Draw Media

ڕێككەوتنی گۆڕان و پارتی چاوەڕوانی دوا قسەی بارزانییە

ڕێككەوتنی گۆڕان و پارتی چاوەڕوانی دوا قسەی بارزانییە

2018-09-04 17:09:01


راپۆرتی: درەو میدیا
پارتی دیموكراتی كوردستان بەڕێككەوت كۆبوونەوەكەی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان نەخستە دواین كۆبونەوەی لەگەڵ حزبەكان، ئەمە قسەی بەشێكە لە چاودێران، كە كۆمەڵێك خوێندنەوەیان هەیە بۆ ئەم بۆچونەیان، ڕایەكیان دەڵێت، پارتی دەزانێت گۆڕان پارسەنگی ئەو هێزانەیە كە بە ناڕازی ناویان دێت، بۆیە گرنگە بەلایەوە بگاتە ڕێككەوتن لەگەڵی بەتایبەت كە گۆڕان خواستێكی بەهێزی هەیە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن.
خوێندنەوەیەكی تریش پێیوایە، بەوپێیەی پارتی و گۆڕان ماوەیەكە سارد و سڕییە سیاسییەكانی ڕابردوویان تێپەڕاندووە، ئامادەكاریی زۆریان كردووە بۆ ئەم كۆبوونەوەیە تا لەسەر زیاد لە پرسێك، ئەگەر لەسەر كۆی پرسەكان نەبێت، بگەنە جۆرێك لە ڕێکكەوتن و لێكگەیشتن و كۆتاییهێنان بە كێشەكانی ڕابردوویان.
بەپێی زانیارییەكانی " درەو میدیا " كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ كە لە گردی زەرگەتە بارەگای سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان بەڕێوەچووە، هەردوولا كۆبوونەوەیان بە ئیجابی وەسفكردووە، بزوتنەوەی گۆڕان پێداگری لەسەر باشكردنی پەیوەندییەكانی نێوانیان و دۆزینەوەی كەناڵی پەیوەندی جۆراوجۆر لەگەڵ پارتی كردووە بۆ هەماهەنگی و بەردەوامبوون.
بە وتەی هەندێ سەرچاوە، ئیجابیبوونی ئەم پێداگرییەی گۆڕان و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ پارتی، بایەخێكی زۆری بۆ پارتی هەیە، بەوپێیەی ڕزگاری دەبێت لە مامەڵكردنی لەگەڵ تاكە هێزێك لە سنوری پارێزگای سلێمانی (یەكێتی نیشتمانی كوردستان) كە وەك بەشێ لە سەركردەكانی پارتی لە چەندین بۆنەی باسیان لەوەكردووە، گیرۆدەی دەستی، نادیاری بڕیاری سیاسی و فرە جەمسەری ئەو حزبە بوون.
هەر بەگوێرەی زانیارییەكان، بزوتنەوەی گۆڕان لە كۆبوونەوەكەدا داوای لەپارتی كردووە بەهەر نرخێك بووە پێویستە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دوابخرێت، وەفدەكەی پارتیش جگە لەوەی ئاسودەییان پێوەدیاربووە كە گۆڕان پێداگری لەسەر ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوانیان كردووە، ئەم دواكارییەی گۆڕانیان ڕەتنەكردوەتەوە، بەڵام بەهۆی ترسیان لە پێداگریكردنی مەسعود بارزانی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەڵێنی دواخستنی هەڵبژاردنیان نەداوە بە گۆڕان.
"درەو میدیا" لەزیاد لە سەرچاوەیەكەوە زانیویەتی ئەو میكانیزمانەی لە كۆبوونەوەكەدا خراونەتەڕوو بۆ دواخستنی هەڵبژاردن و هەنگاوەكانی دوای ئەو كە لە شێوەی ڕێككەوتنێكی سیاسیدا خۆی بەیان دەكات بەم شێوەیەیە.  
-    دواخستنی هەڵمەتی هەڵبژاردن لە لایەن كۆمسیۆنەوە بۆ ماوەی 6 رۆژ وەك دەستپێكی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە لە 30ی ئەیلول بەڕێوەبچێت.
-    لێكتێگەیشتن و جۆرێك لە یەكدەنگی كراوە بەوەی ئاشتەوایی نیشتمانی لەلایەن تەواوی حزبەكانی هەرێمی كوردستانەوە رابگەیەنرێت لە هەولێری پایتەخت.
-    بزوتنەوەی گۆڕان وەزیرەكانی بگەڕێنێتەوە ناو حكومەتی هەرێمی كوردستان.
-    تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لە شەش مانگ بۆ ساڵێك درێژبكرێتەوە. 
-    هەموو لایەنە سیاسییەكان لە بەغداد پێكەوەبن بۆ گفتوگۆكردن و خستنەڕووی داواكانی كورد لە حكومەتی نوێی عێراقدا.

وەك هەنگاوی یەكەم  كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان كە ئێوارەی ئەمڕۆ كۆبووەوە، بڕیاریدا بە دواخستنی هەڵمەتی هەڵبژاردن بۆ ماوەی شەش رۆژ، هەنگاوەكانی تریش لە چاوەڕوانی قسەی بارزانیدان، ئەگەر پێداگری بكات لەسەر هەڵبژاردن، ئەوا نزیكبونەوەكەی گۆڕان و پارتی هیچی لێ سەوزنابێت و ڕەنگە بزوتنەوەی گۆڕان  بایكۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكات، وەك ئەوەی  یوسف محەمەد سەرۆكی پێشوی پەرلەمانی كوردستان  بە دەنگی ئەمریكا وتوە، چوار لایەنەكە لە گفتوگۆی دواخستنی هەڵبژاردن یان بایكۆتی بەكۆمەڵن، یان ئەگەر بارزانی ڕازیبێت بەدواخستنی هەڵبژاردن بەوەش كەشێکی سیاسی نوێ‌ لە كوردستان بێتە ئاراوە. 
"درەو میدیا" ئەوەشی زانیوە، لە چەند رۆژی رابردوودا بافڵ تاڵەبانی سەردانی عومەری سەید عەلی كردووە و داوایكردووە پێكەوە وەفدێك پێكبهێنن و بچنە لای مەسعود بارزانی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن.

گۆڕان و پارتی لەكوێدا پچڕان لەوێوە دەستپێدەكەنەوە
پێدەچێت پیشاندانی نیازپاكیی بزوتنەوەی گۆڕان لە یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و پێداگریكردن لەسەر دۆزینەوەی كەناڵی پەیوەندی و كۆتاییهێنان بە كێشەكانی ڕابردوو، لای پارتی دیموكراتی كوردستان گوێیەكی باش بدۆزێتەوە بۆ تەوزیفكردن و خوڵقاندنی قۆناغێكی نوێ لە كاری سیاسی، پارتی ئێستا  لەگەڵ ئەو تەمەننایانەدا مامەڵ دەكات كە لە دوای مەرگی نەوشیروان مستەفاوە دەیخواست وداوایدەكرد لە نێوان خۆی و بزوتنەوەی گۆڕاندا بێتە ئاراوە.
هەموو ئاماژەكانی دەڵێن، پارتی و گۆڕان پەڕەیەكی سیاسی نوێ‌ لە پەیوەندییەكان هەڵدەدەنەوە، سەرەتای گەرمبونەوەی ئەم پەیوەندییانەش بۆ هاتنە پێشەوە یاخود وروژاندنەوەی پرسی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە، كە لە مانگی ئابی ساڵی 2015داو، دوای ئەوەی  سەرۆكی پەرلەمان كە لە بزوتنەوەی گۆڕان بوو سوربوو لەسەر هەمواركردنەوەی یاساكە، كێشەكانی نێوان پارتی و بزوتنەوەی گۆڕان تەقینەوە و بە داخستنی پەرلەمانی كوردستان و دوورخستنەوەی وەزیرەكانی گۆڕان لە كابینەی حكومەت دەستیپێكرد، دوای تەواوبوونی ئەو گەڕە لە ململانێی توند و ناكۆكی سیاسی كە هەرێمی كوردستانی دووچاری قەیرانێكی گەورە كرد، جارێكی تر بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان لەوێوە دەستیانپێكردەوە.

چۆنیەتی دروستبونی پەیوەندییەكان
تێكچونی پەیوەندییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان ڕۆڵی دیاری هەبوو لە نزیكبونەوەی گۆڕان و پارتی، بەتایبەت دوای پەلاماردانی گردی زەرگەتە لەلایەن هێزێكی یەكێتی لە شەوی 12ی ئایاری ئەمساڵ و تۆمەتباركردنی یەكێتی لەلایەن گۆڕانەوە بە ساختەكاریكردن لە هەڵبژاردنەكاندا.
بەوتەی هەندێك سەرچاوەی ئاگادار، لەدوای ئەو ڕووداوانە بەشێك لە سەركردەكانی گۆڕان هەوڵی دروستكردنەوەی پەیوەندییانداوە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و ئامادەییان پیشانداوە كە پەڕەیەكی نوێ‌ لە هەماهەنگی و كاری سیاسی لەگەڵ پارتی هەڵبدەنەوە، یەكەم هەنگاوی ئەو پەیوەندییە نوێیەش بە پێشكەشكردنی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم لەلایەن گۆڕانەوە دەستیپێكرد و بەپێی زانیارییەكانی "درەو میدیا"ش، بەشێك لە سەركردەكانی گۆڕان لە پەیوەندی بەردەوامدان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و چەند سەركردەیەكی تری پارتیدا.


 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand