لەسێدارەدانی كۆماری كوردستان
2018-03-30 19:08:01
راپۆرتی: محەمەد رەئوف
دوای سێ مانگ لە دەستگیركردن و زیندانیكردنی قازیەكان بەرەبەیانی 31 ی ئازاری 1947 دوای نزیكەی یەك ساڵ لە دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە مهاباد، پێشەوا قازی محەمەد سەرۆك كۆماری كوردستان, حەمەحوسێن خانی (سەیفی قازی ) وەزیری جەنگ و ئامۆزای پێشەوا قازی محەمەد و ئەبولقاسم سەدری قازی( برای پێشەواقازی محەمەد و نوێنەری مهاباد لە تاران) لە مەیدانی چوارچرای مهاباد لە سێدارەدان، لەو شوێنەی كە لە 22/1/1946 كۆماری كوردستانی لێراگەیەنرا.
ئەو تاوانانەی كە لای رژێمی پادشایەتی درابوونە ئەستۆی قازیەكان:
ـ گۆڕین و دەستكاریكردنی نەخشەی وڵاتی ئێران.
ـ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی و داگیركردنی بەشێك لە خاكی ئێران بە ناوی كوردستان.
ـ بازرگانیكردنی نەوت لەگەڵ سۆڤیەت بەبێ ئاگاداری و ڕەزامەندی دەوڵەتی ناوەندی.
ـ سازكردنی نەخشەی كوردستانی گەورە بەلكاندنی كوردستانی ئێران، عێراق، توركیا و سوریا.
ـ هێنانەناوەی بێگانە و بەشێك لە خاكی ئێران خستنەژێردەستی (مەبەست مەلا مستەفا بارزانی)یە.
ـ دانانی ئاڵای جیاواز بۆ كوردستان بە ئاڕمی چەكوش و داس بەشێوەی ئاڵای سۆڤیەت.
ـ لێدانی سكەی پووڵ بۆ كوردستان بە وێنەی ڕووپیەی ڕوسی
لەدوای جەنگی دووەمی جیهانیەوە و دابەشكردنی ئێران بەسەر وڵاتانی روسیا و ئەمریكا و بەریتانیا كە كوردستان دەكەوتە ژێر دەسەڵاتی روسیاوە، بۆیە هەر لە ساڵی 1941 ەوە بۆشاییەكی ئیداری لە ناوچەكە درو=وست بوو دەسەڵاتی حوكمی ئێران لەناوچەكەدا لاواز بوو، هەربۆیە بەسود وەرگرتن لە بارودۆخەكە و كۆبونەوەی ژمارەیەكی زۆری فەرماندە و سەركردەی كوردی پارچەكانی دیكەی كوردستان لە مهاباد لە رۆژی 22/1/1946 كۆماری كوردستان راگەیەنرا
بەڵام لە 23/12/1946 واتا لەدوای 11 مانگ و یەك رۆژ سوپای ئێرانی گەیشتە ناو شاری مهاباد و سەركردەكانی كۆمارەكە دەستگیركران و دوای زیاتر لە سێ مانگ لە بەرەبەیانی 31/3/1947 قازی محەمەد و سەیفی قازی و سەدری قازی لە مەیدانی چوارچرای شاری مهاباد لەسێدارەدران.
قازی محەمەد پێش لەسێدارەدانی وەسێتنامەیەك دەنوسێت كە ئەمە دەقەكەیەتی
بسماللە الرحمن الرحیم
رۆڵە و برا عەزیزەكانم! برا بەش خوراوەكانم, میللەتە زوڵم لێكراوەكەم! وام لە دوایین ساتەكانی ژیانمدا, چەند ئامۆژگارییەكتان دەكەم, وەرن بە خاتری خوا چیتر دوژمنایەتیی یەكتری مەكەن؛ یەك بگرنو پشتتان وەیەكتری بدەن, لە بەرابەر دوژمنی زۆردارو زاڵم بوەستن, خۆتان بە خۆرایی بە دوژمن مەفرۆشن, دوژمن هەر ئەوەندە ئێوەی دەوێ, تا كاری خۆتان پێجێبەجێ دەكاو قەت بەزەیی پێتاندا نایە؛ لە هەر هەلێكدا بێ, قەت لێتان نابوورێ.
دوژمنانی گەلی كورد زۆرن, زاڵمن, زۆردارن؛ بێبەزەیین؛ رەمزی سەركەوتنی هەر گەلو نەتەوەیەك, یەكگرتنو یەكبوونە؛ پشتگیریی تەواوی میللەتە. هەر میللەتێك یەكیەتییو تەبایی نەبێ, هەر دەم ژێردەستی دوژمنانی دەبێ, ئێوە گەلی كورد! هیچتان لە گەلانی سەر ئەم گۆی زەویە كەمتر نیە, بەڵكوو لە پیاوەتیو غیرەتو لێهاتوویی؛ لە زۆر لەو گەلانەی رزگار بوون لە پێشترن. ئەو میللەتانەی كە لە چنگی دوژمنە زۆردارەكانیان رزگاریان بوو, وەك ئێوەن؛ بەڵام ئەوانەی خۆیان رزگار كردوە, یەكیەتییان لە نێواندا هەبووە؛ با ئێوەش وەكوو هەموو گەلانی رووی زەوی, چیتر ژێردەست نەبن؛ هەر بە یەكگرتنو حەسوودی بەیەك نەبردنو خۆنەفرۆشتن بە دوژمنان لە دژی نەتەوەكەمان دەتوانن رزگار بن.
براكانم! چیتر فریوی دوژمن مەخۆن؛ دوژمنی كورد لە هەر رەنگو دەستەو قەومێك بێت, هەر دوژمنە, بێروحمە, بێویژدانە؛ روحمتان پێناكا, بەیەكترتان بەكوشت دەدا؛ تەماحو وەبەر دەنێ؛ بە درۆو فڕوفێل بەگژ یەكترودا دەكا؛ لەناو هەموو دوژمنەكانی گەلی كورد, دوژمنی عەجەم لە هەموویان زاڵمترو مەلعوونترو خوانەناسترو بێبەزەییترە؛ لە هیچ تاوانێك بەرانبەر بە گەلی كورد دەست ناگێڕێتەوە؛ هەر بە درێژایی مێژوو لەگەڵ گەلی كورد, غەرەزو كینەی ریشەداری هەبووەو هەیەتی.
=
تەماشا كەن, بڕوانن تەواوی گەورە پیاوانی گەلەكەتان, لە سمایل ئاغای شكاكەوە بگرە؛ تا جەوهەر ئاغای برایو هەمزە ئاغای مەنگورو چەندو چەندین مرۆڤی دیكە, هەر هەموویان بە فریودان, ئارامیان كردنەوەو خەڵكیان لە پشت كردنەوەو ئینجا زۆر نامەردانە, كوشتیانن؛ هەموو ئەوانەیان بە سوێندو قورئان فریو دان كە گویا عەجەم نییەتی خێری لە گەڵیاندا هەیەو چاكەیان لەگەڵدا دەكات, بەڵام هەر كوردە خۆش باوەڕەو بە سوێندو سۆزی عەجەم فریوی خواردوەو باوەڕی پێ هێناون؛ كەچی تا ئێستاش بە درێژایی مێژوو, كەس نەیدیوە تاكوو جارێكیش عەجەم بە سوێندو وادەو ئەو پەیمانانەی كە بە سەرانی كوردی داوە, وەفای پێبكاو وادەكانی لەگەڵ كورد بەجێ بگەیەنێ؛ هەر هەمووی درۆو فڕوفێڵ بووە. جا وا من وەكوو برایەكی چووكەی ئێوە, لە رێگای خوادا, بۆ خاتری خودا پێتان دەڵێم: یەكتر بگرنو قەت پشتی یەكتر بەرمەدەن. دڵنیا بن ئەگەر عەجەم هەنگوینتان بداتێ, دیارە ژەهری تێكردوە. بە سوێندو بەڵێنی درۆی عەجەم فریو مەخۆن؛ كە ئەگەر هەزار جار دەست لە قورئانی پیرۆزیش بداو بەڵێنتان پێبدا, دڵنیا بن مەبەستی فریودانی ئێوەیە, تاوەكوو فێڵێكتان لـێبكا.
وا من لە دوایین ساتەكانی ژیانمدا بە خاتری خودای گەورە ئامۆژگاریتان دەكەم, پێتان دەڵێمو خوا بۆ خۆی دەزانێ كە من ئەوەی لە دەستم هات, بە سەرو بەگیانو تێكۆشان, بە ئامۆژگاریو رێنوێنیو رێگەی راست نیشاندانی ئێوە, درێغیم نەكردوە. ئێستاش لەو ساتەداو لەو بارودۆخەدا, دیسان پێتان رادەگەیەنم كە چیتر فریوی عەجەم نەخۆنو باوەڕ بە سوێندو دەست لە قورئان دانو بەڵێنو سۆزەكانیان مەكەن. چونكە عەجەم نە خوا دەناسنو نە باوەڕیان بە خواو پێغەمبەر هەیەو نە باوەڕیان بە رۆژی قیامەتو حسابو كیتاب هەیە. لە لای ئەوان ئێوە هەر لەبەر ئەوەی كە كوردن, با موسڵمانیش بن, تاوانبارو مەحكوومن, بۆ وان دوژمنن؛ سەرو ماڵو گیانتان بۆ ئەوان حەڵاڵەو بە غەزای دەزانن, بەڵێنم وانەبوو من بڕۆمو ئێوە بە دەست ئەو دوژمنە دڵڕەشانەوە بەجێ بهێڵم, زۆر جاریش بیرم لە رابردووو گەورە پیاوانمان كردۆتەوە, كە عەجەم بە فریوو سوێندو درۆو حیلە گرتوویاننو كوشتوویانن, چونكە لە مەیدانی نەبەردیدا پێیان نەوەستانو نەیان توانیوە لە بەرانبەریاندا رابوەستن, ناچار بە درۆو فڕوفێڵ هەڵیان خەڵەتاندوون, كوشتوویانن.
من ئەوانم هەر هەموویان لەبیر بوو؛ قەتیش باوەڕم بە عەجەمان نەكردوە؛ بەڵام عەجەم لە پێش گەڕانەوەیان بۆ ئێرە چەندین جار وەڵامو راسپاردەیان بە نامەو بە ناردنی كەسی ناوداری كوردو فارس بە دانی بەڵێنو پەیمانی یەكجار زۆرو بۆرەوە كە دەوڵەتی عەجەمو شا خۆی نیەتی خێریان هەیەو ئامادە نین تەنانەت دڵۆپێك خوێن لە كوردستان بڕژێ.
ئێستا ئێوە ئەنجامی بەڵێنەكانیان بە چاوی خۆتان دەبینن؛ ئەگەر سەرانی هۆزو عەشیرەتە كوردەكانمان خیانەتیان نەكردباو خۆیان بە حكوومەتی عەجەم نەفرۆشتبا, ئێمەو ئێوەو كۆمارەكەمان وای بەسەردا نەدەهات.
ئامۆژگاریو وەسیەتم ئەوەیە: با منداڵەكانتان بخوێنن, چونكە ئێمەی میللەتی كورد هیچمان لە میللەتانی دیكە كەمتر نیە, ئیللا خوێندن نەبێ؛ بخوێنن بۆ ئەوەی لە كاروانی گەلان دوا نەكەون, هەر خوێندن چەكی كوشندەی دوژمنە.
دڵنیا بنو بزانن ئەگەر تەباییو یەكگرتنو خوێندەواریتان باش بێ؛ زۆر باشیش بەسەر دوژمنانتاندا سەردەكەون, ئێوە نابێ بە كوشتنی منو براو ئامۆزاكانم چاوتان بترسێ, هێشتا دەبێ زۆر كەسی دیكەی وەكوو ئێمە لەو رێگایەدا ]گیانی خۆیان[ بەخت بكەن؛ تا دەگەنە ئاواتو مەبەستتان.
دڵنیام لە دوای ئێمەش زۆر كەسی دیكە هەر بە فێڵو دووڕوویی لە بەین دەبرێن.
