Draw Media

پارتی بۆ لایەنە سیاسییەكان: ئامادەبن بۆ هەڵبژاردن

پارتی بۆ لایەنە سیاسییەكان: ئامادەبن بۆ هەڵبژاردن

2018-08-30 13:16:14


(درەو میدیا):

پارتی دیموكراتی كوردستان داوا لە حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات، ئامادەكاریی بكەن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە وادەی خۆیدا و دەڵێت:" ئێستا زەمینەی ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە لەبارە و هیچ پاساوێكی یاسایی و سیاسیی و كۆمەڵایەتیی و تەكنیكیی بۆ دواخستن و ئەنجامنەدانی لە ئارادانییە".
ئەمڕۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی بەسەرۆكایەتی مەسعود بارزانی كۆبووەوە و دوای كۆبوونەوەكەش راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە تێیدا جەخت لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكاتەوە لە وادەی خۆیدا كە 30 ئەیلولی داهاتووە.


دەقەی راگەیەنراوەكە:
راگەیاندراوی كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی سەركردایەتی
پارتی دیموكراتی كوردستان
بەسەرپەرشتی جەنابی سەرۆك بارزانی، ئەنجومەنی سەركردایەتی بە ئامادەبوونی ئەندامانی، رۆژی پێنج شەممە رێكەوتی 30ی 8ی 2018، كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و، چەند بابەتێكی گرینگ و هەنوكەیی خستە بەر باس و گفتوگۆكردن.

یەكەم/ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان: بەگوێرەی یاسای بەركار لە هەرێمی كوردستان دەبوایە لە بەهاری رابردوو هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرابایە، بەڵام ئەوكات لەسەر داوای چەند لایەنێك، سەرەڕای ئەوەی پارتی كاتەكەی بە گونجاو دەزانی، لە پێناو یەكڕیزی و تەبایی نێوخۆی كوردستان، تەمەنی خولی چوارەمی پەرلەمان درێژكرایەوە بۆ دوو دەورەی تەشریعی، كە لە خیلالی ئەو ماوەیەدا سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتەی كە یاسا پێیداوە، رۆژی هەڵبژاردن دیاریبكات. بۆیە سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران دوای راوێژكردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان و وەرگرتنی رای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی كوردستان، رۆژی 30ی ئەیلولی 2018ی دیاریكرد و هەموو ئامادەكارییەكی پێویستیش بۆ ئەنجامدانی پرۆسەكە لەلایەن كۆمسیۆن و دەزگا پەیوەندیدارەكانەوە كراون، ئێستا زەمینەی ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە لەبارە و هیچ پاساوێكی یاسایی و سیاسی و كۆمەڵایەتی و تەكنیكی بۆ دواخستن و ئەنجامنەدانی  لە ئارادانییە، بۆیە ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان جیالەوەی كە سورین لەسەر ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، داواش لە هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكەین كە ئامادەكاری پێویست ئەنجامبدەن بۆ هەڵبژاردن، لە پێناو رەواندنەوەی رەخنە و نارەزایەتیەكان و دامەزراندنی كابینەیەكی نوێی پاڵپشتكراوی زیاتری سیاسی و كۆمەڵاتی. 
ئەنجومەنی سەركردایەتی
پارتی دیموكراتی كوردستان
30/8/2018 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand