Draw Media

شەڕی دوو باڵەكەی شیعە گەرمتردەبێت

شەڕی دوو باڵەكەی شیعە گەرمتردەبێت

2018-08-31 10:48:16


راپۆرتی: نامیق رەسوڵ
بەدەستهێنانی سەرۆكی دەسەڵاتی جێبەجێكردن، لایەنەكانی شیعەی لە عێراق پەرتەوازەكرد و بەسەر دووبەرەی ( مالیكی – عامری ) و ( سەدر_ عەبادی- حەكیم) دابەشیكردن، ململانێی ئەو دووبەرەیەش بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمان و بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك وەزیران چووە قۆناغێكی نوێیە و هەردوولا هەوڵەكانیان چڕكردوەتەوە بۆ لاوازكردنی یەكتری و كێشكردنی پەرلەمانتارانی یەكتر.


یەكەم هەنگاوی لێدان لە عەبادی
كاتێك حەیدەر عەبادی و موقتەدا سەدر و عەمار حەكیم و ساڵح موتڵەگ دوای پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار لە هۆتێل " بابل"ی شاری بەغدا كۆبوونەوە بۆ پێكهێنان و راگەیاندنی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی، بەرەی " مالیكی- عامری" توانیان یەكەم گورزیان بوەشێنن و ناكۆكی بخەنە نێو هاوپەیمانی " نەسر"ی حەیدەر عەبادییەوە لە رێگەی جیاكردنەوەی لیستەكەی " فالح فەیاز" سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و راوێژكاری ئاسایشی نیشمانییەوە كە بە لیستی حزبی " العگا‌و" لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نەسردا بەشداری هەڵبژاردنەكانی كردووە چەند  كورسییەكی پەرلەمای بەدەستهێناوە.
ئەو هەنگاوەی بەرەی " مالیكی- عامری" ریسەكەی بەری " سەدر- عەبادی" یان كردەوە بەخوری و كۆبوونەوەكەی هۆتیڵ بابلیان شكستپێهێنا و جگە لە دەركردنی بەیاننامەیەك بۆ پێكهێنانی " نواە" بنچینەی پێكهێنانی گەورەترین كوتلە هیچی تری لێنەكەوتەوە.


كاردانەوەی عەبادی
لەبەرامبەر ئەو هەنگاوەداو لە یەكەمین كاردانەوەیدا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران، هەموو پۆستە ئەمنییەكانی لەفالح فەیازی هاوپەیمانی دوێنێ و نەیاری ئەمڕۆی سەندەوە.
عەبادی بە فەرمانێكی دیوانی بڕیارییدا فالح فەیاز لە راوێژكارێتی ئاسایشی نیشتمانی و سەرۆكایەتی دەستەی حەشدی شەعبی و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی دووربخاتەوە بە پاساوی ئەوەی فەیاز خۆی بۆ كاری سیاسی تەرخانكردووە و نابێت بەرپرسی دەزگا ئەمنیی و هەواڵگرییەكان تێكەڵاوی كاری سیاسی بن.


دەقی فەرمانەكەی حەیدەر عەبادی:
فەرمانی دیوانی ژمارە ( 286) بۆ ساڵی 2018
بە رەچاوكردنی ئەوەی كە بەڕێز فالح فەیسەڵ فەهد فەیاز چوەتە ناو كاری سیاسی و حزبیی و ئارەزووی ئەوەدەكات رەوبەڕووی كاروباری سیاسی ببێتەوە، ئەوەش پێچەوانەی ئەركە ئەمنییە هەستیارەكان كە بەرپرسیانە و بە پشت بەستن بە دەستوری عێراق تایبەت بە بێلایەنی دەزگا ئەمنیی و هەواڵگرییەكان و یاسای دەستەی حەشدی شەعبیی و سیستم و رێنماییەكانی تایبەت بەو پرسە و رێنماییەكانمان كە رێگەدەگرن لە بەكارهێنانی پۆستە ئەمنییە هەستیارەكان بۆ چالاكیی حزبی و بە پشتن بەستن بەو دەسەڵاتانەی پێمانبەخشراوە بڕیارماندا:
1- بەخشینی بەڕێز فالح فەیسەڵ فەهد فەیاز لە ئەركەكەی وەك راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و سەرۆكایەتی دەستەی حەشدی شەعبی و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی.
2- بەم بڕیارە لە مێژووی دەرچوونییەوە جێبەجێدەكرێت.
دكتۆر حەیدەر عەبادی
سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران
30 – ئاب- 2018

 
فەتح هەڕەشە دەكات

ئەم بڕیارەی حەیدەر عەبادی بەبێ كاردانەوەی توندی بەرەی " مالیكی- عامری" تێنەپەڕی و لە یەكەمین كاردانەوەیدا هاوپەیمانی " فەتح" بەیاننامەیەكی توندی لە دژی حەیدەر عەبادی دەركرد و تێیدا عەبادی تۆمەتباردەكات بە تێوەگلاندنی حەشدی شەعبی و دەزگا ئەمنییەكان لە ململانێ و ناكۆكییە سیاسییەكان و بە دەستپێكێكی مەترسیداریش وەسفیدەكات.
ئیئتیلافی" فەتح" عەبادی بە سەرۆك وەزیران ماوە كۆتایی هاتوو وەسفدەكات و تۆمەتباریشیدەكات بەوەی كە فەیاز پشتیوانی لە عەبادی نەكردووە بۆ دووبارە بەدەستهێناوەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران بۆیە ئەو بڕیارەی لەدژ دەكراوە.
لە كۆتایی بەیاننامەكەشیدا "فەتح "هەڕەشەدەكات و هۆشداریدەدات لەتێكچوونی دۆخی ئەمنیی و سەقامگیری عێراق بەهۆی ئەو بڕیارەوە.


دەقی بەیاننامەمەی ئیئتیلافی فەتح:
" دەركردنی بڕیاری بەخشینی بەڕێز فالح فەیاز لە  سەرۆكایەتی دەستەی حەشدی شەعبی و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و راوێژكارێتی ئاسایشی نیشتمانی، دەستپێكێكی مەترسیدارە بۆ تێوەگلانی حەشدی شەعبی و دەزگا ئەمنییەكان لە ململانێی و ناكۆكییە سیاسییەكان و تەسفیەی حساباتی كەسیی و بەهیچ شێوەیەك مایەی قبوڵكردن نییە كە سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر ( سەرۆك وەزیرانی ماوەی كۆتایی هاتوو) بڕیارێك دەربكات بۆ لەسەركارلابردنی بەرزترین بەرپرس كە سەرپەرشتی گرنگترین دەزگای ئەمنیی دەكات، لەبەرئەوەی ئەو بەرپرسە باوەڕی وەهایە كە هیچ بەرژەوەندییەك نییە لە نوێكردنەوەی و بەدەستهێنانەوەی ویلایەتی دووەمی سەرۆك وەزیران و ئەوەش ئاماژەیەكی نوێیە كە سەرۆك وەزیرانی ماوە كۆتایی هاتوو بە پێی بەرژەوەنی كەسی خۆی مامەڵە لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكان و دامودەزگاكانی تری حكومەتدا دەكات و قبوڵكردنی سەپاندنی ویلایەتی دووەمی كردوەتە مەرجێك بۆ مانەوەی بەرپرسەكان لە پێگەكانیاندا، لەبەرئەوە ئەو بڕیارانە نایاسایین بە گوێرەی دەستور، چونكە بەڕێز فالح فەیاز ئەو بەرپرسیارێتیانەی لەسەر شانیەتی و بە پلەی وەزیر دادەنرێت كە ئەوەش هاوشێوەی وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ پێگەی سیاسیین، هەروەها ئەو رێوشوێنانە بڕیاری كەسین و دۆخی ئەمنیی تێكدەدەن و سەرچڵیكردنە بە سەقامگیری وڵات و كردنەوەی بەرەیەكی نێوخۆی بەرووی تیرۆردا لە پێناوی بەدیهێنانی ویستی تاكڕەویی لە دەسەڵاتدا".
هاوپەیمانی فەتح
30/8/2018


هاوكات هیشام ركابی بەرپرسی نوسینگەی نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند ئەو هەنگاوەی عەبادی كاردانەوەی پێچەوانەی بۆسەر هاوپەیمانی نەسر دەبێت. 
ركابی لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاندووە، بڕیاری دوورخستنەوەی فالح فەیاز لە سەرۆكایەتی دەستەی حەشدی شەعبی و راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی كارتی هاوپەیمانی نەسر لە دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا لاوازدەكات.

سەدر بە دۆسیەی موسڵ و سپایكەر وەڵامدەداتەوە

هاوپەیمانی " سائیرون" كە موقتەدا سەدر سەرۆكایەتی دەكات و لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراقدا پلەی یەكەمی بەدەستهێناوە، بەرامبەر بە هەنگاوەكانی بەرەی " مالیكی- عامری" دەستەوەستان نەوەستاوە، خودی سەدر لە یەكەم هەنگاویدا هەوڵی جوڵاندنی شەقام دەدات كە لە چەند ساڵی رابردوودا كردبوویە دێوەزمە بەسەر حكومەتی عێراق و بەردەوام نمایشی هێزی جەماوەریی تێدادەكرد.

جگە لە جوڵاندنی شەقام 

هاوپەیمانێتییەكەی سەدر كارتێكی تر لە دژی مالیكی رادەكێشێت كە ئەویش كارتی كەوتنی موسڵە لەلایەن داعشەوە كە نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی ئەو كاتە تێیدا تۆمەتبارە.
مەناهل حمێداوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی " سائیرون" ئەمڕۆ هەینی وتی:" سائیرون هەوڵدەدات بۆ چاككردنی دۆخی خراپی حكومەتی عێراق بەهۆی كارە سیاسییە نادروستەكانی حكومەتەكانی پێشووە و ئامانجیشی لە قۆناغی داهاتوودا هەڵدانەوەی دۆسییەكانی گەندەڵیی و لێپرسینەوە لایەنە كەمتەرخەمەكانە".
حمێداوی ئاماژەی بەوەشداوە وەك پەرلەمانتار داوادەكەن دۆسیەی گەندەڵی دارایی و ئیداریی و ئەمنیی هەڵبدرێنەوە و لێپرسینەوەش لە هەموو ئەوانە بكرێت كە بەشداربوون لەكەوتنی موسڵ و چەند پارێزگاریەكی عێراق و كۆنترۆڵكردنی لەلایەن داعشەوە.
ئەو پەرلەمانتارەی " سائیرون" جەختیشدەكاتەوە كە پێویستە هەموو ئەوانەی هۆكاربوون بۆ روودانی تاوانی سەربازگەی سپایكەر رەوانەی دادگابكرێن".
هەڵدانەوەی دۆسیەی موسڵ و سپایكەر و گەندەڵی دارایی حكومەتەكانی پێشوو بە دیاریكراوی لەدژی نوری مالیكی دەگیرێتەبەر چونكە لەو كاتەدا وەك سەرۆك وەزیران بەرپرسی یەكەمی دەسەڵاتی جێبەجێكردن و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق بووە.
 
عێراق بەرەو كوێ؟

سەرۆك كۆماری عێراق رۆژی سێی ئەیلولی بۆ یەكەمین دانیشتنی پەرلەمانی نوێی عێراق دیاریكردووە، بەڵام بەهۆی ناكۆكی و ململانێی نێوان پێكهاتەكان " شیعە و كورد و سوننە" و ململانێ و ناكۆكی لایەنەكانی نێو خودی ئەو پێكهاتانەش چاوەڕوان ناكرێت ئەو كۆبوونەوەیە سەركەوتوو بێت لە یەكەمین هەنگاوی قۆناغی نوێ و پێكهێنانی حكومەت، كە هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و جێگرەكانییەتی و پاشان هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و راسپاردنی كاندیدی گەورەترین كوتلە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت.
.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand