Draw Media

بەرلەوەی بگەنە لای بارزانی لە پیرمام دەبێتە شەڕیان  

بەرلەوەی بگەنە لای بارزانی لە پیرمام دەبێتە شەڕیان  

2018-09-07 08:27:08


راپۆرتی: سەرتیپ وەیسی كەریم 
" بەرلەوەی بگەنە لای مەسعود بارزانی لە پیرمام دەبێتە شەڕیان" ئەوە ناونیشانی كۆتایی ئەو چیرۆكەیە كە دوێنێ لە نێوان مەلا بەختیارو باڤڵ تاڵەبانی ڕوویدا
ماوەی دوو هەفتەیە ناكۆكییەكانی نێو یەكێتی بۆ جارێكی دیكە سەریهەڵداوەتەوە، ناكۆكیەكەش ئەمجارەیان لە نێوان خودی بنەماڵەی تاڵەبانی و خەزوورانی كوڕە گەورەی مام جەلالە.
دوای ئەوەی لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردوود، هەریەك لە باڤڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی بەرهەم ساڵح ڕازیدەكەن بە وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، لەگەڵ مەلا بەختیار كە خەزووری باڤل تاڵەبانییە، بە توندی دژی ئەو هەوڵە دەوەستنەوە، لە بەرامبەردا قوباد تاڵەبانی ڕازیدەبێت بەو مەرجەی بەرهەم ساڵح پۆستی سەرۆك كۆمار وەرگرێت، بەڵام نەگەڕێتەوە ناو یەكێتی، لەكاتێكدا باڤڵ بەو مەرجە ئەو پۆستەی پێشكەشی بەرهەم كردوە، كە دوای بوون بەسەرۆك كۆمار حزبەكەی هەڵوەشێنێتەوەو بگەڕێتەوە نێو یەكێتیی.
هەفتەی ڕابردوو بەیاننامەیەك لە لایەن نوسینگەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بڵاودەبێتەوە، لە بەشێكی بەیاننامەكەدا بە ڕوونی دەردەكەوێ ئەو بەیاننامە لە دژی بەرهەم ساڵحەو بە ئاشكرا باسلەوەدەكات ناكرێ ناوبراو ببێتە سەرۆك كۆمار، بەهۆی ناڕوونی لە هەڵوێستی هێرۆخان، تاوەكو ئێستاش بە تەواوی ڕوون نییە ئەو بەیاننامەیە بۆچوونی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدە بە تەواوی یاخود نا ؟ چونكە زانیارییە دروستەكە ئەوەیە كە ئەو نامەیە لە ڕێگەی شانازە نوسراوەو خوستی مەلا بەختیاریش بووە.
دوای بڵاوبوونەوەی ئەو نامەیە هیچ كام لە باڤڵ و قوباد، ترسیان هەبووە بچنە لای دایكیان لەبارەی دڵنیابوون لەو بەیاننامەیە قسەی لەگەڵ بكەن، چونكە تاوەكو ئێستاش پێیناوایە: هێرۆخانی دایكیان لە دژی بەرهەم ساڵحەو قسەكردن لەسەر ئەوبابەتە هەستیاری تێدەكەوێت، بەڵام لە هەمانكاتدا هەردووكیان گومانیان لەو ڕاگەیاندراوە هەیە.
دوای تێپەربوونی چەند ڕۆژێكی كەم لە بەیاننامەی یەكەم، بەیاننامەی دووەم لە لایەن نوسینگەی هێرۆ ئیبراهم دەردەچێت، بەپێی زانیارییەكان ئەو بەیاننامەیە لە لایەن باڤڵ تاڵەبانیەوە دەرچووه وەك هەنگاوێك بۆ گەڕانەوەی هاوسەنگی و ڕەتكردنەوەی ئەو بۆچوونانەی لەبارەی بەرهەم ساڵحەوە دەوترێ و جگەلەوەش ڕاگەیاندراوەكە پەیامێك بوو بۆ مەلا بەختیارو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد.
ئێستا هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، لە بارودۆخێكی تەندروستی باشدا نییە ( نەخۆشی پیری هەیە)، تاڕادەیەكی زۆر كەم ئاگاداری نێو دۆخی یەكێتی نيەو زۆرشت لە پەنای ئەو دەكرێت، ئەمەش وایكردوە دەوروبەرەكەی ئەم بارودۆخە بقۆزنەوە، تاڕادەیكی زۆر بە ئامادەنەبوونی ئەو، ناكۆكی ناو بنەماڵەكەی لەوپەری توندی و ئاڵۆزیدایە.
هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بەوە ناسراوە لە سیاسەتكردن جۆرێك لە توندی پێوەدیارەو زۆرجار بە "سیستانی" ناو حزبەكەی ناسراوە لە یەكلایكردنەوەی بڕیارە قوڕسەكان و قسەی یەكەم و كۆتا لە دەستدا ئەودایە، ئێستاش لە غیابی ئەوداو ئامادەنەبوونی بەشێوەیەكی كردارەكی دۆخەكە بەشێوەیەكی دیكە.
ڕۆژی 6 ئەیلول، دوای كۆبوونەوەی سەركردایەتی ئەو حزبە، بڕیاربوو هەردوو شاندی یەكێتی و پارتی لە پیرمام كۆببنەوە بە ئامادەبوونی مەسعود بارزانی، بەمەبەستی بڕیاردان لەسەر دواین هەڵوێستی شاندی كوردی و یەكلایكردنەوەی كێشەی چوونە پاڵ گەورەترین كوتلەو، كاندیدكردنی سەرۆك كۆمارو جێگری سەرۆكی پەرلەمان.
كۆسرەت ڕەسوڵ علی سەرپەرشتی شاندی دەكات و هەرخۆشی ئەندامانی شاندەكەی ئاگاداركردۆتەوە، ناوبراو بەبێ ئاگاداری پێشوەختەی هەردوولا، هەریەك لە مەلا بەختیارو باڤڵ تاڵەباتی بە جیا ئاگاداردەكاتەوە، سەعدی ئەحمەد پیرەو دوو سەركردەی دیكە یەكێك دەبن لە ئەندامانی ئەو شاندە، هەرچەندە بڕیاربوو عومەر فەتاح و حاكم قادر بەژداربن، بەڵام هیچ كەس ئەوانی ئاگادارنەكردەوە بۆ ئەو كۆبوونەوەیە.
هەریەك لە كۆسرەت ڕەسوڵ و باڤڵ تاڵەبانی و سەعدی ئەحمەد پیرە بەیانیەكەی لە هەولێر بەیەكەوە نانی بەیانی دەخۆن پاشان بەرەو پیرمام بەڕێدەكەون، لە سلێمانیشەوە مەلا بەختیار دێت. بەر لەوەی بگەنە پیرمام مەلا بەختیار و سەعدی ئەحمەد پیرە لە ڕێگەی تەلەفۆن دەبێتە دەمەقاڵیان لەسەرئەوەی بۆچی عومەر فەتاح و حاكم قادر بانگهێشتنەكراون، سەعدی پیرەش دەڵێت " ئەوە كاری بەرپرسی دەستەی كارگێڕیە نەك ئەو".
دوای ئەوەی هەردووك لا دەگەنە پیرمام، كاتێك مەلا بەختیار دەزانێت باڤڵ تاڵەبانی لە هەولێرەوە لەگەڵ كۆسرەت ڕەسوڵ هاتووەو ئامانجی سەرەكیشی ئەوەیە وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ بەرهەم ساڵحەوە یەكلابكاتەوە، لەكاتی پشوودان لە یەكێك لە وێستگەكان بۆئەوەی هەردووك لایان بگەنە یەكترو دواتر بەیەكەوە بچنە كۆبوونەوەكە، مەلا بەختیار بە شاندەكە ڕادەگەیەنێت: كە ئەو دەگەڕێتەوە سلێمانی و نایەتە ئەو كۆبوونەوەیە، دوای ئەمە باڤڵ تاڵەبانی كۆمەڵێك قسەو وتەی نەشیاو لەسەر مەلا یەختیار دەكات لەبەردەم هەموو ئامادەبووان، ناچار مەلا بەختیار شوێنەكە جێدەهێلێت و دەگەڕێتەوە سلێمانی .
لەسەر پێشنیازی سەعدی ئەحمەد پیرەش هەریەك لە كۆسرەت ڕەسوڵ و سەعدی ئەحمەد پیرەو تەواوی شاندەكە دەگەڕێنەوە هەولێرو باڤڵ تاڵەبانیش سووردەبێت لەسەر چوون بۆ لای بارزانی.
بەپێ زانیارییەكان دوای ئاگاداركردنەوەی بارزانی لە لایەن كورەكەی مام جەلال، بەوەی بۆچوونی جیاواز هەیە لە نێو یەكێتی و كێشە دروست بووە، بارزانی باڤڵ تاڵەبانی ئاگاداردەكاتەوە، كە ئەو كۆبوونەوەیەی نێوان شاندی پارتی و یەكێتی لەسەر مەسەلەی بەغدا دوابخرێت بۆ سێ ڕۆژی یەكەمی هەفتەی داهاتوو.
دوای گەڕانەوەی بۆ شاری سلێمانی، مەلا بەختیار لە بەیاننامەیەكدا كشانەوەی خۆی لە شاندی كوردی ڕاگەیاندو ئاماژەی بەوەكرد: كۆمەڵێك ھۆكاری حیزبی و سیاسی لە ناخمدا، لە پێرارەوە پەنگی خواردووە جارێ لەبەر خاتری سەركەوتنی سیاسەتی یەكێتی لەم ھەلومەرجەدا، ھیچیان لێرەدا باس ناكەم.
مەبەست لەو قسەی مەلا بەختیار ئەوەیە دوو ساڵ لەمەوبەر باڤڵ تاڵەبانی، كە هیچ پۆستێكی ڕەسمی نییە، لە ناو دانیشتنی مەكتەبی سیاسی هێرشی جەستەیی كردۆتە سەر، ئەمەش مەلا بەختیاری توڕەكردو، بۆ ماوەی هەفتەیەك چووە ماڵەوەو هەموو هۆكارەكانی پەیوەندیكردنیشی پچڕاند، بەڵام دوای گفتووگۆیەكی زۆر ڕازی دەكەن بە گەڕانەوەی.
بەهۆی ئەو ململانێیەی نێو یەكێتی پێدەچێت جگە لەوەی دۆخی ناوخۆی ئەو حزبە بەرەو خراپ بوون بچێت، لە هەمانكاتدا ململانێی وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماریش لە نێوان بەرهەم ساڵح و مەلا بەختیار بدرێتەوە پارتی دیموكراتی كوردستان، یاخود ئەگەر پارتی ڕازیبێت جارێكی دیكە بدرێتەوە فوئاد مەعسوم.
هێشتا یەكێتی پۆستی سەرۆك كۆماری بۆ حزبەكەی یەكلانەكردۆتەوەو كێشەیەكی زۆری ڕووبەرووی خۆی كردۆتەوە، بەپێی زانیارییەكان پارتی ڕایگەیاندوە: پۆستی سەرۆك كۆمار لە پێناوی یەكڕیزی پارتی و یەكێتی لەوانەیە بدەنەوە یەكێتی، ئەگەر ئەو كێشانە بەردەوامبێت و یەكێتی لەوبارەیەوە ببێتە دووبەرە، ئەوا پارتی خۆی ئەو پۆستە پڕدەكاتەوە.
ئەو كێشانەی ئێستا لە ناو یەكێتی هەیە هەمووی پەیوەندی بە دۆخی تەندروستی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد هەیە ( لەوانەیە لەماوەیەكی نزیك لە سیاسەتكردن دووربكەوێتەوە )، چونكە لە ڕابردوودا لە یەكلایكردنەوەی مەسەلە گرینگەكان، لە دوای نەخۆشكەوتنی مام جەلال، تەنها بۆچوونی كۆسرەت ڕەسوڵ وەردەگیرا، قسەی سەركردەكانی دیكە تەنها لە چوارچێوەی پێشنیازبووە.
لە بابەتی یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماریش كۆسرەت ڕەسوڵ بە تەواوی لەگەڵ كورە گەورەكەی تاڵەبانییە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە لە لایەن بەرهەم ساڵحەوە.
ئێستا دۆخی ناوخۆی یەكێتی لە نێویشیان بنەماڵەی تاڵەبانی لە ئاستێكی خراپدایە، پارتی نازانێ لەگەڵ كامەیان مامەڵەبكات، ئەگەر لەگەڵ كۆسرەت ڕەسوڵ و مەلا بەختیارو مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە مامەڵەبكات ناتوانێت، چونكە ئەوان بەبێ ماڵی مام جەلال هیچ نینە، ئەگەر لەگەڵ باڤڵ مامەڵەبكات نابێ لەگەڵ قوبادو لاهور مامەڵە بكات، ئەگەر لەگەڵ ئەوانیش مامەڵە بكات ئەی چی لە باڤڵ دەكات ؟!!

دواجار به‌رهه‌م ساڵح گڕى له‌ ماڵى تاڵه‌بانى به‌رداوه‌، كێ ئه‌و ئاگره‌ ده‌كوژێنێته‌وه‌ دیار نییه‌ ؟!

 

 

 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand