Draw Media

سبەی پەرلەمانی نوێی عێراق یەكەمین كۆبوونەوە دەكات

سبەی پەرلەمانی نوێی عێراق یەكەمین كۆبوونەوە دەكات

2018-09-02 14:27:40


(درەو میدیا):
سبەی پەرلەمانی نوێی عێراق یەكەمین كۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدەدات و بە گوێرەی خشتەی كاری راگەیەنراو دوای خوێندنەوەی چەند ئایەتێك لە قورئان، هەریەك لە سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران و سەرۆكی خولی سێیەمی پەرلەمان وتار پێكەش دەكەن و پاشان بە تەمەنترین ئەندامی پەرلەمان كە " محەمەد ساڵح زەینی" پەرلەمانتاری هاوپەیمانی مەدەنی سەرۆكایەتی دانیشتنەكە وەردەگرێت و ناوی پەرلەمانتارە نوێكان دەخوێنرێتەوە و سوێندی دەستوریی دەخۆن.

ئەركە قورسەكە
گرنترین ئەركی پەرلەمانی نوێی عێراق سبەینێ بریتیە لە هەڵبژاردنی سەرۆك و دوو جێگرەكەی كە لە رابردوودا سەرۆك بۆ پێكهاتەی سوننە بووە و جێگری یەكەم بۆ شیعە و جێگری دووەم بۆ كورد، بەڵام تائێستا كوتلە براوەكان رێككەوتنیان لەسەر نەكردووە، چونكە رێككەوتنەكە پەیوەستە بە یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار و پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، و هەتا ئەو دوو پۆستە رێككەوتنی لەسەر نەكرێت ئەستەمە پەرلەمان سبەی دووشەمە بتوانێت سەرۆك و دوو جێگرەكەی سەرۆك هەڵبژێرێت.


دواخستنی كۆبوونەوەكە
بە گوێرەی مەرسومی سەرۆك كۆماری عێراق سبەی دەبێت پەرلەمانی عێراق یەكەمین كۆبوونەوە بكات، بەڵام زۆر باس لە دواخستنی ئەم كۆبوونەوەیە دەكرێت و شارەزایانی یاساییش رای جیاوازیان لەسەری هەیە.
بە بڕوای تارق حەرب شارەزایی یاسایی پەرلەمانی عێراق سبەی دووشەممە دوای خواردنی سوێندی دەستوری پەرلەمانتاران دەتوانن بە زۆرینەی دەنگ كۆبوونەوەكە بۆ ماوەی 15 رۆژ درێژبكەنەوە.
حەرب لە نوسینێكیدا لە پەیجی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیوێتی:" ئەنجومەنی نوێنەرانی نوێ دەسەڵاتی ئەوەی هەیە كە دانیشتنی یەكەمی بۆ 115 رۆژ درێژبكاتەوە، دوای سوێندخواردنی دەستوریی و سەرۆكایەتی كۆمار دەسەڵاتی نیە دانیشتنەكە درێژبكاتەوە، تەنها دەسەڵاتی ئەوەی هەیە بانگەواز بۆ دانیشتنەكە بكات".
حەرب دەشڵێت هەتا ئەگەر سەرۆكی نوێی پەرلەمانیش هەڵنەبژێردرێت، سەرۆكی پەرلەمان كە بەتەمەنترین پەرلەمانتارە دەرگا دەنگدان لەسەر هەڵگرتنی دانیشتنەكە دەكات بۆ 15 رۆژ بە گوێرەی حوكمەكانی هەردوو مادەی 54 و 55ی دەستور.
بەڵام عەلی تەمیمی شارەزای یاسایی بە پێچەوانەی حەربەوە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایدەگەیەنێت كە " دانیشتنەكەی سبەی پەرلەمان حەتمییە و پێویستە سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی هەڵبژێرن و نابێت راگەیاندنی گەورەترین كوتلە یان هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلمان دوو جێگرەكەی دوابخرێت".
دەشڵێت:" لە حاڵەتێكدا ئەگەر دانیشتنەكەی سبەینێ‌ بەبێ‌ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرەلمان دوابخرێت بۆ رۆژێكی تر، ئەوا دانیشتنە نوێكە نا شەرعیی و نادەستورییە و مایەی ئەوەیە لە دادگای فیدراڵی تانەی لێبدرێت".

كێ‌ گەورەترین كوتلە رادەگەیەنێت؟
بە گوێرەی دەستوری عێراق كاندیدی گەورەترین كوتلە كە لە یەكەم دانیشتنی پەرلەماندا رادەگەیەنرێت لەلایەن سەرۆك كۆماری نوێی عێراقەوە بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت رادەستپێدرێت و لە سێ‌ خولی رابردوودا كوتلە شیعییەكان گەورەترین كوتلەیان راگەیاندووە و پۆستی  سەرۆك وەزیرانیش لە نێویاندا بە دیاریكراوی بۆ حزبی دەعوە بووە، بەڵام بۆ ئەم خولی چوارەمە شیعەكان بەسەر دووبەرەدا دابەشبوون و هیچكامیان ناتوانن بە تەنها گەورەترین كوتلەی پەرلەمان رابگەیەنن و بۆ ئەوەش كێبركێیانە لەسەر رێككەوتن لەگەڵ كوتلەكانی كورد و سوننەدا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand