بەسرە لە بەغداد یاخی بووە
2018-09-12 12:29:16
راپۆرت: درەو میدیا
بەرپرسە خۆجێییەكان و سەرۆك خێڵەكانی بەسرە دەڵێن، هێزە ئەمنییەكانی عێراق لەدوێنێ شەوەوە تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هەڵمەتێكی ڕەشبگیری فراوانیان لە شارەكەیان ئەنجامداوەو، زیاتر لە 30 چالاكی خۆپیشاندانەكان دەستگیركراون.
ئەمە لە كاتێكدایە ئامادەكارییەكانی دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندان لەبەسرە بەچڕی بەڕێوەدەچێت.
ڕۆژنامەی (ئەلعەرەبی ئەلجەدید) ئاشكرایكرد، هێزەكانی سوات و یەكەكانی هەواڵگری ناوخۆی بەسرە، لە چەندین شوێنی ئەو شارە كە دیارترینیان (زوبێر و ئەبوخەسیب و مەعقەل و شەتلوعەرەب)ە، هەڵمەتی دەستگیركردنیان ئەنجامداوە، بەڵام وەك چالاكانی خۆپیشاندانەكانی ئەو شارە تەئكیدیان كردووە، بەمزوانە خۆپیشاندان دەستپێدەكاتەوە، لەپێناو چڕكردنەوەی فشارەكان لەسەر حكومەت و جێبەجێكردنی بەڵێنەكان.
لە شەوی هەینی ڕابردووەوە، پارێزگاری بەسرە هێوربوونەوەیەكی ڕێژەیی بەخۆوە بینیوە، ئەوەش دوای شەپۆلێك لە توندوتیژی كە چەند ڕۆژ و شەوی پێشتر شارەكەی گرتەوەو، وێڕایی سوتاندن و وێرانكردنی چەندین دامەزراوەی حكومیی و بارەگای حزبەكان و ماڵی هەندێ بەرپرس و ئۆتۆمبیلی حكومی و مەدەنی و كوژرانی ژمارەیەك هاوڵاتی و برینداربوونی دەیانی تر، كۆنسوڵخانەی ئێرانیش لەو شارە سوتنێرا، ئەوەش وایكرد حكومەتی عێراق هێزی زیاتر ڕەوانەی بەسرە بكات و قەدەغەكردنی هاتوچۆی گشتی تاكاتێكی نادیار ڕابگەیەنێت.
بەپێی دواین ئاماری دەزگا فەرمییەكانی حكومەتی عێراق، لەدوای تەقینەوەی ناڕەزاییەكان و دەستپێكردنی خۆپیشاندان لە بەسرە كە نزیكەی سێ مانگێك دەبێت، 28 كەس كوژراون و زیاتر لە 700 كەسیش برینداربوون.
چالاكە دیارەكان كراونەتە ئامانج
سەرچاوەكە لە زاری بەرپرسێكی باڵای پۆلیسی ئەو شارەوە بڵاویكردوەتەوە، لیستێك بەناوی ئەو داواكراوانە دەرچووە، كە گوماندەكرێت لە كاتی خۆپیشاندانەكاندا كردەوەی توندوتیژیان ئەنجامدابێت، هێزە تایبەتەكانیش ئەركی دەستگیركردنیان ڕادەپەڕێنن.
بەگوێرەی قسەی هەمان سەرچاوە، حەیدەر عەبادی هۆشداریداوە لە هەر دەستگیركردنێك و دەستوەردانی گروپە چەكدارەكان لە پرۆسەی سەپاندنی ئاسایش لە شارەكە، تەئكیدیشی كردووە، دۆسیەی پاراستنی ئاسایش لە شارەكە تەنها لە دەستی هێزە نیزامییەكاندایە.
"عەلی جومعە سلێتی" كە یەكێكە لە كەسایەتییەكانی شاری بەسرە دەڵێ" دەستگیركردنەكە بەشێوەیەكی هەڕەمەكی ئەنجامدەدرێت و لەسەر بنەمای گومان خەڵك دەستگیردەكەن.. هەڵمەتەكە ڕەمزە دیارەكانی خۆپیشاندانی لەسەرجەم ناوچەكان گرتوەتەوە، نەك ئەوانەی دەستیان هەبووە لەكاری سوتاندندا.. ئەم پرۆسەی دەستگیركردنە دۆخی بەسرە سەرلەنوێ دەوروژێنێتەوە".
داوای دەستگیركردنی بكوژی خۆپیشاندەران دەكرێت
چالاكێكی مەدەنی لە بەسرە باسلەوەدەكات، چالاك و خۆپیشاندەرانی یەكێك لە گەڕەكانی قەزای "قورنە" لەباشوری شارەكە، بەڵێنی پێدانی ئاوی خواردنەوەیان پێدراوەو تادرەگانێكی شەوی ڕابردوو چاوەڕێیانكردووە، بەڵام هیچ بڕە ئاوێك نەگەیشتوەتە ماڵەكانیان.
ئەو چالاكە مەدەنییە ڕاشیگەیاندووە، داواكارییەكان تائێستا وەك خۆیەتی و داوای ئاوی خواردنەوەو باشكردنی دۆخی خزمەتگوزرای و ژیارییان دەكەن، لەگەڵ لێپرسینەوە لەوانەی كە دەستیان هەبووە لە كوشتنی خۆپیشاندەراندا، تەئكیدیشیكردووە، خۆپیشاندان سەرلەنوێ دەستپێدەكاتەوە تا جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان كە وەك خۆی وتویەتی، تائێستا جگە لە بەڵێن و قسە، هیچیان بۆ نەكراوە.
بەرپرسێكی خۆجێی لە قەزای قوڕنە بە ڕۆژنامەكەی وتووە، داواكاریی ئێستای گەنجە چالاكەكانی بەسرە كە لە دەرەوەی عێراق نیشتەجێن، بەئاڕاستەی بەنێودەوڵەتیكردنی كێشەی بەسرە و كاركردنە بۆ گەیاندنی بە ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ لە جیهان، لەپێناو ئابڕوبردنی ئەو حكومەتە سەركوتكارەی، بەدرێژایی 15 ساڵی ڕابردوو نەیتوانیوە ئاوی خواردنەوە بۆ گەلەكەی دابینبكات.
ئەم پێشهاتە تازانەی بەسرە لە كاتێكدایە، نوسینگەی كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لەو شارە ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، 60 هەزار حاڵەتی ژەهراویبوون بەهۆی پیسبوونی ئاوی خواردنەوەی شاری بەسرەوە تۆماركراوە، ئەوەشی بە كارەساتێكی ژینەگەیی زۆر مەترسیدار لەسەر ژیانی هاوڵاتیانی ئەو شارە وەسفكردووە.