بەرهەم ساڵح چانسی گەورەی هەیە
2018-09-03 18:04:28
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
رۆژێكی تەواو تێنەپەڕی، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بێبەریبوونی خۆی لە راگەیەندراوێك راگەیاند، كە لەبارەی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقەوە، بەناوی ئەوەوە بڵاوكرایەوە.
هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە رونكردنەوەیەكدا پشتڕاستیكردەوە، ئەوەی بڵاوكراوەتەوە بۆچونی ئەوە، بەڵام بەبێ رەزامەندی خۆی بڵاوكراوەتەوە.
راگەیەندراوەكەی دوێنێ كە بەناوی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدەوە بڵاوكرایەوە، ناوەڕۆكەكەی گوزارشت بوو لە داخستنی دەرگای كاندیدبوونی (بەرهەم ساڵح) و (مەلا بەختیار) بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق لەسەر پشكی یەكێتی، چونكە راگەیەندراوەكە نوسیبووی "دەبێت سەركردایەتی هەڤاڵێكی بەئەزمون و مولتەزیمی یەكێتی و قاڵبووی خەبات و تێكۆشان و دانەبڕاوی رێبازەكەی مام جەلال بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید بكات"، دەستەواژەی "دانەبڕاو" لە راگەیەندراوەكەدا وا لێكدرایەوە كە بە تەنیا مەبەست لێی (بەرهەم ساڵح)ە كە ئێستا لە یەكێتی دابڕاوەو حزبێكی نوێی دروستكردووە، ئەوە لەكاتێكدایە ئەم پرسە (مەلا بەختیار)یش دەگرێتەوە كە ساڵانێك لەدوای دروستكردنی "ئاڵای شۆڕش"وە لەلایەن یەكێتییەوە دەستگیركراوە و دوای ئازادبونیشی لە یەكێتی جیابوەتەوە و ماوەیەك دابڕاوە.
(درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكەوە زانیویەتی، (شاناز ئیبراهیم ئەحمەد) رۆڵی هەبوو لە بڵاوكردنەوەی ئەو راگەیەندراوە، تەنانەت هەندێك دەڵێن شاناز ئیبراهیم خۆی بەناوی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدی خوشكییەوە راگەیەندراوەكەی نوسیوە.
لەپشتی پەردەكەوە چی رویدا ؟
بڵاوبونەوەی راگەیەندراو بەناوی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدەوە دوای ئەوە هات دەنگۆی رێككەوتنێكی نهێنی نێوان بافل تاڵەبانی كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی و بەرهەم ساڵح لە میدیاكانەوە بڵاوبوەوە، كە بەپێی ئەو رێككەوتنە بەرهەم ساڵح دەبێت بە كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار.
(درەو میدیا) زانیویەتی، ئەندازیاری گەڕاندنەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی لەڕێگەی پێدانی پۆستی سەرۆك كۆمارەوە، لاهور شێخ جەنگی ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی و سەرۆكی ئاژانسی پاراستن و زانیاری- زانیاری بووە، بەڵام بافڵ تاڵەبانی هەوڵیداوە بەڕەی رێككەوتنەكە لەژێر پێی لاهور شێخ جەنگی رابكێشێت و بەرلەوەی ئەو رێككەوتنەكە بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە، بافڵ تاڵەبانی، بەرهەم ساڵحی بردووە بۆ لای مەسعود بارزانی و وەكو تاكە كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ناساندویەتی.
پێشتر، هەمان ناكۆكی لەنێوان لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی لەبارەی پرسی داوای لێبوردن لە بزوتنەوەی گۆڕان روویدا، لاهور شێخ جەنگی رێخۆشكەری كرد بۆ داوای لێبوردنەكە، بەڵام بافڵ تاڵەبانی چووە سەر گۆڕەكەی نەوشیروان مستەفا و بوو بە خاوەنی دەستپێشخەرییەكەی یەكێتی بۆ ئاشتەوایی لەگەڵ گۆڕان.
كورسییەك و سێ بۆچونی جیاواز
لەسەر كوسی سەرۆك كۆمار، بەشێوەیەكی گشتی لەناو یەكێتیدا (3) بۆچوون دروسبووە:
بۆچوونی یەكەم:
ئەم بۆچونە دەڵێ" ئەو كەسەی دەبێت بە كاندیدی سەرۆك كۆمار لەسەر پشكی یەكێتی، دەبێت یەكێتی بێت"، بەواتای ئەوەی سەركردایەتی یەكێتی متمانەی پێبدات.
ئەم بۆچونە باڵێكی بەهێزی ماڵبات نوێنەرایەتی دەكات، بەتایبەتی (شاناز ئیبراهیم ئەحمەد) كە زۆرجار بەناوی (هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد)ی خوشكییەوە قسە دەكات.
بۆچوونی دووەم:
ئەم بۆچونە دەڵێ" بەرهەم ساڵح كاندیدی سەرۆك كۆمار بێت لەسەر پشكی یەكێتی، بەڵام بەمەرجێك ئەمە لەبەرامبەر ئاشتەوایكردن و گەڕانەوە بەرهەم ساڵح بێت بۆ ناو یەكێتی و بەهێزكردنەوەی یەكێتی.
كۆسرەت رەسوڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی بە توندی پاڵپشتی ئەم بۆچونە دەكات و بەمدواییە بافڵ تاڵەبانی كوڕی جەلال تاڵەبانیشیان راكێشاوە بۆ ناو ئەم رەوتە، بەڵام ئەمە لەبەرامبەر رێككەوتنێكی كۆنكرێتیدا دەبێت بۆ بەهێزكردنی یەكێتی.
بۆچونی سێیەم:
ئەم بۆچونە داوا دەكات" یەكێتی دەستبەرداری پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق ببێت بۆ لایەنەكانی تر"، بەهانەی ئەم كەسانە بۆ دەستبەردابوون لەو پۆستە ئەوەیە، پارتی وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوكی خستوەتە بەرامبەر پۆستی سەرۆك كۆمار، ئەمانە داوا دەكەن یەكێتی دەست بە پۆستی پارێزگاری كەركوكەوە بگرێت، بەڵام ئەم بۆچونە لاوازە.
بازەكە بەسەر شانی كێوە دەنیشێتەوە ؟
هەرسێ بۆچونەكە لەناو سەركردایەتی یەكێتیدا پشتیوان و لایەنگرییان هەیە، بە تەماشاكردنی كاندیدەكانی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دەتوانرێت بەمشێوەیە دابەشكارییان بۆ بكرێت:
1- ئەوانەی خاوەنی بۆچونی یەكەمن، واتا داوا دەكەن كاندیدی سەرۆك كۆمار كەسێكی یەكێتی بێت و سەركردایەتی یەكێتی متمانەی پێبدات، چوار كاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار هەیە كە ئەمانەن:
• عومەر فەتاح
• مەلا بەختیار
• محەمەد سابیر
• لەتیف رەشید
2- ئەوانەی خاوەنی بۆچونی دووەمن، واتا داوای دانانی بەرهەم ساڵح دەكەن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار لەبەرامبەر گەڕانەوەی بۆ ناو یەكێتی هەر یەك كاندیدیان هەیە كە ئەویش بەرهەم ساڵحە و پشتیوانی لێدەكەن.
3- ئەوانەی خاوەنی بۆچونی سێیەم دەكەن هیچ كاندیدێكیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار نییە، چونكە ئەمانە لە بنەڕەتەوە داوا دەكەن یەكێتی دەستبەرداری ئەو پۆستە ببێت و پۆستی پارێزگاری كەركوك وەربگرێت
ئێستا بەگشتی یەكێتی (4) كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار هەیە، كە هەر چواریان لە دەرەوەی یەكێتی چانسیان بەهێز نییە، مەبەست لە دەرەوەی یەكێتی ئەو لایەنانەن كە رۆڵیان دەبێت لە پەسەندكردنی كاندیدی سەرۆك كۆمار و پێكهاتوون لە (ئەمریكا، بەریتانیا، ئێران، لایەنە ناوخۆییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان).
چوار كاندیدەكەی یەكێتی كە بریتین لە (عومەر فەتاح، مەلا بەختیار، محەمەد سابیر، لەتیف رەشید)، دانانی هەریەكەیان كێشەی ناوخۆی یەكێتی قوڵدەكاتەوە و رەنگە هەندێكیشیان بەدانانیان لە دەرەوە كێشە بۆ یەكێتی دروستبكەن.
ئەمە وایكردووە چانسی بەرهەم ساڵح وەك تاكە كاندید لە دەرەوەی یەكێتی بەهێز ببێت بۆ گەیشتن بە كورسی سەرۆك كۆماری داهاتووی عێراق.
ئەوەی چانسی بەرهەم ساڵحی بۆ گەیشتن بە كورسییەكەی تاڵەبانی لە بەغداد بەهێزكردووە، ئەو كۆدەنگییە ناوخۆیی و دەرەكیەیە كە پشتیوانی بەهێزبونەوەی یەكێتی دەكەن، بەپێچەوانەی (4) كاندیدەكەی ناوخۆی یەكێتییەوە كە دانانی هەریەكەیان كێشەكانی ناو یەكێتی قوڵتر دەكاتەوە، پێدانی پۆستی سەرۆك كۆمار بە بەرهەم ساڵح یەكێتی بەهێز دەكات بەتایبەتی لەكاتێكدا پێدانی ئەو پۆستە لەبەرامبەر گەڕانەوەی بێت بۆ ناو یەكێتی.
بەهێزبونەوەی یەكێتی نشتیمانی خواستی كۆمەڵێك لە وڵاتانی ناوچەكە و جیهانیشە كە چاویان لە راگرتنی سەقامگیری ناوچەیەكە لە دۆخی ئێستادا، بەتایبەت ئێران و بەریتانیاو ئەمریكا، ئەم وڵاتانە بەمدواییە چەندین هەوڵیانداوە بۆ رێكخستنەوەی ناوماڵی یەكێتی و لەوچوارچێوەیەشدا هەوڵی گەڕاندنەوەی بەرهەم ساڵحیان داوە بۆ ناو یەكێتی.
سەرباری پشتیوانی دەرەكی، لەسەر ئاستی ناوخۆ پارتی پشتیوانی دانانی بەرهەم ساڵح دەكات بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، هاوكات بەرهەم ساڵح لەلایەن چوار لایەنە ناڕازییەكەوە پشتیوانی دەكرێت كە بریتین لە (بزوتنەوە گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری)، واتە بەشێوەیەكی گشتی بەرهەم ساڵح كۆدەنگی دەرەكی و ناوخۆیی لەسەرە، ئەمەش چانسی ئەوی بۆ گەیشتن بە پۆستی سەرۆك كۆمار گەورە كردووە.
یارو نەیارە سەرسەختەكانی بەرهەم ساڵح
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) ماوەی زیاتر لە دوو مانگە، كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی لە هەموو كۆڕو كۆبونەوەكانی لەگەڵ وەفدە بیانی و ناوخۆییەكان بەردەوام ناوی بەرهەم ساڵحی بردووە وەكو كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار.
ئێستا تاكە كێشەی بەردەم گەیشتنی بەرهەم ساڵح بە پۆستی سەرۆك كۆمار بریتییە لە بەشێك لە ئەندامانی ماڵبات بەدیاریكراویش (شاناز ئیبراهیم ئەحمەد) كە (لەتیف رەشید)ی هاوسەری خۆی و (محەمەد سابیر)ی هاوسەری (هەتاو ئیبراهیم ئەحمەد)ی خوشكی كاندیدن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، بەڵام ڤیتۆی ئەم باڵە لەسەر بەرهەم ساڵح لاوازە، چونكە كاندیدەكانی خۆیان لە كۆمیتەی سەركردایەتی یەكێتیدا لاوازن و سەرباری ئەوەش لە كۆمیتەی سەركردایەتیدا دوو ركابەری تریان بۆ دروستبووە كە بریتین لە (عومەر فەتاح) و (مەلا بەختیار).
پارتی بۆچی كاندیدی بۆ سەرۆك كۆمار هەیە ؟
پارتی دیموكراتی كوردستان دوو كەسیان وەكو كاندید بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ئامادە كردووە كە بریتین لە (هۆشیار زێباری) و (فوئاد حسێن).
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، پارتی ئەو دوو كەسەی تەنیا وەكو ئامادەكاری بۆ حاڵەتی سەركەوتنی "بۆچونی سێیەم" لەناو یەكێتی ئامادەكردووە، واتە بۆ حاڵەتی ئەوەی یەكێتی دەستبەرداری پۆستی سەرۆك كۆمار ببێت بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك.