قەیرانێکی سیاسی نوێ لەعێراق بەڕێوەیە
2018-08-29 19:30:17
راپۆرتی: ئارام مەحمود
حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق، داننانێت بەشەرعیەتی ئەنجومەنی کۆمیسیارانی هەڵبژاردنەکان و هیچ بڕیاڕێکێشیان بەیاسایی نازانێت، تا ئەوکاتەی لێکۆڵینەوەکانی دەستەی نەزاهە لەو تۆمەتانەی ئاڕاستەیان کراوە بەتێوەگلان لەئەنجامدانی ساختەکاری لەهەڵبژاردنی 12ی ئایاری ئەمساڵ یەکلادەبێتەوە، ئەمە لێدوانی سەرچاوەیەکی باڵایە لەحکومەتی عێراق کە تایبەت بە"درەومیدیای" ڕاگەیاند.
عەبادی ڕێگەنادات بگەڕێنەوە سەرکارەکانیان
ڕۆژی 28 ئەم مانگە بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەکۆبونەوەی ئاسایی هەفتانەی خۆیدا، بڕیارێکی تایبەتی بەکۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان دەرکرد، کە ئەمە دەقەکەیەتی" پاڵپشت بە ئەحکامەکانی ماددەی 4 لەهەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ژمارە 45ی، ساڵی 2013، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بەپێویستی جێبەجێکردنی ئەحکامەکانی ئەو یاسایە کە جەخت دەکات لەسەر وەستاندنی کاری ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمیسیارانی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، تا ئەوکاتەی لێکۆڵینەوە لەتاوانەکانی ساختەکاری کۆتایدێت، کە ئەنجومەنی وەزیران بەبڕیار ئاماژەی پێداوە، هەموو بڕیارێکیش کە لەوانەوە دەردەچێت بە بەتاڵ ئەژمار دەکرێت"، بەوتەی سەرچاوەکەی "درەومیدیا" عەبادی ڕێگەیان نادات بگەڕێنەوە سەرکارەکانیان و بە جێگەی متمانەیان نازانێت.
ئەو بڕیارەی عەبادی دوای ئەوەدێت، ڕۆژی 27 ئەم مانگە ئەنجومەنی باڵای کۆمیسیارانی هەڵبژاردنەکان لەئاگادارینامەیەکەدا، داوای لەهەموو ئەو کاندید و حزب ئیئتیلافانە کرد کە دەیانەوێت هاوپەیمانێتی پێکبهێنن، ڕۆژی 28ی ئاب، سەردانی بارەگای کۆمیسۆن بکەن بۆ وەرگرتنی فۆرمی تایبەت بەپێکهێنانی هاوپەیمانێتی، ئەوەش لەکاتێکدایە، دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق کە ڕۆژی 12ی ئایاری ئەمساڵ بەڕێوەچو و، دواتر لەلایەن چەند هێزێکەوە تۆمەتی تێوەگلان لەساختەکاری و یاریکردن بەئەنجامەکانی هەڵبژاردن ئاراستەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان کرا، پەرلەمانی عێراق بەر لەکۆتایهاتنی خولی سێیەم و، دوای زنجیریەک کۆبونەوە، لەکۆتایی مانگی حوزەیراندا و لەچوارچێوەی هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردندندا بڕیاریدا بەهەڵپەرساردنی کارەکانی ئەنجومەنی کۆمیسیاران و گرتنەبەری کۆمەڵێک ڕێکاری یاسای تر دژیان، وێڕای بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران لەوچوارچێوەیەدا.
کۆمیسیۆن ولایەنەکان کاردانەوەیان هەیە
بڕیارە سبەی، پێنج شەممە 30 ئاب، ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمیسیاران لەبارەگای کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕێکبخەن و تیایدا ئاماژە بەدواین پێشهاتەکانی تایبەت بەکاری کۆمیسیۆن بکەن، بەپێی ئەو زانیارییانەی لەم چوارچێوەیەدا دەست "درەو میدیا" کەوتوە، چاوەڕواندەکرێت نوری مالکی بەسیفەتی جێگری سەرۆک کۆمار و ژمارەیەک کەسایەتی سیاسی لەکۆمیسیۆن ئامادەبن، ئەگەرچی ڕون نیە هۆکاری ئامادەبونی ئەوان چیە لەو بۆنەیەدا، بەڵام وەک بەشێک لەچاودێران دەڵ
ێن، ڕەنگە لەچوارچێوەی پشتیوانی و کاردانەوەی ئەو لایەنانەدابێت کە دژی بڕیارەکەی عەبادین و وەستاندنی کارەکانی کۆمیسیۆن بەنایاسایی دەزانن.
بڕیارەکەی عەبادی زیاد لەکاردانەوەیەکی بەدوای خۆیدا هێناوە، هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح کە ڕکابەرێکی دیاری عەبادی و بەرەکەیەتی، داوا لەحکومەتی عێراق دەکات کۆتایی بەدەستوەردان لەکاروبارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بهێنێت، یەکێتی هێزە عێراقیەکانیش لەبەیاننامەیەکدا دەڵێت، مافی ئەنجومەنی وەزیران نیە کارەکانی کۆمیسۆن پەکبخات و بەپێشلکاریی یاسای دەزانێت.
زۆرێکی تر لەو لایەنانەی ڕەخنە لەبڕیارەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەگرن پێیانوایە، بڕیارەکە پێچەوانەی دەستوری عێراقە، کە بەدەق دەڵێت، کۆمیسیۆن لەژێر چاودێری پەرلەماندایە و لەچوارچێوەی دەسەڵاتەکانی حکومەتدا نیە دەستوەربداتە کارەکانیان، هاوکات پێشێلکارییەکی ئاشکرای بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و کاری دەستە سەربەخۆکانیشە، بەوپێیەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوەو پاڵپشت بەمادەی 102 لەدەستوری عێراق پێکهێنراوە و پەرلەمان دەتوانێت لێپرسینەوەی لێبکات لەبەرامبەر کارەکانی.
هەندێک لایەنی تریش دەڵێن، کۆمیسیۆن بەشێوەیەکی دروست کارەکانی ئەنجامداوە، بەبەڵگەی ئەوەی ئەنجامی ژماردنەوەی دەستی دەنگەکان، بەڕێژەی 99% هاوتای ئەنجامە ئەلەکترۆنیەکان بوە و، پێویستە هەموو ئەوانەی خراپەکارییان بەرامبەر بەکۆمیسیۆن کردوە، لەسیاسیەکان و کاندیدە دەرنەچوەکان، داوای لێبوردن لەکۆمیسیۆن بکەن.
هاوکات بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانیش بەئامانجی و مەبەستی شەخستی ڕووت وەسفدەکەن و پییانوایە، ئامانجەکەی وەستاندنی تۆماری گەورەترین کوتلەیە لەپێناو بەردەوامی حکومەتی ئێستا لەسەر کارەکانی کە شکستیهێناوە لەجێبەجێکردنی داواکارییەکانی خەڵکی عێراق.