بارزانی بە دوو پێوانە مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندان دەكات
2018-09-05 14:17:16
راپۆرتی: محەمەد رەئوف – فازل حەمەرەفعەت
"هاوسۆزیی و پشتیوانیی خۆمان بۆ هاوڵاتیانی شاری بەسرا ڕادەگەیەنین و هیوادارین ڕێز لە مافەكانیان بگیرێت و داخوازییەكانیان جێبەجێ بكرێن كە لە ڕاستیدا ئەو داواكارییانە سادەترین مافە كە پێویستە هەر مرۆڤێك هەیبێت" ئەمە قسەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە.
بارزانی ئەم قسانەی لە راگەیەندراوێكدا كرد كە ئەمڕۆ بڵاویكردەوە و لە عێراق و هەرێمی كوردستان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی كاردانەوەی لێكەوتەوەو خوێندنەوەی جیاوازی بۆ كرا.
لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەندێك كەس هەڵوێستی بارزانییان سەبارەت بە خۆپیشاندەرانی بەسرە بەراورد كرد بە هەڵوێستی ئەو لەبارەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی هەرێمی كوردستان.
(درەو میدیا) بەراوردكارییەكی كورتی لەبارەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی ئێستای بەسرەو ناڕەزایەتییەكانی دوو ساڵی رابردووی هەرێمی كوردستان كردوەو داواكاریی هەردوولای بەراورد كردووە.
بەراوردكارییەكی كورت
ئەو شتانە چین كە خۆپیشاندەرانی بەسرە داوای دەكەن و مەسعود بارزانی پشتیوانیان لێدەكات و بە ڕەوایان دەزانێت، لەبەرامبەردا داواكاری خۆپیشاندەرانی هەرێمی كوردستان چی بوون بارزانی لە دژیان وەستایەوە.
داواكارییەكانی خۆپیشاندەرانی بەسرە
1- دابینكردنی ئاوی خواردنەوە
2- دابینكردنی كارەبا
3- دابینكردنی هەلی كارو دامەزراندنی دەرچوانی زانكۆ
4- فەراهەمكردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان
5- دادگاییكردنی بەرپرسە گەندەڵەكان
6- دەستگیركردنی بكوژانی خۆپیشاندەران و دادگاییكردنیان
داواكارییەكانی خۆپیشاندەرانی هەرێم
لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا شەپۆلێك خۆپیشاندان و ناڕەزایی زۆربەی شارەكانی كوردستانی گرتەوە، مەسعود بارزانی نەك پشتیوانی ئەو خۆپیشاندانانەی نەكرد، بەڵكو لە زۆربەی لێدوانەكانیشدا دژایەتی دەكرد، تەنانەت جارێكیان روی دەمی لە خۆپیشاندەران كرد و وتی:" بۆخۆتان هەڵپەڕن"، ئەو قسەیە كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
داواكارییەكانی خۆپیشاندەرانی هەرێمی كوردستان لە دوو ساڵی رابردوودا لەم خاڵانەدا كورت دەبنەوە:
1- دابینكردنی موچە
2- چارەسەری كێشەی كارەبا
3- چارەسەری كێشەی ئاو
4- خزمەتگوزارییە گشتییەكان
5- لێپرسینەوە لە بەرپرسانی حكومی
6- دەستگیركردنی بكوژانی خۆپیشاندانەكان و دادگاییكردنیان
"سیاسەتی دووپێوانە"
بەراوردكردنی داواكارییەكانی هەردوولا (خۆپیشاندەرانی بەسرە و هەرێمی كوردستان) دەردەكەوێت تاڕادەیەكی زۆر داواكارییەكان هاوشێوەن و پەیوەندییان بە پێداویستییە بنەڕەتییەكانی مرۆڤەوە هەیە، بەڵام بارزانی لەگەڵ ئەم كەیسەدا بە دوو پێوەر مامەڵە دەكات، یان ئەوەی لە زمانی سیاسیدا پێی دەوترێت "دووپێوانەیی" لە هەڵسەنگاندنی روداوەكاندا، رەنگە هەر ئەمەش هۆكارەكە بێت پشتیوانییەكەی بارزانی بۆ خۆپیشاندەرانی بەسرە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی هەرێمی كوردستان ناڕەزایەتی دروستكرد، نەك ئەوەی خەڵكی كوردستان دژی خواستەكانی خەڵكی بەسرە بن، لەكاتێكدا ئەوان خۆیان چەندین ساڵە لەو دۆخەدا دەژین كە ئیستا خەڵكی بەسرە تێیدا دەژین.
بارزانی و بەسرە
ئەوەی جێگەی سەرنجە بارزانی لە راگەیەندراوەكەیدا پرسی رەوایەتی داخوازییەكانی خەڵكی بەسرەو پشتیوانیكردنی بەستوەتەوە بە روداوێكی مێژووییەوە كە روداوی گەڕانەوەی مەلا مستەفای بارزانیی باوكییەتی لە سۆڤیەتەوە بۆ عێراق لەدوای روخانی رژێمی پاشایەتییەوە، كە لە یەكەم وێستگەی گەڕانەوەیدا لە بەندەری بەسرە دابەزیوەو بەهۆی ئەوەی گەڕانەوەكەی لەسەر خواستنی حكومەتی ئەوكاتی عێراق بووە، خەڵكی ئەو پارێزگایە پێشوازیان لێكردووە.
مەسعود بارزانی لە راگەیەنراوەكەیدا بەمشێوەیە باسی ئەو پەیوەندییە دەكات لەنێوان بنەماڵەكەیان و خەڵكی بەسرەدا و دەڵێ:" ئێمە هەرگیز لوتف و گەرمی و موحەبەتی خەڵكی بەڕێزی شاری بەسرا لەیاد ناكەین كاتێك بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازییان لە بارزانی نەمر و یاوەرانی كرد كە لەبەر خەباتیان لەدژی ستەم و جیاكاری بۆ ساڵانێكی درێژ پەنایان بۆ یەكێتی سۆڤییەت بردبوو".
بارزانی بە خستنەڕووی ئەم تێڕوانینە وا نیشان دەدات پشتیوانی ئەو بۆ خۆپیشاندانەكانی بەسرە هێندەی پەیوەندی بە روداوێكی مێژوویی و دۆستایەتی نێوان خێزانەكەی و خەڵكی ئەو ناوچەیەوە هەیە، هێندە پەیوەندی بە بیروباوەڕێكی بنەڕەتییەوە نیە كە خۆی دەبینێتەوە لە پشتیوانیكردنی داوای هەر مرۆڤێك لە هەر شوێنێكی جیهان كە پەیوەندی بە پێداویستی بنەڕەتی و ژیارییەوە هەبێت.
دەزگای خێرخوازی بارزانی و بەسرە
لە چەند رۆژی رابردوودا "دەزگای خێرخوازی بارزانی" هاوكاری خزمەتگوزاری بەتایبەتیش ئاوی خواردنەوەی گەیاندە بەسرە، پێدەچێت ئەم هەنگاوەش لەسەر فەرمانی مەسعود بارزانی بووبێت.
كۆمەكەكەی دەزگای خێرخوازی بارزانی بەهەمان شێوەی پەیامەكەی ئەمڕۆی بارزانی كاردانەوەی دروستكرد، زۆر كەس لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان رەخنەیان گرت، بەوپێیەی ئێستا زۆرێك لە شارەكانی هەرێمی كوردستان كێشەی ئاوی خواردنەوەیان هەیەو تۆڕەكانی ئاو خراپبوون.
ئەمە لەكاتێكدایە بارزانی لە راگەیەنراوەكەیدا دەڵێت" بە دڵنیاییەوە خەڵكی هەرێمی كوردستان ئەوەی لەدەستیان بێت بۆ گەیاندنی یارمەتی بۆ هاوڵاتیانی شاری بەسرا درێخی ناكەن".
بەسیاسیيكردنی خۆپیشاندانەكان
یەكێك لە كێشەكانی دیكەی راگەیەنراوەكەی بارزانی ئەوەیە كە بەم پشتیوانیكردنەی بەرگێكى سیاسی كردە بەری خۆپیشاندانەكانی عێراق، لانی كەم لای لایەنە سیاسییەكانی عێراق، ئەمە هەمان كێشەیە كە لەماوەی چەندین ساڵی رابردودا لە هەرێمی كوردستان روبەرووی بارزانی و دەسەڵاتەكەی بونەتەوەو هەمیشە دەستێكی سیاسی (دەرەكی یان ناوخۆیی) ئەگەر بونیشی نەبوبێت خستوەتە پشتی خۆپیشاندانەكان و ئەمەیان كردوەتە بەهانە بۆ خۆدزینەوە لە جێبەجێكردنی داواكاری خۆپیشاندەران.
چەندین راپۆرتى رۆژنامەوانیی هەن كە دەیسەلمێنن داواكارییەكانی خەڵكی بەسرە رەوان و دۆخی ژیان لەو ناوچەیە زۆر خراپە، بەڵام هێشتا چەندین راپۆرتی تر هەن كە باس لە دەستوەردانی سیاسی دەكەن لە خۆپیشاندانەكان، كە بەپێی زانیاری ئەو راپۆرتانە هەندێك لایەنی سیاسی ناوخۆیی و دەرەكی خزاونەتە ناو خۆپیشاندانەكان بەمەبەستی دروستكردنی كاریگەری لەسەر پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق كە ئێستا هەنگاوی سەرەتای دەستیپێكردووە.
پەیامەكەی بارزانی ئەگەر لای خەڵكی ئاسایی و خۆپیشاندەرانی بەسرە پەیامێكی پشتیوانی مرۆیی بێت، ئەوا بە دڵنیایی لای سیاسەتمەدارانی عێراق مانایەكی تری هەیە، رەنگە هەندێك ئەمە وەكو وەڵامدانەوەیەكی بارزانی تەماشا بكەن بۆ پشتیوانیەكانی پێشووی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ خۆپیشاندەرانی هەرێمی كوردستان لەكاتی بڕینی موچەدا.