Draw Media

تیـــــرۆری رۆژهـــــەڵات لـــە بـــاشـــور 

تیـــــرۆری رۆژهـــــەڵات لـــە بـــاشـــور 

2018-03-30 11:09:28


راپۆرتی/ محەمەد رەئوف
بە تیرۆركردنی ئەحمەد ئێرانی بەیانی ئەمرۆ لە قەزای سۆران، تەنها لەم مانگەدا سێ سەركردەو كادری حیزبی دیموكراتی  كوردستان لە باشوری كوردستان  تیرۆردەكرێن، هەرێمی كوردستان بەرەو جەنگەڵی تیرۆرستان وڵاتانی ناوچەكە دەڕوات، كە رۆژانە بە بەرچاوی هێزە ئەمنیەكانی هەرێمەوە كادری هێزەكانی رۆژهەڵات لە هەرێمی كوردستان تیرۆر دەكرێت، لە ماوەی تەنها یەك مانگدا سێ هەوڵی تیرۆركردن بەرامبەر بە كادران و سەركردەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران ئەنجامدراون، حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانیش، كۆماری ئیسلامی ئێران تۆمەتبار  دەكات بەو كردەوە تیرۆرستیانە.
تیرۆری كادرانی حیزبەكانی رۆژهەڵات لە باشوری كوردستان مێژویەكی درێژی هەیەو درێژكراوەی ئەو هەوڵانەیە كە بۆ تیرۆركردنی سەركردەو بەرپرسەكانی ئەو حیزبە لە وڵاتانی دونیادا هەبووە، هەروەك تیرۆركردنی ( عەبدولڕەحمان قاسملۆی سكرتێری حیزبی دیموكراتی كوردستان لە 13ی تەموزی 1989 لە ڤیەنای پایتەختی نەمساو و تیرۆركردنی د.سادقی شەرەفكەندی سكرتێری حیزبی دیموكراتی كوردستان  لە 17ی ئەیلولی 1992 لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا) ئەمە سەرەڕای تیرۆركردنی دەیان كادرو ئەندامی باڵای حیزبەكانی رۆژهەڵات لە باشوری كوردستان، كە بەپێی زانیاریەكانی حیزبی دیموكرات تا ئێستا نزیكەی 400 سەركردەو ئەندامی ئەو حیزبە لەدەرەوەی ئێراتن تیرۆركراون.
دوایین هەوڵی تیرۆركردن لە باشوری كوردستان تیرۆركردنی ئەحمەد ئێرانیە، كە لە كاتژمێر شەشی بەیانی رۆژی هەینی 30/3/2018 لە قەزای سۆران ئەحمەد میر ئەحمەدی ناسراو بە (ئەحمەد ئێرانی) ئەندامێكی حیزبی دیموكراتی كوردستانی  و دەست بەجێ گیان لەدەست دەدا،  ئەحمەد ئێرانی كە لە ساڵی 1964 لە شاری  نەغەدەیە لە رۆژهەڵاتی كوردستان و 40 ساڵە لەناو حیزبی دیموكراتدایەو ئێستا لە شارۆچكەی دارەتووی نزیك هەولێر دەژی 
 هەر لەم مانگەداو لەرۆژی پێنجشەممە  1/3/2018 لە قەزای بنەسڵاوەی هەولێر بۆمبێكی چێنراو بە ئۆتۆمبێلی سەڵاح عەباس فەرماندەی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران تەقییەوە، بەهۆی ئەو هەوڵە تیرۆرستیەشەوە خۆی برینداربووەو كوڕەكەشی سەباح رەحمانی تەمەن 33 ساڵ لەدوای چەند كاتژمێرێك مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
هاوكات لە 7/3/2018 لە نزیك گوندی هەرتەلی دۆڵی بالیسان سەركردەیەكی حیزبی دیموكراتی كوردستان تیرۆركرا بەناوی ( قادر قادری) تەمەن 50 ساڵی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان و دانیشتووی كۆیە،بەپێی راپۆرتی توێكاریش 21 گوللەی پێوە بووە، لە راگەیەنراوێكیشدا حیزبی دیموكراتی كوردستان كوشتنی قادر قادری خستووەتە ئەستۆی كۆماری ئیسلامیی ئێران.

لەماوەی تەنها ئەم مانگەدا ( مارسی 2018 ) سێ كادرو فەرماندەی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە باشوری كوردستان تیرۆركراون 


هەرئەو كات  ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران  كەپێكهاتوون لە(حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، حیزبی دێموكراتی كوردستان، كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران، كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران) لە راگەیەنراوێكی هاوبەشدا كە لە 7/3/2018 بڵاویانكردۆتەوە دەڵێن " دەزگای تێرۆری كۆماری ئیسلامی پێشینە و ڕابردوویەكی پڕ دیاری لە تێرۆری كادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبە كوردییەكانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمدا هەیە، هەر لە تێرۆرەكانی دەیەی ٩٠ی زایینی دژ بەهێزە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كە سەدان تێكۆشەری كوردیان لێ ستاندین، هەم لە تێرۆری كەسایەتییە سیاسییەكانی دژبەری كۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات، بە تایبەت تێكۆشەرانی كورد كە كۆماری ئیسلامیی ئێران و كاربەدەستانی هەرە سەرووی ئەو ڕێژیمە لە پشتی ئەو تێرۆر و تاوان و جیناتانە‌ن كە ڕێژیم لە دەرەوەی وڵات كردوونی"
ئەگەر ئەم هەوڵی تیرۆكردنانە بەشێكی كەمتەرخەمی بە هێزە ئەمنیەكانی هەرێمی كوردستانەوە هەبێت، ئەوا بەشێكی گومانی گەورە لەسەر هێزە باڵادەستەكانی كوردستان درووست دەكات، كە ئەگەر كارئاسانی یاخود رێگە خۆشكردن یان كەمتەرخەمی نەبێت، چۆن دەوڵەتێكی دراوسێ دەتوانێت بە ئاسانی دەزگاكانی خۆی بخزێنێتە ناو هەرێمی كوردستانەوەو تەسفیەی نەیارەكانی بكات، لەناو هەموو ئەو هێزە جۆراوجۆرە ئەمنی و هەواڵگریانەی هەرێمی كوردستان.
 مەترسی ئەو جۆرە تیرۆرانە تەنها بۆ حیزبی دیموكرات و حیزبەكانی رۆژهەڵات نیە هێندەی مەترسیەكە بۆسەر هەرێمی كوردستانە، بەو پێیەی ئێستا هەرێمی كوردستان سەروەری ئەمنی و هەواڵگری لەدەستداوە، چونكە جێگیركردنی  حیزبەكانی رۆژهەڵات لە هەرێمی كوردستان و راگرتنی چالاكیەكانیان لە ناو خاكی ئێران بە رێكەوتن بووە،  ئەمە تەنها هەر بۆ ئێران درووست نیە بەڵكو بۆ توركیاش درووستە كە توركیا سەرەرای لەشكركێشی بەردەوام و بوونی دەیان بنكەو بارەگای ئاشكرای سەربازی و هەواڵگری لە هەرێمی كوردستان، چەندین جار هەوڵی تیرۆركردن و رفاندنی داوە لە هەرێمی كوردستان هەر لە دەستگیركردنی دوو ئەندامی باڵای میت لە سلێمانی كە ویستبویان هەوڵی رفاندن ئەنجامبدەن و هاوكات هەوڵی رفاندنی ئەندام و لایەنگرانی كۆمەڵەی خزمەتی فەتحوڵا گویلەن لە هەولێر و سلێمانی.
ئێستا هەرێمی كوردستان بۆتە تەراتێنی  دەزگا هەواڵگری و سەربازیەكانی وڵاتانی دراوسێ بەتایبەتیش كۆماری ئیسلامی ئێران و توركیاو گۆمان دەكرێت كە دەزگای هەوڵگری زۆرێك لە وڵاتانی جیهانیش لە هەرێمی كوردستان كاری خۆیان بكەن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand