Draw Media

پۆستی سەرۆك كۆمار درز دەخاتە پەیوەندییەكانی یەكێتی و پارتی

پۆستی سەرۆك كۆمار درز دەخاتە پەیوەندییەكانی یەكێتی و پارتی

2018-08-29 12:05:43


راپۆرتی: محەمەد رەئوف  
لەدواین كۆبونەوەی نێوان یەكێتی نشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، ناكۆكی گەورە دروستبووە، مەكتەبی سیاسی پارتی بەفەرمی بە وەفدی یەكێتی راگەیاندووە" لەنێوان پۆستی سەرۆك كۆمار و پۆستی پارێزگای كەركوكدا ئەوان یەكێكیان دەوێت".
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە كۆبونەوەكە بە (درەو میدیا)ی وت: وەفدی یەكێتی لەو داوایەی پارتی ناڕازی بوون و پێیان راگەیاندوون ئەو دوو پۆستە هەردووكیان ئیستحقاقی یەكێتین و رازی نابن بدرێتە بە پارتی، بۆیە كۆبونەوەكە هیچ ئەنجامێكی لێنەكەوتوەتەوە".

سێ كاندید بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار 
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، پارتی دوای ئەوەی لەگەڵ یەكێتی نەگەیشتوەتە هیچ ئەنجامێك بۆ دابەشكردنی پۆستەكانی عێراق، بڕیاریداوە كاندیدی خۆی هەبێت بۆ سەرۆك كۆماری عێراق.
هەرچەندە باس لە دانانی (هۆشیار زێباری) یان (رۆژ نوری شاوەیس) دەكرێت وەكو كاندیدی پارتی بۆ سەرۆك كۆمار، بەڵام زانیارییەكانی (درەو میدیا) ئاماژە بەوە دەكەن، پارتی (فوئاد حسێن) كاندیدی دەكات، بەوپێیەی كەسایەتییەكی شیعەیە و جێگای نیگەرانی لایەنە عێراقییەكان نیە، ئەمە لەكاتێكدایە رەنگە كاندیدكردنی (هۆشیار زێباری) كێشە دروستبكات، چونكە ئەو پێشتر كە وەزیری دارایی عێراق بووە لەسەر پرسی گەندەڵی لە پەرلەمانەوە متمانەی لێوەرگیراوەتەوە.

یەكێتی كێ دەنێرێتە بەغداد ؟
دوێنێ مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە هەولێر كۆبوەوە، (درەو میدیا) زانیویەتی، لە كۆبونەوەكەدا باسلەوە كراوە یەكێتی لە بەغداد دۆخی خراپە و كارەكتەرەكانی لە ئاستی پۆست و پێگەی یەكێتیدا نین، بۆیە دەبێت ئەمجارە كارەكتەری بەهێز رەوانەی بەغداد بكرێن، رەنگە یەكێك لەو كارەكتەرانە (مەلا بەختیار) بێت كە چاوی لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار و گەیشتنە بە كورسییەكەی تاڵەبانی لە كۆشكی سەلام، پێشتر چەندین راپۆرتی رۆژنامەوانی بڵاوكرانەوە لەبارەی ئەوەی مەلا بەختیار بڕوانامەی خوێندنی زانكۆی نییە، بۆیە ناتوانێت پۆستی سەرۆك كۆمار وەرگرێت، بەڵام (درەو میدیا) زانیاری دەستكەوتووە مەلا بەختیار ئەو كێشەیەی چارەسەر كردووە و لە زانكۆیەكی ئەوروپا بڕوانامەی وەرگرتووە.
ئەمە لەكاتێكدایە (محەمەد سابیر) ئاوەڵزاوای جەلال تاڵەبانی كە پێشتر باڵیۆزی عێراق بووە لە چەند وڵاتێك، بەفەرمی لەلایەن ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتییەوە كاندیدكراوە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار و سیڤییەكەی رەوانەی مەكتەبی سیاسی كراوە بەمەبەستی پەسەندكردنی.

چوار لایەنەكە كاندیدیان دەبێ ؟
لایەنی سێیەم كە چاوەڕەوان دەكرێت كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار هەبێت، چوار لایەنەكەیە (بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری).
لە باشترین حاڵەتدا رەنگە كاندیدی ئەو چوار لایەنە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، بەرهەم ساڵح بێت، بەوپێیەی بەرهەم ساڵح نیەتی چونە بەغدادی هەیەو پشتیوانی بۆ كۆكردوەتەوە.
سەرچاوەكان ئاماژە بەوە دەكەن، ئێستا لەناو یەكێتیش وەك پێشتر ئەو هیڵە سورەی لەسەر بەرهەم ساڵح نەماوەو بۆچون هەیە كە بەرهەم ساڵح ببێتە كاندیدی چوار لایەنەكەو یەكێتیش بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand