سیناریۆكانی یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق
2018-08-29 13:54:06
( درەو میدیا):
هەموو چاوەكان لەسەر ڕۆژی 3ی ئەیلولی داهاتوو و گرێدانی یەكەم دانیشتنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراقن، كە هەندێك پێیانوایە ساتەوەختی كرانەوەی كۆی گرێ و گۆڵە سیاسییەكانی پێێكهێنانی حكومەت و كۆتاییهێنانە بەو ململانێیانەی نزیكەی سێ مانگە تەواوی لایەنە سیاسییەكان و شەقامی عێراقی بەخۆیەوە سەرقاڵكردووە.
بەپێی بڕگەكانی خشتەی كاری یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق كە ئەمڕۆ فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمان بڵاویكردوەتەوە و بڕیارە ڕۆژی 3ی ئەیلولی داهاتوو بەڕێوەبچێت، لە دانیشتنەكەدا وتاری سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران و سەرۆكی خولی سێی پەرلەمانی عێراق دەخوێنرێتەوە و بەپێی ماددەی 54ی، دەستور بە تەمەنترین ئەندام سەرۆكایەتی دانیشتنەكە دەكات و دوای خوێندنەوەی ناوی ئەندامانی خولی چوارەم، سوێندی یاسای دەخۆن و دواتر سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی هەڵدەبژێرێن.
زیادەڕۆیی لەگەشبینییەكاندا دەكرێت
بەڕای بەشێك لە چاودێران، بەڕێوەچونی ئەم ڕێكارە یاساییانە لە زۆنێكی پڕ ململانێی وەك عێراق كاتێك بەشێوەیەكی ئاسایی بەڕێوەچێت، لایەنەكان لەسەر دابەشكارییەكانی سێ سەرۆكایەتیەكە و پۆست و پایەكانی تری حكومەت گەیشتبێتنە ڕێككەوتن، بەڵام بەهۆی ئەوەی تائێستا هیچكام لەبەرەكان نەیانتوانیوە زۆرینەی پەرلەمانیی، یان وەك خۆیان ناویانناوە "گەورەترین كوتلە" پێكبهێنن، وەك بنەمای سەرەكی بۆ پێكهێنانی حكومەت، هەم ڕێكارەكان یاساییەكانی دانیشتنی پەرلەمان بەوشێوەیە زەحمەتە ڕووبدەن و، هەم چاوەڕوانیی زۆریش لەو دانیشتنە بەجۆرێك زیادەڕۆییكردن لە گەشبینی خوێندنەوەی بۆ دەكرێت، هەر ئەوەشە هۆكاری ئەوەی، قسەكردن لەسەر كۆمەڵێك سیناریۆی جیاواز ببێتە ڕۆژەڤ و خوێندنەوەی هەمەلایەنەی بۆ بكرێت.
ئەگەرەكانی بەڕێوەچونی یەكەم دانیشتن
ئەگەر لایەنەكان نەیانتوانی گەورەترین كوتلە پێكبهێنن، ئەوا پێشبینی دوو سیناریۆ بۆ یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەكرێت ، سیناریۆی یەكەمیان، پەنابردنی زۆرینەی لایەنەكانە بۆ ڕێكارێكی یاسایی كە ڕێگە بە درێژەكێشانی گفتوگۆ سیاسییەكان بدات، بەجۆرێك پێشێلكردنی وادە دەستورییەكانی تیانەبێت.
سیناریۆی دووەمیش، هێزە سیاسییەكان كاربكەن بۆ تەواونەكردنی نیسابی دانیشتنەكە، بەوەش هیچ ئیحراجییەك ناكەوێتە لەسەر هیچ لایەنێك و دواتر لەڕێی نوسراوێكەوە داوای دیاریكردنی وادەیەكی نوێ لەسەرۆك كۆمار بكرێت بۆ دانیشتنی نوێی پەرلەمان، كە ڕەنگە بكەوێتە ڕۆژی 15ی ئەیلولی داهاتو و بەوەش دەرفەتێكی نوێ بدات بەكوتلە سیاسییەكان بۆ یەكلاییكردنەوەی بژاردەكانیان سەبارەت بە پێكهێنانی گەورەترین كوتلە و كاندیدەكانی پۆستی سێ سەرۆكایەتیەكە، ئەمە بە بۆچونی سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار كە بۆ ماڵپەڕی " سۆمەرییە نیوز " قسەیكردوە.
