دۆخی سیاسی عێراق بە هەستیارترین ساتەکانیدا تێدەپەڕێت
2018-09-02 21:22:13
( درەو میدیا):
ئێوارەی ئەمڕۆ و چەند كاتژمێرێك پێش دەستپێكردنی دانیشتنی یەكەمی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق، میدیاكانی عێراق هەواڵی پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیان ڕاگەیاند، كە دیارترین ئەو لایەنانەی بەشدارن تیایدا ئەم هێز و لایەنانەن:
(هاوپەیمانی سائیرونی موقتەدا سەدر و ئیئتیلافی نەسر حەیدەر عەبادی و لیستی حیكمەی عەمار حەكیم و ئیئتیلافی نیشتمانی ئەیاد عەلاوی و بەرەی توركمانی و بەیارقی خەیر و پێكهاتەی سابئە و كریستیان و ئێزدی و عابرون و هاوپەیمانی بڕیاری عێراقی (ئوسامە نوجێفی) و هاوپەیمانی تەمەدون و هاوپەیمانی سەلاحەدین ناسنامەمانە، هاوپەیمانی نەینەوا ناسنامەمانە، ئەنبار ناسنامەمانە، هاوپەیمانی بەغداد، نەوەی نوێ، هاوپەیمانی عەرەبی کەرکوک)، بەهۆی ئەوەی گوماندەدەكرێت لیستەكەی عەبادی لێكترازان تیایدا ڕویدابێت، ژمارەی ئەم هاوپەیمانێتیە ڕوون نیە، هەندێك بە 177 و هەندێكی تر 171 و هەندێكی تریش دەڵێن، تائێستا نەگەیشتونەتەئەوەی زۆرینەی پەرلەمانیی بەدەستبهێنن.
ئەوەی جێی سەرنجە ناوی هیچ كوتلەیەكی كوردی لەنێو ئەم هاوپەیمانێتیەدا بەدی ناكرێت،لەكاتێكدا هێز و كوتلەی پێكهاتە جیاوازەكان پەیتا پەیتا پەیوەندی بەم هاوپەیمانێتیەوە دەكەن، بەگوێرەی هەندێك سەرچاوە یەكێتی و پارتی تائێستا خۆیان یەكلانەكردۆتەوەو بەهۆی فشاری زۆری ئێرانیەكانیەوە نەیانتوانیوە لانی كەم تائەم ساتە پاڵبدەن بەم هاوپەیمانێتیەوە كە ڕەنگە لەم چەند كاتژمێری لەبەردەستدا ماوە ئەوانیش بڕیاری یەكلاكەرەوەی خۆیان بدەن و هێزە كوردییەكانی تریش تائێستا هەڵوێستیان ڕون نیە دەچنە پاڵ ئەم هاوپەیمانێتیە یان هەر لەدورەوە تەماشاكەر دەبن.
بەڕای بەشێك لەچاودێران، بەنیسبەت كوردەوە ڕەنگە هەمان سیناریۆی ساڵی 2014 دوبارەبێتەوەو لەساتەكانی كۆتایدا بڕیاری بەشداری بدەن و سودێكی وا لەو كورسیانە نەبینن كەبەدەستیان هێناوە، نە لەبەدەستهێنانی پرسە نەتەوەییەكان و نەدەستكەت و ئیمتیازێكی زیاتر لەوەی ڕابردو بەدەستیان هێناوە.
بەڵام وەك دەوترێت ئەمە هەموو دیمەنەكە نیە، لەوبەریشەوە كوتلیەكی بەهێز بونی هەیە كە ژمارەی كورسیەكانی نزیكدەبێتەوە لە 100 كورسی و وێڕایی ئەو پشتیوانیە بەهێزەی ئێرانیەكان كە هەمیشە وادەكات پێشهاتە سیاسیەكان بەڕووی هەمو ئەگەرەكاندا كراوەبن.