دڵنیام زۆر لەوانەی لە دوای ئێمەش دەكەونە داوی فڕوفێڵی عەجەمان, لە ئێمەش زاناترو لێهاتووتر دەبن, بەڵام هیوادارم كوشتنی ئێمە ببێتە پەندو عیبرەت بۆ دڵسۆزانی گەلی كورد. وەسیەتێكی دیكەم بۆ ئێوە ئەوەیە كە لە خوای گەورە داوا بكەن, هەر چیەكتان بۆ سەرفرازیی ئەو گەلە كرد, كۆمەكتان لە ئەو بۆ بێ؛ دڵنیام خوای گەورە سەرتان دەخاو كۆمەكتان دەكا. رەنگە بڵێن ئەی بۆ من سەرنەكەوتم, لە وەڵامدا دەڵێم: بەو خوایە من سەركەوتووم؛ چ نیعمەتێكو چ سەركەوتنێك لەوە گەورەترە كە ئێستا وا من لە رێگەی گەلو میللەتو وڵاتەكەمدا, سەرو ماڵو گیانم لە پێناوی ئەودا دادەنێم, باوەڕ بكەن من خۆم لە دڵمەوە ئارەزووم بوو, ئەگەر مردم بە مەرگێك بمرم كە لە حزووری خواو رەسووڵی خواو گەلو میللەتەكەمدا, روو سوور بم؛ بۆ من ئەو مەرگە سەركەوتنە.
خۆشەویستەكانم! كوردستان ماڵی هەموو كوردێكە؛ هەر وەكوو لە ماڵەوەدا ئەندامانی ئەو ماڵە هەر كەس لە هەر جۆرە كارو كردەوەیەكدا دەیزانێ, ئەو كارەی پێدەسپێرن, ئیتر كەس مافی چاوچنۆكیی پێنیە, كوردستانیش هەر ئەو ماڵەیە؛ ئەگەر زانیتان كەسێك لە ئەندامانی ئەو ماڵە كارێكی لە دەست دێ؛ لێی گەڕێن با بیكا. ئیتر نابێ بەرد بخەنە سەر رێیو نابێ بەوە دڵگیر بن كە یەكێك لە ئێوە بەرپرسیارەتیی گەورەی بەدەستەوەیە. ئەگەر كاری گەورە كەوتۆتە سەر شانی كەسێكو بەڕێوەی دەبا, دیارە لێی دەزانێو بەرپرسیارەتیی گەورەتریش ]ی[ لە بەرانبەر ئەو ئەركەدا هەیه.
دڵنیابە برا كوردەكەت هەر چاكترە؛ دوژمن كینەی لە دڵەو ئەگەر من بەرپرسیاریەتیی گەورەم لە سەرشانی نەبوایە, ئێستا لەژێر داری سێدارەدا رانەدەوەستام. بۆیە نابێ لەگەڵ یەكتریدا چاوچنۆك بن. ئەوانەی فەرمانی ئێمەیان بەجێ نەدەگەیاند, نەك هەر فەرمان جێبەجێ نەكردن, بەڵكوو بە تەواوی دوژمنایەتییان دەكردین, لەبەر ئەوەی خۆمان بە خزمەتكاری خەڵكی خۆمان دەزانی, ئێستا ئەوان لەنێو ماڵو منداڵی خۆیان, لە شیرین خەودان, بەڵام ئێمە بە ناوی خزمەتكردن بە میللەت, وا لە ژێر داری سێدارەینو خەریكم دوایین ساتەكانی ژیانم بەم وەسیەت نامەیە تەواو دەكەم؛ جائەگەر منیش بەرپرسیارەتی گەورەم لەسەر شان نەبووایە, ئێستا منیش وەك ئێوە لە ناو خاوخێزانو ماڵی خۆم لە شیرین خەودا دەبووم, ئەوەی كە ئامۆژگاریتان بۆ دوای خۆم دەكەم, ئەمەش یەكێكە لەو بەرپرسیارەتیانەی كە لەسەر شانمە, دڵنیام ئەگەر كەسێكی دیكە لە ئێوە؛ بەرپرسیارەتیییەكانی منی وەئەستۆی خۆی گرتبا, ئێستا ئەو لە شوێنی من لە ژێر سێدارە دەبوو. وا من بە مەبەستی رەزایەتی خوداو بە پێی بەرپرسیارەتی سەرشانم, وەكوو كوردێكی خزمەتكاری گەلو لە رێگای كاری چاكدا (امر بالمعروف) ئەو چەند ئامۆژگارییەم كردن كە هیوادارم لەمەودوا عیبرەت وەربگرنو بە تەواوی گوێ لە ئامۆژگارییەكانم بگرن. بە هیوای خوای گەورە بەسەر دوژمنانتاندا سەركەون.
1ـ باوەڕتان بە خوداو (ماجاْ من عنداللە)و پەرستنی خوداو پێغەمبەر (د.خ)و بەجێگەیاندنی ئەركی ئایینی پتەو بێ.
2ـ یەكیەتیو تەبایی لە نێوان خۆتاندا بپارێزن, كاری نەشیاو لە بەرانبەر یەكتردا مەكەنو چاوچنۆك مەبن؛ بە تایبەت لە بەرپرسیاریەتیو خزمەت كردندا.
3ـ خوێندنو زانستو پلەی زانیاریتان بەرنە سەرەوە؛ بۆ ئەوەی كەمتر فریوی دژمنان بخۆن.
4ـ باوەڕ بە دوژمنان مەكەن, بە تایبەت بە دوژمنی عەجەم, چونكە بە چەند هۆو رێگاوە عەجەم دوژمنی ئێوەیە, دوژمنی گەلو نیشتمانو ئایینتانە. مێژوو سەلماندویەتی كە بەردەوام لە كورد بە بەهانەیەو بە كەمترین تاوان دەتانكوژێو لە هیچ تاوانێك بەرانبەر بە كورد دەست ناگێڕیتەوە.
5ـ بۆ چەند رۆژێك ژیانی بێ قیمەتی ئەم دنیایە خۆتان مەفرۆشن بە دوژمن, چونكە دوژمن دوژمنەو جێگەی هیچ باوەڕ پێكردنێك نیە.
6ـ خیانەت بە یەكتری مەكەن, نەخیانەتی سیاسیو نە گیانیو ماڵیو نامووسی, چونكە خیانەتكار لای خوداو مرۆڤ سووكو تاوانبارە, خیانەت بە رووی خیانەتكاردا دەگەڕێتەوە.
7ـ ئەگەر یەكێك لە ئێوە توانی كارەكانی ئێوە بە بێ خیانەتكردن ئەنجام بدا, هاوكاری بكەن, نەوەك لە پێناوی چاوچنۆكیو بەخیلیدا دژی بوەستن, یان خوا نەكا لەسەری ببن بە جاسووسی بێگانە.
8ـ ئەو شوێنانەی لە وەسیەتنامەكەدا نووسیومە بۆ مزگەوتو نەخۆشخانەو قوتابخانە؛ ئێوە هەمووتان داوای بكەن تا دەكرێو سوودیان لـێوەردەگیرێ.
9ـ ئێوە لە خەباتو هەوڵو تێكۆشان مەوەستن؛ تا وەك هەموو گەلانی دیكە لە ژێر چەپۆكی دوژمنان رزگارتان دەبێ, ماڵی دنیا هیچ نیە, ئەگەر وڵاتێكو هەبێ, سەربەستییەكو هەبێ؛ ماڵو خاكو نیشتمانەكەو هی خۆتان بێ, ئەو كاتە هەموو شتێكتان هەیە, هەم ماڵ, هەم سەروەت, هەم دەوڵەتو ئابڕووو نیشتمانیشتان دەبێ.
10ـ من پێم وا نیە حەقی خودا نەبێ, حەقی دیكەم لەسەر بێ؛ بەڵام ئەگەر كەسێك لای وابوو, لە كەم تا زۆر شتێكی لای منە, سەروەتی زۆرم جێ هێشتوە, با بچێ لە واریسانم داوا بكاو وەری بگرێتەوە.
تا ئێوە یەكتر نەگرن, سەرناكەون؛ زوڵمو زۆر لە یەك مەكەن, چونكە خوا زۆر زوو زاڵم لەبەین دەباو نابوودی دەكا, ئەوە بەڵێنی خواوەندە بێكەمو زیاد, زاڵم دەڕووخێو نابوود دەبێ, خوا تۆڵەی زوڵمی لـێدەكاتەوە.
هیوادارم ئەوانە لەگوێ بگرن و خوا سەركەوتووتان بكا
خزمه تگوزاری گه ل و نیشتمان
قازی محەممەد
كۆماری كوردستان