Draw Media

لێهاتوویی كاندید لە بەڕێوەبردنی هەڵمەتی هەڵبژاردندا

لێهاتوویی كاندید لە بەڕێوەبردنی هەڵمەتی هەڵبژاردندا

2018-09-11 14:05:03


ئامادەكردنی: فازل حەمەڕەفعەت
كاندیدی هەڵبژاردنەكان چۆن هەڵمەتی هەڵبژاردن بەڕێوەدەبات و دەتوانێت متمانەی دەنگدەران بەدەستبهێنێت ؟ ئەمە پرۆسەیەكی سەخت و ماندوكەرە، پێویستی بە هونەر و لێهاتوویی هەیە، چونكە وەكو چەكێكی دوو سەرەیە، هەر هەڵەیەك بەشێوەی نەرێنی لەسەر كاندید دەكەوێت.


مەبەست لە لێهاتوویی چییە ؟
لێهاتوویی بریتییە لە هونەری بەكارهێنان و قۆستنەوەی تواناكان بەشێوەیەكی باش، گوزارشتە لە شارەزایی و خوێندنەوەی ئەزمونەكان و كاركردن لەسەریان.


مەبەست لە بەڕێوەبردن چییە ؟
كۆمەڵێك بنەما و پرۆسەی بەردەوامە لەپێناو بەكارهێنانی ئەو سامان و توانا مرۆیی و مادییانەی كە لەبەردەستدان و قۆستنەوەیان بە باشترین شێوە بە ئاڕاستەی بەدیهێنانی ئامانجێكی دیاریكراوی رون و ئاشكرا.
لەرێگەی بەڕێوەبردنێكی باشەوە ئەوانەی كە هەڵمەتی هەڵبژاردن بەڕێوەدەبەن بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن چیان دەوێت، چی دەكەن، لە كوێ و چۆن و لە چ كاتێكدا، كامەیە تواناكانی بەردەستیان؟، خەڵكەكانیان كامانەن؟


مەبەست لە هەڵمەتی هەڵبژاردن چییە ؟
كۆمەڵێك چالاكی پەیوەندیگرتنی پلان بۆداڕێژراوی رێكخراوە, كە تاك یاخود كوتلەیەك یاخود پارتێك دەیكات بەدوور لە هەركارێكی هەڕەمەكی، بەمەبەستی بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگی دەنگدەران.


            * ئامانجەكانی هەڵمەتی هەڵبژاردن
هەر هەڵمەتێكی هەڵبژاردن كار بۆ بەدیهێنانی سێ ئەركی هاوسەنگ دەكات:
1-    گرەنتیكردنی دەنگی دەنگدەرانی لایەنگری پارتەكەی، لەرێگای چەسپاندن و بەهێزكردنی هەڵوێستەكانیان و پاراستنیان لە كاریگەری پروپاگەندەی ركابەرەكانی.
2-    دانانی كاریگەری لەسەر زۆرترینی ئەو توێژانەی كە بێلایەنن، ئەمانە ئەو توێژانەن كە لەلایەن هەموو كاندیدەكانەوە كراونەتە ئامانج.
3-    پوچەڵكردنەوەی هەڵوێستی ركابەرەكان و گۆڕینی ئاڕاستە و بێ متمانەكردنی دەنگدەران بە بەرنامە و بیروبۆچونەكانیان.


               *گرنگترین ئامرازە بەكارهێنراوەكانی پەیوەندیكردن لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا
* بەسەركردنەوەی ماڵ و كۆبونەوەكان و هەر جۆرە پەیوەندییەكی تایبەتی
* پۆستەری تایبەت بە بەرنامەی هەڵبژاردن
* پۆستەری تایبەت بە لیستی هەڵبژاردن و ژیاننامەی كاندیدەكان
* لافیتەی قوماش و كاغەزی كە گوزارشت لە بەرنامەی هەڵبژاردن بكات
* كاغەز و نامەی پێچراوەی رەنگاوڕەنگ كە بەرنامەی هەڵبژاردنی كاندیدەكان لەخۆبگرێت
* دروشمی دیوارەكان كە هەمان ناوەڕۆكی تابلۆ قوماشییەكان لەخۆدەگرێت
* ئۆتۆمبیلی بانگەشەكردنی گەڕۆك كە بانگەواو بۆ بەرنامەی هەڵبژاردن و ناوی كاندیدەكان دەكات
* بانگەشە و ریكلامی هەڵبژاردن لە دەزگا راگەیاندنە جەماوەرییەكان
* فێستیڤاڵ و رێپێوانە جەماوەرییەكان

                *قۆناغەكانی پلانی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن
هەر پرۆسەیەكی پلاندانان بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن بەچەند قۆناغێكی جۆراو و گرنگ و یەكانگیردا تێدەپەڕێت، گرنگترینیان:
1-     خۆئامادەكردنی كاندیدەكان و دیاركردنی باشترین بژاردە 
2-    ئامادەكردنی تۆمار و زانیارییەكان لەبارەی بازنەكانی هەڵبژاردنەوە
3-    خوێندنەوەی ژینگەی هەڵبژاردن لەڕووی كێشە و بەربەست و دەنگدەرو ركابەرەكانەوە.. هەموو ئەو شتانەی كە تایبەتن بەو بازنانەی كە هەڵبژاردنیان تێدا بەڕێوەدەچێت
4-    ئامادەكردنی بەرنامەی هەڵبژاردن لەسەر بنەمای هەڵبژاردنەمانی پێشوتر، دەبێت بەرنامەكان رون و واقیعی بێت و پەیوەندیداربێت بە جەماوەرەوە
5-    دانانی پلانێكی دارایی بۆ دابینكردنی پارەی هەڵمەتی هەڵبژاردن
6-    دیاریكردنی ئامرازەكانی پەیوەندیكردنی گونجاو و ئامرازەكانی بانگەشەكردن
7-    خشتەكردنی هەڵمەتی هەڵبژاردن و شێوازی جێبەجێكردنی

                         *ئامرازەكانی لێهاتوویی بۆ جێبەجێكردن
(10) بابەت هەن كە وەكو لێهاتوویی بنەڕەتی پێویستن بۆ جێبەجێكردنی پلانی هەڵبژاردن ئەژماردەكرێن.


یەكەم: دیاریكردنی باشترین كاندید لەناو كۆمەڵێكی زۆری كاندیدەكان و دیاریكردنی باشترین پێوەر بۆ هەڵبژاردنی ئەم خەسڵەتانە:
1-    دەبێت كاندید كۆمەڵایەتی بێت بەو واتایەی دەبێت ئامادەگی كۆمەڵایەتی هەبێت و لەلای خەڵك قبوڵكراو بێت، ئاكاری باش بێت و مامەڵەی دۆستانە بكات.
2-    شێوە و روخساری قبوڵكراو بێت، خەندەیەكی ئارامی هەبێت كە بتوانێت بەهۆیەوە روبەڕوی خەڵك ببێتەوە.
3-    كەسێك نەبێ كە بەشێوەیەكی خێرا توڕە ببێت، چونكە دەبێت لەگەڵ هەموو رەنگەكانی خەڵكدا مامەڵەبكات چ یار و چ نەیار و خەڵكی حەماسی، بۆیە دەبێت كاندید كەسێكی خۆگر و بەتوانابێت لە گفتوكۆكردن و قایلكردندا، بەرامبەرەكانی قبوڵبكات و بەرگەی رەخنەكانیان بگرێت هەرچەندە توندیش بێت.
4-    زمانپاراو بێت لە قسەكردن و توانای كوێگرتنی هەبێت بەشێوەیەكی باش.
5-    كاریزما: ئەمە تایبەتمەندییەكە كە دیاریكردنی كارێكی ئاستەنگە، بەڵام دەتوانرێت بە ئاسانی بناسرێتەوە لەكاتی مامەڵەكردن لەگەڵ خەڵكدا، دیارترین رەگەزەكانی ئەم تایبەتمەندییە رێكپۆشی و وردبینییە لە قسەكردندا، ئەو كەسەی كە كاریزمای هەیە بەڕێزەوە مامەڵە دەكات و خەڵك بەلای خۆیدا كێش دەكات.
6-    بابەتیبون: ئەمە توانای تەماشاكردنی بابەتەكانە بەدوور لە بۆچونی كەسی و حزبی و لایەنداریكردن بۆ لایەنێك، بەواتای پاراستنی بەرژەوەندی گشتی.
7-    دەبێت كاندید رۆشنبیر بێت و زانیاری لەبارەی هەموو جۆرەكانی زانست و روداوەكان هەبێت.
8-    بایەخدان بە خەڵك و حەزی یارمەتیدانی ئەوانی تر


دووەم: بونی گوتارێكی میدیایی باش و روون بەپێی ئەم تایبەتمەندییانە:
1-    بابەتیبون و بێلایەنی و نەشێواندنی بابەتەكان
2-    راستگۆیی و دووركەوتنەوە لە درۆكردن و دروستكردنی بابەت
3-    شایەتحاڵ و بەڵگە و ئارگیۆمێنت
4-    لەبەرچاوگرتنی باری دەرونی وەرگرەكان
5-    لەبەرچاوگرتنی پێداویستی و خواست و ئازارەكانی خەڵك
6-    پسپۆڕَتی و دەرنەچون لە بابەتە باوەكان.
7-    زمانی قسەكردن لەگەڵ تاك و لەگەڵ كۆمەڵ
8-    نادژیەكی لەگەڵ سیاسەتی گشتی بزوتنەوەكە
9-    نادژیەكی لەگەڵ سیاسەتی گشتی بزوتنەوەكە و فیكرە سیاسییەكەی لەكاتی راگەیانی بۆ رایگشتی
10-    شارەزایی زمانەوانی لە بواری رێزمان و نوسیندا


سێیەم: بونی بارەگایەكی هەڵبژاردنی ئاشكرا و دابینكردنی هەموو هۆكارە پێویستەكانی پەیوەندیكردن بۆی، تێیدا تیمێكی راهێنراو سەرپەرشتی جێبەجێكردنی كەمپەینەكە بكەن و ناونیشانێكی هەبێت بۆ لیستی كاندید و راگەیاندنكار و جەماوەر.
چوارەم: بوونی لیژنەیەكی هەڵبژاردن كە سەرۆكێكی هەبێت و هەموو پێداویستییە پیشەییەكانی هەبێت وەكو یاسا و راگەیاندن و بەڕێوەبەرایەتی و ئابوری.. سەرپەرشتی هەموو  پرۆسەی هەڵبژاردن بكات لە سەرەتاوە بۆ كۆتایی.
پێنجەم: بوونی وتەبێژێكی میدیایی تایبەتمەند، خاوەنی گوتارێكی میدیایی باش بێت، ئەو تایبەتمەندییەی هەبێت كە زمانحاڵی لیستی كاندیدەكە بێت، ئەمە دەكرێت هۆكار بێت بۆ رێگرتن لە لێدوانی دژبەیەكی كاندیدەكان كە زۆرجار رودەدات، مەرج نییە ئەو كەسە خۆی لەناو لیستەكەدا بێت، بەڵام باشترە یەكێك بێت لە كاندیدەكان.


شەشەم: بەكاارهێنانی باشترین ئامرازەكانی پەیوەندیكردن لە بواری هەڵبژاردندا، هەر ئامرازێك تایبەتمەندی خۆی هەیە، هەموو جەماوەرێكیش تایبەتمەندی خۆی هەیە، لێهاتوویی لێرەدا ئەوەیە ئامرازێك بەكاربهێنین كە گونجاو بێت لەگەڵ جەماوەر لە كاتێكی گونجاودا، بۆ نموونە:
-    بەكارنەهێنانی رۆژنامە و گۆڤارەكان لە گوندەكاندا، چونكە زۆرینەی خەڵكی ئەو گوندانە نەخوێندەوارن.
-    بەكارنەهێنانی ئەو ئامرازانەی كە خەرجییان زۆرە لەو هەڵمەتانەی هەڵبژاردندا كە بەرفراوان نین وەكو كەناڵە ئاسمانییەكان.
-    دابەشكردن و خشتەكردنی بەكارهێنانی ئەو ئامرازانە و تێكەڵنەكردنیان لەگەڵ یەكتری، بەكارهێنانیان بەشێوەی خشتەكاری بەدرێژایی هەڵمەتەكە.
-    دەبێت بەشێوەیەكی زیاتر پشت بە پەیوەندی تاكەكەسی ببەسرێت، بانگەوازی تاكەكەسی، سەردانی مەیدانی، دروستكردنی پەیوەندی گشتی و مرۆیی.


حەوتەم: وردبینیكردن لە خەرجییەكان بەشێوەیەكی باش، خەمڵاندنی بەشێوەیەكی باش، دیاریكردنی بودجەی كەمپەینەكە و كاركردن بەپێی بودجەكان.
هەشتەم: هەڵبژاردنی سەرەتایەك بۆ كەمپەینی هەڵبژاردن بەشێوەیەكی زانستی، شارەزایان سێ‌ سەرەتایان بۆ جێبەجێكردنی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن داناوە كە ئەمانەن:
-    سەرەتایەكی بەهێز و كەمی لەسەرخۆ
-    سەرەتایەكی دیاریكراو و زیادكردنی لەسەرخۆ
-    سەرەتاییەكی هاوسەنگ ودووبارەكردنەوەی هێز و لاوازی لەگەڵ بەكارهێنانی هەر ئامرازێكی نوێدا
هەندێك لە شارەزایان پێیانوایە جێبەجێكردنی هەڵمەتی هەڵبژاردن بەم قۆناغانەدا تێدەپەڕێت:
-    قۆناغی نمایشكردنی كاندیدە بۆ جەماوەر بەر لەكاندیدكردنی بۆ زانینی بۆچونی خەڵك دواتر خستنەڕووی بەرنامەی هەڵبژاردن
-    قۆناغی بڵاوبونەوە و جێبەجێكردنی بەشێوەیەكی ئاشكرا و بەكارهێنانی هەموو ئامراز و هۆكارەكان و دووبارەكردنەوە.
-    قۆناغی سەرەنج خستنەسەر چالاكی لەسەر پرسە تایبەت و چارەنوسسازەكان.
-    قۆناغی هێرشكردنەسەر ركابەرەكان و پوچەڵكردنەوەی بەرنامەكانیان.

ناتوانین بڕیار لەسەر باشترین سەرەتا بۆ دەستپێكردنی كەمپەینی هەڵبژاردن بدەین، بەڵام لە هەموو حاڵەتەكاندا دەبێت خوێندنەوە بۆ سەرەتای دەستپێكردنی كەمپەین بكرێت و لەسەر بنەمایەی زانیاری روون بەڕێوەبچێت، پێدەچێت لەگەڵ هەر جۆرێك لە جۆرەكانی هەڵبژاردندا یاخود هەموو قۆناغێك لە قۆناغەكانی هەڵبژاردندا جۆرێك لە جۆرەكانی دەستپێكی بانگەشەی هەڵبژاردنی بۆ بگونجێت.


نۆیەم: چاودێریكردنی رۆژی دەنگدان بەشێوەیەكی باش و بینینی وەكو رۆژێكی نائاسایی، دەبێت تێدا گوتارەكان یەكبخرێت، هەواڵ بڵاونەكرێتەوە مەگەر بەشێوەیەكی ناوەندی نەبێت، چاودێریكردنی پێشێلكارییەكان و چارەسەركردنی یەك بەیەكیان. رۆژی دەنگدان لەرێگەی ژوورێكی عەمەلیاتەوە بەڕێوەدەبرێت كە هەموو ئامرازە خێراكانی پەیوەندیكردنی بۆ دابینكرابێت و تیمێكی هەبێت كە پەیوەستكرابێت بە لیژنەی سەرپەرشتیكردنی هەڵبژاردنەكانەوە، ئەمەش بەمەبەستی وەرگرتنی زانیاری راست و دروست و راگەیاندنیان بەشێوەیەكی ئازایانە لەكاتی دەرچونی ئەنجامەكاندا جا ئەگەر ئەنجامەكە بردنەوەی هەڵبژاردن بێت یاخود دۆڕاندنی.


دەیەم: ئامادەكردنی رەشنوسێك بۆ گوزارشتكردن لە بردنەوەی هەڵبژاردن بەشێوەیەكی ئارام و لەسەرخۆ و دوور لە توڕەیی و جنێودان و گوازارشتكردن لەسەركەوتن بەشێوەیەكی خاكیانە و دڵنیاكردنەوەی لایەنە دۆڕاوەكان و سوپاسكردنیان، هەروەها سوپاسكردنی ئەو لایەنانەی كە هەڵبژاردنەكەیان سەرخستووە، هاوكات ئامادەكردنی رەشنوێك بۆ گوزارشتكردنێكی دیموكراتیانە لە كاتی دۆڕاندنی هەڵبژاردن و پیرۆزباییكردن لە لایەنە براوەكان و راگەیاندنی هەماهەنگیكردن لەگەڵیان، هەروەها سوپاسكردنی ئەو لایەنانەی كە هەڵبژاردنەكەیان سەرخستووە و رونكردنەوەی ژمارەی دەنگەكانی پارتەكە لە هەڵبژاردنەكەدا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand