روسیا گەورەترین مانۆڕی سەربازی ئەنجامدەدات
2018-08-29 14:33:47
(درەو میدیا):
روسیا بەنیازە مانگی داهاتوو مانۆڕێكی سەربازیی زۆر گەورە ئەنجامبدات كە 300 هەزار سەرباز بەشداری تێدادەكەن و ئەو مانۆڕەش گەوەترین مانۆڕی سەربازییە لە دوای مانۆڕەكانی جەنگی ساردەوە لە ساڵی 1981دا.
بەوتەی دیمیتری پیسكۆڤ، وتەبێژی كۆشكی سەرۆكایەتی روسیا " كرملن" مانۆڕی " ڤۆستۆك- 2018" پاساوی خۆی هەیە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو تێڕوانینە دوژمنكارانە و نادۆستانانەی بەرامبەر بە وڵاتەكەی هەن.
لەو مانۆڕە گەورەیەدا كە لە گۆڕەپانە سەربازییەكانی ناوەڕاست و خۆرهەڵاتی روسیا بەڕێوەدەچێت چەند یەكەیەكی سەربازی چین و مەنگۆلیاش بەشداری دەكەن و مانۆڕەكەش لە كاتێكدایە پەیوەندییەكانی نێوان پەیمانی باكوری ئەتڵەسی " ناتۆ" و روسیا بەرەو ئاڵۆزبوونی زیاتر هەنگاویناوە.
چی روودەدات لە مانۆڕەكەدا؟
سێرگی شویگۆ، وەزیری بەرگری روسیا رایگەیاند 36 هەزار تانك و زرێپۆش و ئۆتۆمبیلی سەربازیی لە 11 بۆ 15ی ئەیلول بەشداری دەكەن لە مانۆڕی " ڤۆستۆك – 2018" جگە لە زیاتر لە هەزار فڕۆكە.
هەروەها هەموو یەكە سەربازییەكانی روسیا و دووو كەشتیگەلیش لە سیبریا و خۆرهەڵاتی روسیا بەشداریدەكەن.
وەزیری بەرگری روسیا مەشق و راهێنانەكانی مانۆڕی ڤۆستۆك 2018شی بەراورد كرد بە مانۆڕەكانی یەكێتی سۆڤیەت لە ساڵی 1981دا كە چەند مەشقێكی لەسەر هێرشكردنە سەر پەیمانی ناتۆ لەخۆگرتبوو.
شویگۆ لەو بارەیەو وتی:" لە هەندێك رووەوە دووبارەكردنەوەی مانۆڕەكانی زاباد – 81 ە بەڵام بە شێوەیەكی بەرفراوانتر".
دەربارەی بەشداریكردنی چینیش لە مانۆڕەكەدا وتەبێژی كرملن رایگەیاند ئەو هەنگاوە هەماهەنگی و هاوكاری هەموو بوارەكانی نێوان روسیا و چین نیشاندەدات.
قەبارەی مانۆڕەكانی " ڤۆستۆك 2018" یەكسانە بە هێزەكانی یەكێك لە شەڕە گەورەكانی جەنگی دووەمكی جیهانی و ساڵی رابردووش روسیا و بیلاروسیا چەند مانۆرشێكی سەربازی بچوكیان لە ناوچەكانی خۆرئاوای ئەنجامدا و كاری لە پێشینەی ڤلادیمێر پوتنی سەرۆكی روسیاش لەماوەەی رابردوودا بریتی بوو لە نوێكردنەوەی سوپا و توانا سەربازییەكان، لەوانەش دروستكردنی موشەكی ئەتۆمیی نوێ و ئێستاش سوپای روسیا بە نزیكەی یەك ملیۆن سەرباز دەخەمڵێنرێت.
چۆن و بۆچی چین بەشداری دەكات؟
وەزارەتی بەرگری چین بەیاننامەیەكی جدیی بڵاوكردەوە تائاستێكی زۆر باس لە قوڵبووونەوەی هاوكارییە سەربازییەكان و پەرەپێدانی تواناكانی هەردوولا دەكات لە پێناوە رووبەڕووبوونەوەی" هەڕەشە ئەمنییە جۆراوجۆرەكان" ، بەڵام دەشڵێت مانۆڕەكە " هیچ لایەنێكی سێیەم" بە ئامانج ناگرێت.
هەروەها وەزارەتی بەرگری چین ئاشكرایكرد كە بە 3200 سەرباز و زیاتر بە 900 پارچەی سەربازیی و 30 فڕۆكە و هێلیكۆپتەر بەشداری مانۆڕەكە دەكات و گۆڕەپانی مانۆڕەكەش لە گۆڕەپانی مەشقی تسۆگۆل لە ناوچەی ترانس- بەیكاڵی روسیا دەبێت و ئێستاش بەشێك لە هێزەكان گەیشتونەتە ناوچەكە، بەڵام تائێستا هیچ وردەكارییەك دەربارەی بەشداریی مەنگۆلیا لەو مانۆڕەدا بڵاونەكرانەتەوە.
ناتۆ چی دەڵێت؟
دیلاین وایت، وتەبێژی پەیمانی ناتۆ رایگەیاند، ناتۆ لە مانگی ئایاری رابردووەوە ئاگاداركراوەتەوە لە مانۆڕی " ڤۆستۆك – 2018"و چاودێری دەكات.
ئاشكرایكرد ناتۆ پێشنیازێكی روسیا تاوتوێدەكات كە رێگەدات پاشكۆی سەربازی رەوانەی مۆسكۆ بكات بۆ چاودێریكردنی مەشق و راهێنانی مانۆڕەكە.
وتەبێژەكەی ناتۆ لە بەیاننامەیەكدا وتی:" هەموو وڵاتان مافی ئەوەیان هەیە مەشق بە هێزە سەربازییەكانیان بكەن، بەڵام پێویستە ئەو مانۆڕانە بە شەفافیی بەڕێوەبچێت و بە شێوازێك كە پێشبینیكراو بێت.
هۆكاری ئاڵۆزیی پەیوەندییەكانی روسیا و ناتۆ
پەیوەندییەكانی روسیا و ناتۆ ساڵی 2014 زیاتر ئاڵۆزبوون، كاتێك مۆسكۆ نیمچە دوورگەی كریمیای لە ئۆكرانیا كردەوە و كردییە بەشێك لە روسیا و هاوكاری یاخیبووەكانی سەر بە روسیای لە خۆرهەڵاتی ئۆكرانیا كرد، ناتۆش بە بڵاوكردنەوەی هێزی ززیاتر لە ئەوروپای خۆرهەڵات وەڵامی ئەو هەنگاوەی روسیای دایە و نزیكەی چوار هەزار سەربازی رەوانەی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ كرد و روسیا دەڵێت ئەو كارەی ناتۆ پاساوی نییە و ئیستیفزازییە.