دواخستنی هەڵبژاردن لە گفتوگۆ داخراوەكاندا
2018-08-30 08:32:45
راپۆرتی: سەرتیپ وەیسی كەریم
كۆبوونەوەو گفتووگۆ نهێنییەكان لەبارەی پرسی دواخستنی هەڵبژاردن زیادیكردوەو، هەندێ لایەنی سیاسی دەیانەوێ تاوەكو چوارشەممەی داهاتوو ئەو پرسە یەكلابكەنەوە.
دوێنێ چوارشەممە یەكێك لە ئەندامانی بنەماڵەی جەلال تاڵەبانی سەردانی مەسعود بارزانی كردوە، بەمەبەستی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، دووبارە مەسعود بارزانی وەڵامەكەی نەرێنی بووەو رەتی كردۆتەوە هەڵبژاردن لە كاتی خۆی دوابخرێت.
ئەمە لە كاتێكدایە پارتی دیموكراتی كوردستان داوای لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كردوە لە بڕی داوای دواخستنی هەڵبژاردن، لە حكومەتی داهاتوودا پارتی ئامادەیە بەشێوەیەكی هاوبەش و یەكسان جارێكی دیكە پۆستەكان لە نێوخۆیان دابەشبكەن، رێككەوتنەكەشیان لەسەر ئاستی مەكتەبی سیاسی، یاخود هەردوو بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانی واژووبكرێت، تاوەكو ئێستا یەكێتی وەڵامی ئەو داوایەی نەداوەتەوە.
پارتی داواشی لە یەكێتی كردووە ڕێككەوتنێك ئەنجامبدەن، كە دوای هەڵبژاردن بەیەكەوە لە پەرلەمانی كوردستان ببنە یەك فراكسیۆن، هەر بەیەكیشەوە لەسەر پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو ڕێكبكەون لەگەڵ كردنەوەی دەرگا بۆ چەند لایەنێكی دیكە.
هەر سەبارەت بە پرسی دواخستنی هەڵبژاردن كە بڕیارە 30ی ئەیلولی داهاتوو بەڕیوە بچێت، دوێنێ شەو نوێنەری چوار لایەنی سیاسی ( یەكێتی ، گۆڕان ، كۆمەڵ ، یەكگرتوو ) لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم، دوای فشارخستنەسەریان لەلایەن حزبەكانیان كۆبوونەتەوە، تاوەكو دەرەچەیەكی یاسایی بدۆزنەوە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن.
بهپێى زانیارییهكان بهرپرسێكى باڵاى گۆڕان كه پێشووتر وهزیر بوو، دوێنێ چوارشهممه 29ى ئاب، تهلهفۆنێكى لهگهڵ نێچیرڤان بارزانى ئهنجامداوه، داواى كردوه ههڵبژاردن بۆ ماوهى یهك ساڵ دوابخرێت و به بارزانیشى ڕاگهیاندوه، ئهمه پێشنیازى یهكێتی و هاوپهیمانیشه، دووباره سهرۆكى حكومهت ئهم داوایهى ڕهتكردهوه.
بەپێی زانیاریەكان ڕێزان حەمەڕەشید، كە سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردنە لە كۆمسیۆن و سەر بە بزوتنەوەی گۆڕانە بە حزبەكەی ڕاگەیاندوە، ناتوانێت بڵێ تۆماری دەنگدەران پاك نییەو چونكە خودی خۆی هەستاوە بە پاكسازی لە تۆماری دەنگدەراندا.
بڕیاریشە ئەمرۆ سەركردەی سەركردەی چوارلایەنە ناڕازیەكە كۆببنەوە، یەكێك لە تەوەرەكانی تایبەتە بە دواخستنی هەڵبژاردن و دواین كارتەكانیان لەوبارەیەوە.