Draw Media

پارتی حەزی لە هەڵبژاردنە و ڕكابەرەكانی نایانەوێت

پارتی حەزی لە هەڵبژاردنە و ڕكابەرەكانی نایانەوێت

2018-08-30 14:13:55


ڕاپۆرت: ئارام مەحمود
پێدەچێت پارتی دیموكراتی كوردستان گوێنەدات بەخواست و بۆڵەبۆڵی ژێر لێو و شەرمنانەی ڕكابەرەكانی و هاوشێوەی ڕیفراندۆم هەمویان ڕاپێچی بەردەم سندوقەكانی دەنگدان بكات، وەك دەوترێت، ڕەنگە ئەمە تراژیدیترین و خەمناكترین ئەو نوكتە سیاسیانە بێت كە بەدرێژایی چەندساڵی ڕابردوو خەڵكی كوردستان بەرگوێیان كەتووەو ڕوتبونەوەی تەواوەتی زەیفی ئەو خۆشەویستییەش بێت كە هەندێك لایەن بۆ دیموكراسی دەریان بڕیوە.
چاودێرانی دۆخی كوردستان دەڵێن، لەدوای دروستبوونی ئۆپۆزسیۆنی جدی لە هەرێمی كوردستان، ئەو خیتابە بەخەستی باڵادەست بوو كە  هێزە دەسەڵاتدارەكانی كوردستان (پارتی و یەكێتی) حەزیان لە هەڵبژاردن نیەو، ئەگەر وازیانلێبهێنن هەر نایكەن، یان كاتێك دەیكەن دڵنیابن لە ئەنجامەكانی، ئەمە وەك عەیبە و پەڵەیەكی گەورە بەتەوێڵیانەوە وێنەدەكرا، وەك هێزی دژە دیموكراسی و ناشرین و خۆسەپێن ناویان دەهات، بەڵام لەئێستاوە بەدواوە دواخستنی هەڵبژاردن و پرۆسەی دیموكراسی لەبازنەی حەزی هێزەكانی دەسەڵاتدا نەماوەتەوەو، بووە بەجۆرێك لەحەزی گشتیی هێزەكان و جۆرێك لە مۆدیلی سیاسیش، لەبری گەورەكردنی ڕوبەری جیاوازییەكان، تادێت لەیەكچونەكان بەرتەسكتردەبنەوە، ئەم واقیعی حاڵە بەبۆچونی هەندێكی تر.  

شینی پارتی بۆ هەریسەكەیە
پێداگرییەی پارتی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەڕۆژی 30 ئەیلولدا، لەڕێزگرتن و بەپیرۆز بینینی وادەی هەڵبژاردن و دوانەخستنی پرۆسەی دیموكراسیەوە سەرچاوەی نەگرتووە، هەروەك چۆن لە خۆشەویستیشی نیە بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن وەك میكانیزمێكی ئاشتنیانەی دەستاودەستی دەسەڵات، بەو پێیەی "ئەو حزبە خۆی پایەكی سەرەكی بێبەهاكردنی دیموكراسییە لە هەرێمی كوردستان"، لانی كەم ئەمە قەناعەتی زۆرێك لەو خەڵكانەیە كە خۆیان بەڕكابەری سەرسەخستی پارتی و پارتیش بەهێزێكی نادیموكراسی و ڕێزنەگر لەدەنگی خەڵك و ڕكابەرە سیاسییەكانی دەزانن.
زۆرێك هۆكاری یەكەم و كۆتایی ئەم پێداگرییەی پارتی بۆ خوێندنەوەی وردی ئەو حزبە دەگێڕنەوە كە بۆ حاڵی شڕو و شێواو و ناوماڵی پەرتوبڵاوی حزبەكانی ڕكابەری كردویەتی و پێیانوایە" پارتی گەیشتوەتە قەناعەتێك دەرفەت و هەلی وەك ئەوەی ئێستای دەستناكەوێتەوە، بۆیە بەهەر نرخێكبێت هەڵبژاردن ئەنجامدەدات و بەجیاوازییەكی گەورە پێش ڕكابەرەكانی دەداتەوە". 

ڕكابەرەكانی پارتی لەهەڵبژاردن تۆقیون
لەبەرامبەردا، ڕایەكی تر هەیە دەڵێت، خوێندنەوەی دۆخی سیاسی كوردستان بەمشێوەیە و تانەدان لە پارتی لەسەر پێداگرتنی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بۆچونێكە "پڕە لە دووڕویی سیاسی و پاشگەزبونەوە لەهەموو ئەو بانگەشانەی كە هەندێك هێز لە ڕابردوودا دەیانكرد و دەیانوت لەبارەی زرورەتی ڕێزگرتن لەوادەی هەڵبژاردن و دوانەخستنی دیموكراسی ئەگەر بۆ ڕۆژێكیش بێت".
لەبارەی ڕەواتیشەوە باسلەوە دەكەن، تەنانەت ئەگەر پارتی ئەوەشی لاڕوون بێت سەركەوتنی گەورە بەدەستدەهێنێت و لەپێناوەشدا پێداگری دەكات لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا چی ناڕاوایەتییەكی تێدایە؟ لەكاتێكدا هێزەكانی ڕكابەری ترس لە شكست و دۆڕانی هەڵبژاردن وایلێكردوون پێداگری لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن بكەن و ئەومافە بەخۆیان بدەن كە مافی ئەوان نییە. 

دواخستنی هەڵبژاردن لەبەرژوەندی كێیە؟
پرسیارە جەوهەرییەكان بەلای هەندێكی ترەوە ئەوەیە، ئەگەر پێداگری پارتی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن بچێتە خانەی بەرژوەندی حزبیی ڕوتەوە، ئەی دواخستنی زیاتری هەڵبژاردن لەبەرژوەندی كێیە؟ پاشان دواخستنی هەڵبژاردن بۆ ساڵێك و دوان جگە لە زیانگەیاندن بە پرۆسەی دیموكراسی، چی لە دۆخەكە دەگۆڕێت و ئەو حزبانەی داوای دواخستن دەكەن دەتوانن چی ئیزافەیەكی نوێ بۆ دۆخی خۆیان و خەڵك و پرۆسەی دیموكراسیش بكەن لەو ماوەیەدا؟. 
بەم مەعنایە بێت، هەڵبژاردن بكرێت یان دوابخرێت، خواستێكی جدیی قوڵكردنەوەی زیاتری پایەكانی دیموكراسی لەپشتیەوە نیە، بەڵكو بەدیوێكدا لە بەرژەوەندی ئەم هێزەو بەدیوەكەی تریشدا دەچێتە بەرژەوەندی كۆمەڵێك هێزی تر، هەر لایە و خوازیاریشە دیوەكەی خۆی نەخش بهێنێت، ئەمەش وەك دەوترێت دەلالەتێكی ڕوونە لەسەر ئەوەی ئەم هێزانە ئەوەندە حەزیان لە هەڵبژاردنە كە براوەبن تێیدا یان گۆڕانێك دروستبكات لەبەرژوەندی خۆیانە، لەكاتێكدا هەڵبژاردن وەك پایەكی گرنگی دیموكراسی پەیوەستە بەكۆمەڵێك وادە و كاتی دیاریكراو كە لەوڵاتە دیموكراسییەكاندا بە پیرۆز تەماشدەكرێت و بۆ ڕۆژێكیش لێی لانادەن.          

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand