Draw Media

بافڵ تاڵەبانی هەوڵێكی قوبادی برای تاقیدەكاتەوە

بافڵ تاڵەبانی هەوڵێكی قوبادی برای تاقیدەكاتەوە

2018-09-02 16:10:14


راپۆرت: نامیق رەسوڵ- فازل حەمەڕەفعەت
"نە خۆمم كاندید كردووە، نە هاوپەیمانیش منی كاندیدكردووە" ئەمە نوێترین وتەی بەرهەم ساڵحە لەسەر پرسی كاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق.
لەدوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە لە 12ی ئایاردا، دەنگۆی كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق گفتوگۆی چڕی لەبارەوە دەكرێت.
ماوەی نزیكەی چوار مانگە قسە لەبارەی كاندیدبونی دەكرێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، بەرهەم ساڵح هیچ قسەیەكی نەكردووە، نە هەواڵ و دەنگۆكانی رەتكردوەتەوە، نە پشتڕاستیشی كردونەتەوە، بەڵام ئەمڕۆ بۆ یەكەمجار بەفەرمی لەبارەی كاندیدبونییەوە لەسەر ئەو پرسە قسەیكرد و هەموو دەنگۆكانی رەتكردەوە، روونكردنەوەكەی ئەمڕۆی بەرهەم ساڵح دوای چەند كاتژمێرێك هات لە بڵاوكردنەوەی راگەیەنراوێك لەلایەن هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدەوە كە دەرگای لەسەر كاندیدكردنی بەرهەم ساڵحی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار داخست.


ئەمریكا پشتیوانی بەرهەم ساڵح دەكات
گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق و دابەشكردنی سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی عێراق لە قۆناغی كۆتایی نزیكدەبێتەوە، یەكێك لەو پۆستە سیادییانەی كە لە دوای 2003و بونیادنانەوەی عێراقی دوای بەعس بەر كورد دەكەوێت، پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقە، لە سێ‌ خولی رابردوودا ئەو پۆستە بەدەست یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە بووە، "مام جەلال" دوو خول و " فوئاد مەعسوم" خولێك.
لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار، برێت مەكگۆرك نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە "داعش" كە رۆڵی سەرەكی هەیە لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا، سەردانی سەرجەم لایەنەكانی كرد لە هەرێمی كوردستان و خواستی ئەمریكای بۆ دووبارە كاندیدكردنەوەی حەیدەر عەبادی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران دەربڕی و هاوكات پشتیوانیشی لەوەكرد، پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بدرێت بە بەرهەم ساڵح كە پێشتر جێگیری سكرتێری گشتی یەكێتی بوو و ئێستا سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەرییە.
هێشتا یەكێتی و پارتی لەسەر دابەشكردنی پۆستەكانی بەغداد لەنێویشاندا پۆستی سەرۆك كۆمار نەگەیشتونەتە رێككەوتوون، پارتی ئێستا پۆستی سەرۆك كۆمار بە مافی خۆی دەزانێت، یەكێتی دەڵێ یەكلابوەتەوە پۆستی سەرۆك كۆمار جارێكی تریش هەر بۆ خۆی دەبێت، لەم نێوەندەشدا باس لەوەدەكرێت، یەكێتی بە مەرجێك پۆستی سەرۆك كۆمار بە بەرهەم ساڵح دەدات، بگەڕێتەوە بۆ ناو یەكێتی و حزبەكەی دابخات.

رێككەوتنەكەی بافڵ تاڵەبانی
لە چەند رۆژی رابردوودا بافڵ تاڵەبانی كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی كە ماوەیەكە بەشداری كۆبونەوەكانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەكات، جموجوڵی دەستپێكرد و لەگەڵ بەرهەم ساڵح كۆبووەوە.
بە گوێرەی زانیاری چەند سەرچاوەیەك، بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ بەرهەم ساڵحدا رێككەوتنی كردووە بۆئەوەی لەبەرامبەر گەڕانەوەی بۆ ناو یەكێتی، پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق وەربگرێت، بەڵام ئەم رێككەوتنەی بافڵ و بەرهەم ساڵح لەلایەن مەكتەبی سیاسی یەكێتییەوە پەسەند نەكراوە.
دایكی ریسەكەی بافڵ دەكاتەوە بە خوری 
لە كاتێكدا باس لە رێككەوتنی نێوان بافڵ تاڵەبانی و بەرهەم ساڵح دەكرا، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد كە ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بڕیاردەری یەكەمی یەكێتییە، شەوی شەممە لەسەر یەكشەممە راگەیەندراوێكی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بڵاوكردەوە، بە جۆرێك لە جۆرەكان وەك رەتكردنەوەی هەوڵەكانی بافڵی كوڕی لێكدرایەوە. 
هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە خاڵی سێییەمی راگەیەندراوەكەیدا لەبارەی تایبەتمەندی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمارەوە دەڵێت:" دەبێت سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەڤاڵێكی بە ئەزمون و مولتەزمی یەكێتی و قاڵبووی خەبات و تێكۆشان و دانەبڕاوی رێبازەكەی مام جەلالی بۆ كاندیدبكات، كە بتوانێت لە هەموو بوارێك و بارودۆخێكدا ئەركەكانی بەدەستهێنانی مافە دەستورییەكانی گەلەكەمان مسۆگەر بكات و رێبازە پیرۆزەكەی مام جەلال و سیاسەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پیادەبكات و بەجێبهێنێت".
بە گوێرەی ئەم مەرجەی راگەیەندراوەكە، بەرهەم ساڵح نابێتە كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، چونكە ئەو نەقاڵبووی خەباتی شاخە و نە تێكۆشەرێكی دانەبڕاوی یەكێتیشە، ئەو ئێستا بە تەواوەتی لە یەكێتی دابڕاوە و سەرۆكایەتی حزبێكی تر دەكات.

بافڵ رێگەكەی قوبادی برای تاقیدەكاتەوە
ئەو هەوڵەی كە بافڵ تاڵەبانی ئێستا و بەر لە دەستنیشانكردنی پۆستی سەرۆك كۆمار دەستیپێكردووە بۆ گەڕاندنەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی، رێك هاوشێوەی ئەو هەوڵەیە كە قوبادی تاڵەبانی برای ساڵی 2014 لە كاتی دیاریكردنی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار خستیەگەڕ بۆ گەڕاندنەوەی بەرهەم ساڵح و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدی دایكی و بەرهەم ساڵح.
ئەوكات هەوڵەكەی قوباد تاڵەبانی هیچی لێ سەوز نەبوو، بەرهەم ساڵح نەبوو بە سەرۆك كۆمار و لەبری گەڕانەوەش بۆ ناو یەكێتی، حزبێكی نوێ راگەیاند، پێدەچێت چارەنوسی هەوڵەكەی بافڵ لەوەی قوبادی برای باشتر نەبێت. 
هەروەها پێدەچێت كێشەی نێوان هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و بەرهەم ساڵح لەوە قوڵتر بێت بە كوڕەكان چارەسەربكرێت.

"ئەندامێكی ئاسایی یەكێتیم"
دواین رۆژی مانگی یەكی ساڵی 2014 ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی بڕیاریدا وادەی بەستنی كۆنگرەی چوارەمی حزب دوابخات.
رۆژێك دوای ئەم بڕیارە و بە دیاریكراوی لە رۆژی 1-2-2014 بەرهەم ساڵح لە لێدوانێكدا لە پەراوێزی مەراسیمی یادی حەكیم لە حوسەینییەی شاری سلێمانی وتی:" ئێستا هیچ پلەیەكی حیزبیم نییە و هیچ پلەیەكیش بەڕەوای خۆم نازانم تاوەكو بەستنی كۆنگرە.. من تەنیا ئەندامێكی ئاساییی یەكێتیم"، بەمە دەستبەرداری پۆستی جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێك لە حزبە گەورە دەسەڵاتدارەكانی هەرێمی كوردستان بوو.

گەڕانەوە بۆ ماڵە كۆنەكەی عەقاری
دوای زیاتر لە 40 رۆژ لە بڕیاری وازهێنانی لە پۆستی جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی، بەرهەم ساڵح جارێكی تر دەركەوتەوە و لە دیدارێكی رۆژنامەوانیدا وتی:"بڕیارمداوە هەموو ئەو موڵك ‌و ماڵەی یەكێتی پێیداوم رادەستیبكەمەوە.. ئێستا سەرقاڵی نۆژەنكردنەوەی خانووەكەی ماڵی باوكمم لە گەڕەكی عەقاری سلێمانی و لە نزیكترین ماوەدا ماڵەكەم دەگوازمەوە".
ئەمە سەرەتای ماڵجیایی بەرهەم ساڵح بوو لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی.

هەوڵی گەڕانەوە بۆ بەغداد
بەرهەم ساڵح كە دەستی لە پۆستی جێگری دووەمی سكرتێری گشتی هەڵگرت، بەڵام دەستبەرداری خەونی گەڕانەوە بۆ بەغداد نەبوو.
ئەو مانگی تەمموزی 2014 سەرباری ئەوەی تاڕادەیەك لە یەكێتی دووركەوتبووەوە، بەڵام چوەناو كێبڕكێی هەڵبژاردنی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقەوە، وەكو ئەوەی ئێستا مێژوو خۆی دووبارە بكاتەوە.
دواجار یەكێتی دوو كەسی كاندید كرد بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، (فوئاد مەعسوم، بەرهەم ساڵح)، ئەم بابەتە كێشمەكێشی لەناو یەكێتی و كاندیدەكان دروستكرد، نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك سەرباری ئەوەی لەلایەن یەكێتییەوە كاندیدنەكرا, بەڵام لە دەرەوەی حزب خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید كرد، ئەمەش بەپلەی یەكەم بۆ دژایەتیكردنی بەرهەم ساڵح بوو، ئەوكات كە نەجمەدین كەریم كەسایەتییەكی نزیك بوو لە ماڵباتی جەلال تاڵەبانییەوە، وا لێكدەدرایەوە خۆكاندیدكردنەكەی بە رەزامەندی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بێت بە مەبەستی لێدان لە بەرهەم ساڵح.
یەكلاییكردنەوەی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار لەنێوان (فوئاد مەعسوم و بەرهەم ساڵح)دا بۆ یەكێتی نیشتمانی كارێكی سەخت بوو، رۆژی 22ی تەموز كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی لە هەولێر بەڕێوەچوو، لە كۆبوونەوەیەدا بڕیاردرا لەسەر ئەوەی فراكسیۆنە كوردییەكان لە پەرلەمانی عێراق لەرێگەی دەنگدانەوە كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار یەكلابكەنەوە.
شەوی 23ی تەمموزی 2014 وەكو ئەوەی لە كۆبوونەوە مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی بریاری لێدرابوو، فراكسیۆنە كوردییەكانی پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوە بۆ دەنگدان لەسەر هەڵبژاردنی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار بەڕێوەچوو، ، لە كۆی (62) پەرلەمانتاری كورد، (55) پەرلەمانتار ئامادەبوون بۆ بەشداریكردن لە پرۆسەی دەنگدان، (فوئاد مەعسوم) بە كۆی دەنگی (30) پەرلەمانتاری كورد وەكو كاندیدی كورد بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق هەڵبژێردرا، بەرهەم ساڵحیش (23) دەنگی بەدەستهێنا، (2) دەنگیش سپی بوون، دوای ئەو پرۆسەیە و یەكلابوونەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ فوئاد مەعسوم،  نەجمەدین كەریم كە لە دەرەوەی مەكتەبی سیاسی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندیدكردبوو لە پرۆسەكە و لە بەرژەوەندی كاندیدی دڵخوازی ماڵی تاڵەبانی كشایەوە.
رۆژی 24ی تەموز، دواجار ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە خولی دووەمی دەنگداندا بە دەنگی (211) پەرلەمانتار لە كۆی (269) پەرلەمانتار كە بەشداری دەنگدانیان كرد، فوئاد مەعسومی وەكو سەرۆك كۆمار هەڵبژارد و مەعسوم لە دوای جەلال تاڵەبانییەوە بوو بە دووەم سەرۆك كۆماری كورد  لە مێژووی عێراقدا و بەرهەم ساڵحیش خەونەكەی بوو بە مۆتەكە.


خەونێكی نوێ
دوای شكستهێنانی لە گەیشتن بە پۆستی سەرۆك كۆمار، بەرهەم ساڵح سەرەتای چەند هەنگاوێكی نوێ بۆ دەستپێكردنی پرۆژەیەكی سیاسی نوێ دەستپێكرد.
مانگی ئابی 2014 دەنگۆی ئەوە بڵاوبوەوە بەرهەم ساڵح دەیەوێت كەناڵێكی ئاسمانی بكاتەوە لە كەركوك بەناوی كەناڵی "بوار"،  بەڵام ئەوانە تەنیا دەنگۆ بوون و بەرهەم ساڵح هیچ پرۆژەیەكی نوێی لەو ساڵەدا نەخستە بواری جێبەجێكردنەوە و نەیتوانی بە تەواوەتی دەستبەرداری یەكێتی ببێت.

ناوەندی بڕیار و هەوڵێكی نوێ
بەرهەم ساڵح كە لەدوای نەخۆشكەوتنی جەلال تاڵەبانییەوە لەناو یەكێتیدا تەنیا كەوتبوو، ئەمجارەیان بۆ هەستانەوە و لانیكەم راوەستان بەڕووی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەددا پەنای بۆ كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی برد.
شەوی 1-9- 2016 بەرهەم ساڵح و كۆسرەت رەسوڵ پێكهێنانی (ناوەندی بڕیار) یان لەناو یەكێتی نیشتمانی راگەیاند، چەند كاتژمێرێك دوای راگەیاندنی ناوەندەكە، باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە مەكتەبی سیاسی بەیاننامەیەكیان بڵاوكردەوە و ناوەندی بڕیاریان بە ناوەندێكی "ناشەرعی" ناوبرد.
ئەم هەوڵەش مایەپوچ مایەوە و نەتوانی كێشەی بەرهەم ساڵح لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم چارەسەر بكات، نەیتوانی قورسایی دەسەڵات و بڕیاری یەكێتی بەلای ئەودا بشكێنێتەوە.

جیابونەوە.. بڕیارە قورسەكە
دواجار بەرهەم ساڵح بڕیارە قورسەكەیدا، ئەو بڕیارەی كە چەند ساڵێك بوو دۆستە نزیكەكانی چاوەڕوانی بوون،  رۆژی 16ی ئەیلولی 2017 پێكهێنانی حزبێكی سیاسی نوێی بەناوی "هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری" راگەیاند، ئەمە یەكەم هەنگاوی كردەیی بەرهەم ساڵح بوو بەرامبەر بە یەكێتی، بەڵام لە یەكەم بەشداریكردنی سیاسیدا كە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق بوو، بەرهەم ساڵح دووچاری شكستێكی سیاسی گەورە بووە و لەو پرۆسەیەدا تەنیا (2) كورسی بردەوە كە ئەنجامێكی پێشبینی نەكراو بوو.  
بەمدواییانە بەرهەم ساڵح بە فەرمی كاندیدەكانی حزبەكەی ئاگاداركردەوە لەوەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ناكات كە بڕیارە 30ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت،  قسەوباسیش هەیە كەناڵە تەلەفزیۆنییەكەی "خەندان" بەمزوانە دابخات، بەشێك لە "هاودید"ەكانی هاوپەیمانی نیگەرانن لەوەی سەركردەكەیان لە دەرگای پشتەوە خۆی بكاتەوە بە "ماڵە گەورەكە"دا و ئەوان لە گۆڕەپانەكە بەتەنیا بەجێبهێڵێت، پاشەكشێی هاوپەیمانی لە بەشداریكردنی هەڵبژاردن، رەنگە هیچ نەبێت جگە لە جێبەجێكردنی مەرجەكانی یەكێتی بۆ پێدانی پۆستی سەرۆك كۆمار بە بەرهەم ساڵح. 
 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand