پارتی ئەڵێت ئەگەر تەزویر كرا یەخەی گۆڕان بگرن
2018-09-01 19:27:57
راپۆرتی( درەو میدیا)
"دڵی كۆمسیۆن لەدەستی بزوتنەوەی گۆڕانە، بۆیە هەر تەزویرێك بكرێت دەبێ بزوتنەوەی گۆڕان تەحەمولی بەرپرسیارێتیەكەی بكات" ئەمە قسەی (خەسرەو گۆران) بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستانە، بەدەر لە شرۆڤەی مۆتەكەی تەزویر و یاریكردن بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكان، كە بە بڕوای هەندێك، بوەتە (خوی شیریی) حزبە دەسەڵاتدارەكانی كوردستان و ئالیەتێكی گرنگی مانەوە لە دەسەڵات، شیكارییەكی بەڵگەیی بۆ ئەو دڵە زیندەوەی كۆمسیۆن و بایەخی ئەو پۆستە دەكەین كە لەدەستی بزوتنەوەی گۆڕاندایە، كە ئەو بەرپرسەی پارتی بە بەرپرسیاری سەرەكی دەزانێت لە هەر ساختەكارییەك ڕوبدات.
بزوتنەوەی گۆڕان لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژادن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان 2 كۆمسیار و 3 بەڕێوەبەری گشتیی و 8 بەڕێوەبەری بەش و 12 بەرپرسی هۆبەی هەیە، سەرۆكی فەرمانگەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، یەكێكە لە كۆمسیارەكانی بزوتنەوەی گۆڕان، كە شارەزایانی بواری هەڵبژاردن گرنگی پێگە و هەستیاری ئەم پۆستە لەناو كۆمسیۆندا بەپۆست و پێگەی سەرۆكی حكومەت وەسفدەكەن لەناو ئەنجومەنی وەزیراندا، ئەمەش بەو مانایەی سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردن سەرۆكی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە لەناو كۆمسیۆندا.
بەگوێرەی دەسەڵاتە یاساییەكان، هیچ بڕیارێك لەباب و بواری تەنفیزیدا لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان بەبێ ڕەزامەندی سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردن تێناپەڕێت، تەنانەت لەلایەن سەرۆكی كۆمسیۆنیشەوە بێت، بەرپرسیاری سەرەكی تۆماری دەنگدەرانیشە، كە بەشێكی زۆری لایەنەكان بە بزوتنەوەی گۆڕانیشەوە بەتۆمارێكی پیس و سیخناخ لەناوی مردوو و دووبارە و هۆكارێكی سەرەكی داواكانیان دەزانن بۆ دواخستنی هەڵبژاردن.
ئەو تۆمارەی دەكرێتە بنەمای پرۆسەی هەڵبژاردن و بەشداریی ئەو كەسانەی مافی دەنگدانیان هەیە ، لە فەرمانگەیەكە بەناوی فەرمانگەی (داتاكان)، ئەم فەرمانگەیەش ڕاستەوخۆ لەژێر فەرمانی سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردنە، دەسەڵاتی ئەوەشی هەیە تانە لە ناپاكی تۆمارەكە بدات و ڕێگری بۆ دروستبكات و نەینێرێت بۆ ئەنجومەنی كۆمسیاران تادەنگی لەسەر بدەن، دابەشكردنی بنكەكانی دەنگدان و گواستنەوەی فەرمانبەر و تۆماری فەرمانبەران بەشێكی ترن لە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی ئەم فەرمانگەیە كە لەدەستی بزوتنەوەی گۆڕاندایە و بەرپرسێكی پارتی بەدڵ و شارەزایانی هەڵبژاردن بەسەرۆكی دەسەڵاتی جێبەجێكردن وەسفیدەكەن، یان ئەوەی بەزمانی شەقام پێدەوێرێت"بەبێ پرسی ئەو كەس ناتوانێت دەستبكات بە ئاودا".
لە پۆستی بەڕێوەبەرە گشتییەكانیشدا، بزوتنەوەی گۆڕان (بەڕێوەبەری گشتی كردارەكان و دیوان و دارایی) لەدەستدایە، كە بەڕێوەبەری كردارەكان (عملیات) یەكێكە لە پۆستە گرنگەكان و هەرچی جوڵەی كۆمسیۆنە لەژێر فەرمانی ئەم بەڕێوەبەرایەتییەدایە، وێڕایی ئەوەی خاوەنی چوار بەڕێوەبەری هونەرییە كە دوای بەڕێوەبەری فەرمانگەمان هەرچی كاری هونەری كۆمسیۆن هەیە لەڕێی ئەمانەوە ئەنجامدەدرێت.
كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان بەپێی یاسای ژمارە (4) پێكهێنراوە، لە ڕۆژی 23/7/2014 یاساكەی لە پەرلەمانی كوردستان پەسەندكرا، لە 9 ئەندام پێكدێت، لەگەڵ ئەوەی لە ماددەی سێیەمی بەشی دووەمی یاساكەدا هاتووە" كۆمسیۆن دەستەیەكی پیشەیی سەربەخۆ و بێلایەن و خاوەن كەسایەتیی مەعنەویی خۆیەتی و ملكەچە بۆ چاودێری پەرلەمان و بەرپرسیاریشە لەبەردەمیدا"، بەڵام پێنج هێزە سەرەكییەكەی كوردستان (پارتی و یەكێتی و گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ) لە چوارچێوەی ڕێككەوتنێكی پشكێنەی حزبیدا و بەپێی سەنگ و قورسایی هێزەكان لە پەرلەمان لەناوخۆیاندا بەشیانكرد (پارتی سەرۆكی كۆمسیۆن و و دوو كۆمسیار، یەكێتی جێگری سەرۆك و كۆمسیارێك، بزوتنەوەی گۆڕان سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردن و كۆمسیارێك، یەكگرتوی ئیسلامی یەك كۆمسیار كە بڕیاردەری كۆمسیۆنە ، كۆمەڵی ئیسلامی یەك كۆمسیار كە وتەبێژی كۆمسیۆنە).
بڕیارەكان چۆن دەدرێن ؟
دەنگدان لەسەر هەر پرسێك لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی بەزۆرینەی ڕەها یەكلادەكرێتەوە، واتە لە كۆی 9 دەنگ بە پێنج دەنگ یەكلادەكرێتەوە، سەبارەت بەڕێژەیی یاسایی بۆ گرێدانی كۆبوونەوەكانیش لە یاساكەی كۆمسیۆندا هاتووە"كۆبوونەوەی ئەنجومەن دروستە بەئامادەبونی زۆرینەی ڕەهای ژمارەی ئەندامەكانی و بڕیارەكانی بەزۆرینەی ئامادەبوان وەردەگیرێت و لەكاتێكدا ئەگەر دەنگەكان یەكسانبوون ئەو لایەنە براوە دەبێت كە سەرۆك دەنگی لەگەڵی داوە.
بەم پێودانگە لایەنەكانی دەرەوەی پارتی، كە لەكۆی 9 دەنگ (كۆمسیار) خاوەنی 6 دەنگن لە ئەنجومەنی كۆمسیاران، دەتوانن ڕێگری لە تێپەڕاندنی هەر بڕیارێك بكەن كە پارتی بیەوێت لەڕێی كۆمسیۆن و لەدەرەوەی خواستی ئەم حزبانە تێپەڕێنێت، لەسەرو هەمووشیانەوە پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، بەو مانایەی هەروەك چۆن نوێكردنەوە و بژاركردنی تۆماری دەنگدەران بەشێكە لە دەسەڵاتە یاساییەكانی كۆمسیۆن، پەسەندكردنی ئەنجامەكانیش بەشێكە لە دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی كۆمسیاران و تا لەڕێی ئەوانەوە پەسەندنەكرێت ئەنجامەكان هیچ شەرعیەتێكی یاساییان نابێت.
بەڕای زۆرێك لە چاودێران، چاوەڕوانیكردنی زۆر لە ئەنجومەنی كۆمسیاران ڕەنگە جۆرێك بێت لە زیادەڕۆیی، بۆ نمونە لە حاڵەتی بوونی پێشێلكارییەكی زۆر لە هەڵبژاردن و ئەنجامدانی ساختەكاری لە بەرژەوەندی هێزێك یان دوان و زیاتر، ئەنجامەكانی هەڵبژاردن پەسەندنەكەن و ڕەتیبكەنەوە، بەڕێوەچونی پرۆسەی ڕیفراندۆمیش بەنمونەیەكی زیندووی بۆ ئەو بۆچونە دێننەوە كە وێڕای ئەوەی ساختەكارییەكی زۆری تێدا كراو لەچەندین شوێن ڕێژەی دەنگدان لە ژمارەی دەنگدەران زیاتر بوو، لەگەڵ ئەوەشدا سەرجەم كۆمسیاران واژۆیان لەسەر ئەنجامی كۆتایی ڕیفراندۆمەكرد، كە بەڕای زۆرێك، لە دوای ئاشكرابونی پێشێلكارییەكان لەڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و ڕێكخراوە ناوخۆیی و دەرەكییەكانی بواری چاودێریكردنی هەڵبژاردن، پرسیاری گەورەی لەسەر بێلایەنی و پیشەیبوون و متمانە ئەو دامەزراوە هەستیارە گرنگە و دروستكرد.