سیناریۆی سێیەم ئەوەیە، ئەندامانی پەرلەمان سوێندی یاسای بخۆن و دانیشتنەكە هەڵبگیرێت بێئەوەی دەنگ لەسەر سەرۆك و دوو جێگرەی بدرێت و، بابەتەكە بخرێتە دانیشتنی داهاتوو، كە هەفتەیەك دوای دانیشتنی یەكەم ڕێكدەخرێت.
هەر لە چوارچێوەی شرۆڤەكردنی ئەم پرسەدا (واسق هاشمی) شارەزای سیاسی پێیوایە، دانیشتنی پەرلەمان ڕێكناخرێت ئەگەر كاندیدەكانی سێ سەرۆكایەتییەكە یەكلانەكرێنەوە، پێشبینی ئەوەشیكردوە، بەتەمەنترین ئەندام كە سەرۆكایەتی دانیشتنەكە دەكات داوا لەئەندامان بكات سوێندی یاسای بخۆن و دانیشتنەكە بە كراوەیی جێبهێڵێت، باس لە سێ سیناریۆش دەكات بۆ یەكلاكردنەوەی دیمەنی سیاسی، هۆشداریشی داوە لە پەرتبونی زیاتری ناوماڵی شیعە.
دیمەنی سیاسی چۆن یەكلادەكرێتەوە؟
هاشمی بە هەمان سەرچاوەی وتوە، ململانێی ناو پێكهاتەكان هێشتا بەردەوامە، ململانێكانی ناو پێكهاتەی سوننە لەسەر پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بەردەوامە، پارتە كوردییەكانیش لە هەمان دۆخدان سەبارەت بە پۆستی سەرۆك كۆمار، ناوماڵی شیعەش لە ئەنجامی ململانێ لەسەر پێكهێنانی گەورەترین كوتلە و پۆستی سەرۆك وەزیران لە حاڵێكی باشتردا نیە.
لەبارەی سیناریۆكانی پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمان و پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو، ڕایگەیاندووە، سێ سیناریۆ بۆ یەكلاكردنەوەی دیمەنی سیاسی لەئارادایە كە ئەوانیش:
یەكەمیان: میحوەری دەوڵەتی یاسا و فەتح سەركەوتووبن لەر ِاكێشانی سوننە و كورد بۆ بەرەكەیان و بەوەش گەورەترین كوتلە پێكبهێنن.
دووەمیان: میحوەری سائیرون و نەسر و وەتەنیە وحیكمە سەركەوتووبن لە ڕاكێشانی سوننە و كورد بۆ بەرەكەیان و بەوەش گەورەترین كوتلە پێكبهێنن، ئەم دوو سیناریۆیەشی بەدوور زانیوە.
سێیەم: كە لەلایەن وڵاتانی دەرەكییەوە فشار بۆ ئەنجامدانی دەكرێت، ڕێكخستنەوەی ناوماڵی شیعە و سوننە و كورد و گەڕانەوەیە بۆ چوارگۆشەی یەكەم و پێكهێنانی حكومەتێكی شەراكەتی نیشتمانی بەبێ بوونی ئۆپۆزسیۆن.
بە وتەی ئەو شارەزا سیاسییە، پەرتبونی ناوماڵی شیعە زیانی بە بەرژوەندییەكانی نیشتمان گەیاندووە، بەوپێیەی هەردوو لایەنی كورد و سوننە پرسەكەیان قۆستوەتەوە بۆ بەرزكردنەوەی سەقفی داواكارییەكانیان كە ڕەنگە پرسی نەكردە و نادەستوری لەخۆبگرێت و دوو لایەنە شیعەییەكە كە خوازیاری پێكهێنانی گەورەترین كوتلەن ملی بۆ بدەن.
بەپێ زانییارییەكانی "درەومیدیا" كە لەسەرچاوەیەكی سیاسی باڵای عێراقەوە دەستیكەوتوە، نوری مالیكی و هادی عامری بەچڕی دەستیانكردوەتەوە بەكۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە شیعییە جیاوازەكان وەك هەنگاوی یەكەم و دواتر سەرلەنوێ پەیوەندیكردن بەلایەنەكانی ناو سوننە و كورد، سەرچاوەكە لە زاری ئەندامانی ئەو وەفدەی كە چەند ڕۆژێك لەمەوبەر هاتنە هەولێر و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم كۆبوونەوە، ئەوەشی ئاشكراكرد، دانیشتنەكەیان زۆر بەئیجابی وەسفكردوە و لایەنە كوردییەكان پێیان ڕاگەیاندون كە بەمزوانە وەڵامیان دەدەنەوە.