كۆمەڵ درز دەخاتە ناو چوار لایەنەكەوە
2018-08-30 18:21:12
(درەو میدیا):
بەهۆی ناڕەزایەتی ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامییەوە، چوار لایەنە ناڕازییەكە نەیانتوانی بگەنە رێككەوتنێك بۆ ئەوە پێكەوەی داوای دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكەن.
چوار لایەنە ناڕازییەكە (بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری) جارێكی تر لەسەر ئاستی كەسی یەكەم كۆبونەوە.
كۆبونەوەی ئەمجارە لە بارەگای هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، تەوەری سەرەكی كۆبونەوەكە قسەكردن بووە لەبارەی پرسی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە رۆژی 30ی ئەیلول بەڕێوەبچێت.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە كۆبونەوەكە بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لە كۆبونەوەكەدا هەریەكە لە عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و سەلاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی و بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری هاوڕابوون لەسەر ئەوەی چوار لایەنەكە پێكەوە داوای دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكەن، بەڵام عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی دژی دواخستنی هەڵبژاردن بووە، ئەمەش گرفتی بۆ گەڵاڵەبوونی بیرۆكەیەكی هاوبەش لەنێوان هەرچوار لایەنەكەی دروستكردووە.
ئەگەر ناڕەزایەتی كۆمەڵی ئیسلامی نەبوایە، سێ لایەنەكەی تر هاوڕابوون بە فەرمی داوای دواخستنی هەڵبژاردن بخرێتە بەردەم پارتی دیموكراتی كوردستان.
سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، كۆمەڵی ئیسلامی لەدوای نزیكبونەوەی گۆڕان لە پارتی بەتایبەتی لە پرسى یاسای هەڵپەساردنی سەرۆكایەتی هەرێم و یاسای تیرۆر، ئێستا ئەویش دەیەوێت سەرلەنوێ پەیوەندییەكانی لەگەڵ پارتی رێكبخاتەوە و كۆتایی بەو گرژییانە بهێنێت كە بەمدواییە دروستبووە، ئەمەش هۆكارە سەرەكییەكەیە كە كۆمەڵ لە پرسی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا هاوڕای پارتییە.
چوار لایەنە ناڕازییەكە كە لەدوای هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراقەوە ئەم ناوەیان بەسەردا بڕواوە وەكو ئاماژەیەك بۆ ناڕەزایەتییان لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، دوای تەواوبونی كۆبونەوەكەیان راگەیەندراوێكی (3) خاڵییان بڵاوكردەوە.
لەبارەی پرسی هەڵبژاردنەوە، چوار لایەنە ناڕازییەكە لە راگەیەندراوەكەیاندا بەهیچ شێوەیەك داوای داخستنی هەڵبژاردنیان نەكرد وەكو ئەوەی پێشبینی دەكرا، تەنیا لە خاڵی (2)ی راگەیەندراوەكەدا دەڵێن" لە كۆبونەوەكەدا پێداگری كرا لەسەر هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد، كە گوزارشت بێت لە ئیرادەی راستەقینەی خەڵك".
سەرباری ئەوەی كۆمەڵی ئیسلامی لەگەڵ بەڕێوچوونی هەڵبژاردنە لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كە بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتی دەكات بڕیاریداوە بەشداری لە هەڵبژاردنەكەدا نەكات و بایكۆتی پرۆسەكە بكات، واتە ئێستا لەناو چوار لایەنەكەدا تەنیا دوو لایەن ماونەتەوە كە دەیانەوێت هەڵبژاردن دواخرێت و ئەگەر دواشنەخرێت ئامادەن بەشداری تێدا بكەن، ئەو دوو لایەنەش بریتین لە (بزوتنەوەی گۆڕان) و (یەكگرتووی ئیسلامی).
بەهانەی ئەم لایەنانە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن خراپی تۆماری دەنگدەرانە، ئەمەش لەكاتێكدایە ئەو لایەنانە هەموویان لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمدا نوێنەریان هەیە و نوێنەرەكانیان پێشتر لەبەردەم پەرلەماندا دانیان بەوەدا ناوە تۆمارەكە خاوێن و كۆمسیۆن ئامادەیە بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردن.
ئەمە وایكردووە پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەو لایەنانەی تر كە داوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا دەكەن، گومانیان لە راستی نیگەرانی بزوتنەوەی گۆڕان بەتایبەتی هەبێت لەبارەی تۆماری دەنگدەران، هەندێك كەسیش خواستی گۆڕان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن دەگەڕێننەوە بۆ تەقینەوەی كێشە ناوخۆییەكانی ئەو حزبە بەمدواییانە.
چوار لایەنەكە بایكۆت ناكەن
دەستەواژەی "چوار لایەنە ناڕازییەكە" لەفەرهەنگی سیاسی هەرێمی كوردستاندا دەستەواژەیەكی نوێیە و سەرەتاكەی دەگەڕێتەوە بۆ رۆژانی دوای هەڵبژاردنی 12ی ئایار، ئەوكات چوار لایەن كە بریتین بوون لە (گۆڕان، كۆمەڵ، یەكگرتوو، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری) پێكەوە ناڕەزایەتییان لە ئەنجامی هەڵبژاردن دەربڕی و رایانگەیاند، یەكێتی و پارتی پرۆسەی هەڵبژاردنیان ساختە كردووە.
تۆڕەیی ئەم چوار لایەنە لە ئەنجامەكان، ئەوكات گەیشتە ئاستێك كە باسیان لە بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسی لە عێراق دەكرد، بەڵام ئێستا و دوای ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان كە هیچ گۆڕانكارییەكیش لە ئەنجامەكان روینەدا، ئەو چوار لایەنە لە بیرۆكەی بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسی عێراق پاشگەزبونەتەوە، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا، سەركردەی چوارلایەنەكە بڕیاریاندا بچنە بەغداد و بایكۆتی پرۆسەی سیاسی نەكەن، لە خاڵی (1)ی راگەیەندراوەكەیاندا نوسیویانە" سەبارەت بە پرسی سیاسی عێراق و پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، جەختدەكەینەوە لەسەر پرۆژەیەكی نیشتمانی گشتگیر بۆ چارەسەركردنی كێشەی بژێوی خەڵك و پاراستنی مافە دەستورییەكانی خەڵكی كوردستان و هاوڵاتیانی عێراق".
دوو هەوڵ بۆ دواخستنی هەڵبژاردن
هەوڵی دواخستی هەڵبژاردن تەنیا لەلای چوار لایەنە ناڕازییەكە قەتیس نەبووە، یەكێتی نشتیمانیش بەردەوامە لە هەوڵەكانی بۆ دروستكردنی كۆدەنگی لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنەوە، بەپێی زانیارییەكان، مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەمڕۆ ئەم پرسەی لەگەڵ هەریەكە لە حزبی شۆسیال دیموكراتی كوردستان و حزبی شیوعی تاوتوێ كردووە.
بەپێی زانیارییەكان دوێنێ یەكێتی و گۆڕان دوو هەوڵی جیاوازیان لەگەڵ پارتیدا داوە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، بەڵام هەردوو هەوڵەكە شكستی هێناوە:
هەوڵی یەكەم:
ئەندامێكی ماڵباتی تاڵەبانی سەردانی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی كردووە و داوای كردووە هەڵبژاردن دوابخرێت، بەڵام بارزانی داواكەی رەتكردوەتەوە.
هەوڵی دووەم:
بەرپرسێكی باڵای بزوتنەوەی گۆڕان كە پێشتر وەزیر بووە، بەتەلەفۆن لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی و سەرۆكی حكومەتی هەرێم كردووە و داوای كردووە هەڵبژاردن دوابخرێت، بەهەمان شێوەی نێچیرڤان بارزانی داواكەی رەتكردوەتەوە.
كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەگەڵ حزبی شیوعی
لایەنە ناڕازییەكان پەنا بۆ كۆمسیۆن دەبەن
لەدواین هەوڵدا دوای رەتكردنەوەی پێشنیازەكانیان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن لەلایەن پارتییەوە، ئەو لایەنانەی كە داوای دواخستنی هەڵبژاردن دەكەن پەنایان بۆ نوێنەرەكانی خۆیان برد لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی.
بەگوێرەی زانیارییەكان، دوێنێ نوێنەری چوار لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كە بریتین لە (یەكێتی، گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ) لە ژێر فشاری سەركردایەتی حزبەكانیاندا كۆبونەتەوە بۆ ئەوەی بەدوای دەرچەیەكدا بگەڕێن بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، ئەوەی جێگەی سەرەنجە نوێنەری كۆمەڵی ئیسلامی بەشداربووە لەو كۆبونەوەیەدا، ئەمە لەكاتێكدایە كۆمەڵ بەفەرمی پشتیوانی ئەەوە دەكات هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت.