كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق سكاڵا تۆماردەكات
2018-08-30 11:33:51
(درەو میدیا):
كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق بەنیازە سكاڵا لەسەر ئەو لایەنانە تۆماربكات، كە تۆمەتباریانكردون بەئەنجامدانی ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكان.
كەریم تمیمی وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند: بەئەنقەست هەوڵی شێواندنی پرۆسەی دیموكراسی دەدرێت لە عێراق.
ئاشكراشیكرد، ژمارەیەك سەركردەی سیاسی سەردانی كۆمسیۆنیان كردوە و پشتیوانی خۆیان بۆ دامەزراوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دەربڕیوە بەتایبەتی دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكان.
وتەبێژی كۆمسیۆن ڕاشیگەیاند: بەنیازن سكاڵا لەسەر ئەوانە تۆماربكەن كە تۆمەتباریان كردن بەساختەكاری لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان.
ئاماژەی بەوەشدا، دەستوەردان ناكەن لە پرسی پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی، بەڵام گرنگە هاوپەیمانێتییەكان لە كۆمسیۆن تۆماربكرێن.
جەختیشیكردەوە، هاوپەیمانییە سیاسییەكان هیچ نرخێكیان نابێت ئەگەر خۆیان لە كۆمسیۆن تۆمارنەكەن.
قسەكانی وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان دوای ئەوەدێت، ڕۆژی 28 ی، ئەم مانگە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەكۆبوونەوەی هەفتانەی خۆیدا بڕیاریدا بەردەوامیی بڕیاری هەڵپەساردنی كارەكانی ئەنجومەنی كۆمسیاران، پاڵپشت بە هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردن كە خولی سێیەمی پەرلەمانی عێراق بەر لە تەواوبونی وادەكەی پەسەندیكرد.