لیستەكەی عەبادی لێكترازانی تێكەوت
2018-08-31 14:20:46
( درەو میدیا):
سەركردە "دیارەكانی" لیستەكەی عەبادی، فالح فەیاز بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كاندید دەكەن.
لە بەیاننامەیەكدا كە ئەمڕۆ هەینی ژمارەیەك سەركردەی ئیئتیلافی (نەسر)كە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرۆكایەتی دەكات، بڵاویانكردوەتەوە و وێنەیەكی دەست "درەو میدیا" كەوتوە، ڕایدەگەیەنن: ئەوان وەك سەركردە ئەساسییەكانی ئیئتیلافی نەسر (فالح فەیاز) بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كاندید دەكەن، ئەو بڕوایەشیان لە تواناكانیەوە بۆ بەجێگەیاندنی پرۆگرامێكی حكومی سەرچاوەی گرتوە، كە خواستەكانی هاوڵاتیان بەدیدەهێنێت و زۆرینەی لایەكانیش پەسەندیدەکەن.
لە بەشێكی تری بەیاننامەكەی ئەو سەركردانەی نەسردا هاتووە، بە پێویستی دەزانن حكومەتی داهاتوو گوزارشت بكات لە خواستەكانی خەڵكی بێبەشكراو لە ژیانێكی شەرەفمەندانە و ژینگەیەكی خاڵیی لە گەندەڵێ و جەختكردنەوە لەسەر پڕۆژەی "سەركەوتن"كە لە ساتەوەختی ڕاگەیاندنییەوە بەشداریكردوە لە خولقاندنی ژینگەیەك كە پشت بە پێوەرە تائیفی و میكانیزمەكانی پشكێنە نابەستێت، بەڵكو پشدەبەستێت بە بنەمای شەراكەتی ڕاستەقینە كە بەرپرسیارێتی نیشتمانی دەخاتە سەرشانی هەموان بەشێوەیەكی هەماهەنگ.
ئەو ڕاگەیەندراوەی ژمارەیەك لەسەركردەكانی ئیئتیلافی نەسر دوای ئەوەدێت دوێنێ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە فەرمانێك فالح فەیازی لە ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی دوورخستەوە.