە دەستورییەكان و ڕێنماییەكانی مەرجەعیەت و ڕێكیشكەوتون لەسەر پەلەكردن لە پێكهێنانی حكومەت و یەكلاكردنەوەی پۆستی هەر سێ‌ سەرۆكایەیتەكە.
هەر بەگوێرەی زانیارییەكان لە كۆبوونەوەكەدا، سەدر و عامری  ڕێككەوتون لەسەر پێشكەشەكردنی كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران بەو مەرجانەی كە مەرجەعیەت دەستنیشانیكردووە.
پێشتر سەرچاوەیەكی نزیك لە عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی باڵای شیعەكان لە عێراق ئاشكرایكرد، مەرجەعییەت لە پەیوەندییە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆكانی بە لایەنە جیاوازەكانی عێراق، تەئكیدی كردووە، پشتیوانی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو ناكات ئەگەر لەو سیاسییانە بێت كە لەساڵانی ڕابردودا لە دەسەڵات بوون بەبێ جیاوازی، چونكە خەڵك هیچ هیوایەكی بەوانە نەماوە كە بتوانن ژیانیان باش بكەن و شەڕی گەندەڵی بكەن.
ڕۆژنامەی حەیاتی لەندەنی بڵاویكردوەتەوە، هێزە شیعیەكان بەدوای كاندیدێكی نوێدا دەگەڕێن بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران و پەیامیشیان ناردووە بۆ هێزە سونییەكان كە پەلەبكەن لە یەكلاكردنەوەی كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، ئەوە لەكاتێكدایە تائێستا 9 پەرلەمانتار لە هێز و لایەنە جیاوازەكانی سوننە خۆیان بۆ ئەو پۆستە كاندیدكردووە، پۆستی سەرۆك كۆماریش  تائێستا لە نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستاندا یەكلانەكراوەتەوە. 
بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ڕێككەوتنی سەدر و عامری لەكاتێكدایە، ڕائد فەهمی سەركردە لە هاوپەیمانی سائیرون ڕایگەیاندووە، سەرجەم ئەو گفتوگۆیانەی لەنێوان (سائیرون و فەتح) نەگەیشتوەتە ئاستی ڕێككەوتنێكی واژۆكراو.
ئەو بەرپرسەی سائیرون لە لێدوانێكدا بەسۆمەرییە نیوزی وتوە، پێویستە هاوپەیمانی نەسر لەو گفتوگۆیانە بەدەرنەكرێت بەوپێیەی بەشێكی گرنگە لە هاوپەیمانی (چاكسازی و بنیاتنان)، تەئكیدیشیكردووە، سەرجەم ئەگەرەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو كراوەیە و ڕەنگە لەڕێی لێكگەیشتنی دەرەوەی هەردوو كوتلە گەورەكە، یەكلابكرێتەوە.   


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand