گۆڕان تەنها بەشداری دانیشتنی یەكەم ناكات
2018-09-03 14:46:10
( درەو میدیا):
فراكسیۆنی گۆڕان لە خولی نوێی پەرلەمانی عێراق كە ژمارەیان (5) كەسە، بەشداری یەكەم دانیشتنی خولی چوارەمی پەرلەمانیان نەكرد.
لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (درەو میدیا)، كاوە محەمەد كاندیدی دەرچووی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی بزوتنەوەی گۆڕان راگەیاند، لەلایەن خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕانەوە پێیان راگەیەنراوە بەشداری دانیشتنی ئەمڕۆ پەرلەمان نەكەن.
كاوە محەمەد وتی:" بەشدارینەكردنمان لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق، بۆ رێزگرتن بوو لە دەنگدەرانی خۆمان لەبەرامبەر ئەو ساختەكارییانەی كە بەرامبەر بە دەنگدەرانی گۆڕان كرا، لە هەمانكاتدا ئەو رێككەوتن و هاوپەیمانێتییانەی كە كراوە بەبێ ئاگاداری ئێمە بووەو نازانین چۆن كراوەو لەسەر چی كراوە، بۆیە ئێمە تەنها بەشداری یەكەم دانیشتنی خولی چوارەمی پەرلەمانمان نەكردووە و سوێندی دەستووری نەخواردووە".
دەبێت جڤات بڕیاربدات
لەلایەكی ترەوە، شۆڕش حاجی ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لە لێدوانێكدا بۆ میدیای حزبەكەی دەڵێ:" بەشدارینەكردنی نوێنەرەكانیان لە دانیشتنەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پەیوەستە بە بڕیاری سیاسی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە".
"پێشتر جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاریداوە ئەو ئەنجامانە قبوڵنەكات، بۆیە تا ئەوكاتەی جڤاتی كۆنەبێتەوە و بڕیارنەدات، نوێنەرەكانمان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەشداری هیچ دانیشتنێك ناكەن، چونكە ئێمە تائێستا لەناوخۆی خۆماندا ئەنجامەكەمان پەسەند نەكردووە".
هاوپەیمانێتییەكە تەقەی تێكەوت!
رۆژی 28ی مانگی رابردوو بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری هاوپەیمانێتییەكیان لە نێوان فراكسیۆنەكانیان لە بەغداد راگەیاند.
لە یەكەم ئەزموندا كە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بوو، هاوپەیمانێتییەكە مشتومڕی تێكەوت، كاندیدە دەرچووەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بایكۆتی دانیشتنەكەیان كرد، بەڵام سێ لایەنە هاوپەیمانەكەیان (كۆمەڵ، یەكگرتوو، هاوپەیمانی) بەشدارییان كرد.
هۆشیار عەبدوڵا كاندیدی دەرچووی پەرلەمانی عێراق لە لیستی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند" ئەو هاوپەیمانییەی بە حساب لە كۆبوونەوەی لوتكەی چوار لایەنەكە بڕیاری لێدرا، یەك هەنگاو بڕی نەكرد، گۆڕان هەر خۆی بایكۆتی كۆبونەوەی پەرلەمانی عێراقی كرد".
هۆشیار عەبدوڵا ئاماژە بەوەدەكات، سیاسەت هەڵوێستە جا هەڵوێستی بچوك یا گەورە، باشتر بوو دوای ئەو هەموو ناڕەزایی دەربڕینە دژی ساختەكاری، لانیكەم بۆ موقاتەعەی جەلسەی كردنەوەی خول و سوێندخواردن، هاوڕای گۆڕان بوونایە، ئەی مەگەر بۆچی دونیایان سەرقاڵكرد بەوەی گوایە بۆ هاوڕایی و هاوهەنگاوی ئیئتیلافیان پێكهێناوە".
لە بایكۆتەوە بۆ بەشداری
ئێوارەی رۆژی 12ی ئایار دوای كردنەوەی سندوقەكانی دەنگدان و ئەژماركردنی بەرایی دەنگەكان، بزوتنەوەی گۆڕان وەكو یەكەم لایەن بانگەشەی ساختەكردنی تەواوەتی پرۆسەی هەڵبژاردن و هاككردنی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانی كرد، دوای گۆڕان ژمارەیەك لایەنی تریش هەمان بانگەشەیان بڵاوكردەوە و گومانەكە لەسەر ئاستی عێراق تەشەنەی كرد.
لە هەرێمی كوردستان سەرەتا شەش لایەن، كە ئێستا بوون بە چوار لایەن، دژی ساختەكاری هەوڵی هاوبەشیان دەستپێكرد كە بریتی بوون لە (گۆڕان، كۆمەڵ، یەكگرتوو، هاوپەیمان)، لەو پێناوەشدا ئەم چوار لایەنە سەرەتا بانگەشەی ئەوەیان كرد رەنگە "لە پرۆسەی سیاسی عێراق بكشێنەوە"، بەڵام دواجار و دوای ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكان، سەرباری ئەوەی ژماردنەوەی دەنگەكان هیچ گۆڕانكارییەكی دروستنەكرد، بەڵام ئەو لایەنانە پرۆسەی سیاسییان بایكۆت نەكرد و ئەمڕۆ جگە لە بزوتنەوەی گۆڕان، هەموو لایەنەكانی تر چونە بەغداد، بەپێی زانیارییەكانیش، بایكۆتەكەی بزوتنەوەی گۆڕانیش تەنیا یەك دانیشتن دەگرێتەوە و لەدانیشتنەكانی تر نوێنەرەكانی گۆڕانیش بەشدار دەبن.