Draw Media

سزای ٤ ساڵ و ٨ مانگ زیندانیكردن بەسەر دەمیرتاشدا سەپێندرا

سزای ٤ ساڵ و ٨ مانگ زیندانیكردن بەسەر دەمیرتاشدا سەپێندرا

2018-09-07 21:08:13


(درەو میدیا):
دادگای توركیا سزای ٤ ساڵ و ٨ مانگ زیندانیكردنی بەسەر سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان" هەدەپە"دا سەپاند، هەروەها سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیكردن بەسەر سڕی سورەیا ئۆدندەر پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپەدا سەپاند.
ئەمڕۆ دانیشتنێكی دیكەی دادگا دەربارەی دۆسیەی هاوسەرۆكی پێشووی پارتیی دیموكراتیی گەلان (هەدەپە) سەڵاحەدین دەمیرتاش و پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە سڕی سورەیا ئۆندەر لە ٢٦هەمین دادگەی سزا قورسەكانی ئیستانبوڵ بەڕێوەچوو.
بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی " فوراتینیوز" سەربازانی توركیا هۆڵی دادگەیان گەمارۆ داوە كە لە بەندیخانەی سیلیڤری بووە و سەڵاحەدین دەمیرتاش لە ڕێی سیستمی دەنگ و ڕەنگەوە بەشداری لە دانیشتنەكە كرد و سڕی سورەیا ئۆندەریش لە هۆڵی دانیشتنەكە ئامادەبوو.
ە دانیشتنەكەدا ئەندامانی پلاتفۆڕمی مافناسانی ئازادیپارێز (OHP)، كۆنسوڵەكانی كەنەدا و سوید و پارێزەرانی ژووری پارێزەرانی لەندەن ئامادەبوون. 
هاوكات پەرلەمانتارانی هەدەپە دڵشاد جانباز، زولەیخا گولوم، ئەرۆل كاترجیئۆغڵو، توما چەلیك و زۆر كەسی دیكە ئامادەی دانیشتنەكە بوون. سەربازان لە كاتی پشكنینی ئۆتۆمبێلەكاندا دەستیان بەسەر ئاڵاكانی هەدەپەدا گرت.
دەمیرتاش بەرگری لە خۆی نەكرد
دەمیرتاش لە ڕێی سیستمی دەنگ و ڕەنگەوە لە كاتی دانیشتنەكەدا قسەی كرد و وتی:" من پێشتر لە دووەمین دادگەی سزا قورسەكانی باكركۆی بەرگریم لە خۆم كرد كە بە سیستمی SEGBİS (دەنگ و ڕەنگ) بەشداریم كردبوو. ئێوە ئەو بەرگریەتان خستە دۆسیەكە. لەبەرئەوە ئێستا نامەوێ بەرگری لە خۆم بكەم. دەمەوێت پارێزەرەكانم مافی قسەكردن وەربگرن.»
پارێزەر فورات ئەپۆزدەمیر مافی قسەكردنی وەرگرت و وتی:"چاوەڕوانی ئێمە لە دادگای بەڕێزتان ئەوەیە كە ئێوە بە گوێرەی پەیڕەو مامەڵە بكەن. وەرگرتنی بەرگریكردنەكەم لە دووەمین دادگای سزا قورسەكانی باكركۆی وەك دوایین بەرگری لەخۆكردن، ناحقووقییە".
لە دوای قسەكردنی پارێزەران و خۆپاراستنی سڕی سورەیا ئۆندەر، دەستەی دادوەران پاش ناوبڕێك بڕیاریدا.
دەستەی دادگە بڕیاری دا سزای ٤ ساڵ و ٨ مانگ زیندانیكردن بۆ سەڵاحەدین دەمیرتاش و ٣ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیكردن بۆ سڕی سورەیا ئۆندەر ببڕێتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand