هاوپەیمانی بایكۆتی هەڵبژاردن دەكات و كەناڵی خەندانیش دادەخات
2018-08-28 20:45:03
( درەو میدیا):
بەپێی زانیاریەكانی " درەو میدیا" لەدوای بڕیاری بایكۆتكردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەرییەوە ئەو هێزە بڕیاریداوە كەناڵی خەندانی زمانحاڵەكەشی دابخات.
زانیارییەكانی " درەو میدیا" ئاماژەبەوەدەكەن كە لەمشەوەوە كەناڵی خەندان دادەخرێت، بەڵام بەهۆی بوونی گرێبەستی كارمەندان و هەندێك بەرنامەی تۆماركراو، پەخشی كەناڵەكە تا 10 رۆژی تر بەردەوام دەبێت و دواتر دادەخرێت.
ئەمە لە كاتێكدایە كە هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەرەوەری بەرەسمی بڕیاریداوە بایكۆتی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكات، كە خۆیان پێیانوایە تۆماری دەنگدەران خاوێن نیە و دووبارە ساختەكاری گەورە دەكەن لە هەڵبژاردنەكاندا، ئەم روانینەی هاوپەیمانی لە كۆبونەوەی چوارقۆڵی سەركردەكانی ( گۆڕان، هاوپەیمانی، كۆمەڵ، یەكگرتوو) باسكراو بەرهەم ساڵح جەختی لەسەر بایكۆتی هەڵبژاردن كردەوە، بەڵام لایەنەكانی تر رازی نەبوون.
بەڵام بایكۆتی پرۆسەی هەڵبژاردن لەلایەن هاوپەیمانییەوە دوو خوێندنەوەی بۆ دەكرێت:
یەكەم/ هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری و خودی بەرهەم ئەحمەد ساڵح ترسیان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان هەیە بەهۆی "ئەگەری زۆری ساختەكاری و ناخاوێنی تۆماری دەنگدەران" وەك هەڵبژاردنی 12ی ئایاری رابردوو روبەرووی شكستی گەورە ببنەوە و ئیدی خۆری سیاسی بەرهەم ساڵح ئاوا بێت، بۆیە نایانەوێت روبەرووی ئەو شكستە ببنەوە.
دووەم/ زانیارییەكان ئاماژەبەوەدەكەن كە گفتوگۆ و كۆبونەوەی پشتی پەردە هەیە لە نێوان خودی بەرهەم ساڵح و سەركردەكانی یەكێتی و ئێرانییەكان و پارتی، بۆئەوەی بەرهەم ساڵح بكەنە سەرۆك كۆماری عێراق، هەرچی پارتیە جۆرێك رازی بوونی دەربڕیوە بۆ بوونی بەرهەم ساڵح بە سەرۆك كۆمار و لە پشتی پەردەشەوە چەند جارێك بەرهەم ساڵح لەگەڵ خودی مەسعود بارزانی كۆبوەتەوە و باسی ئەو پرسە كراوە، پارتی لە توانای فوئاد مەعسوم ناڕازیە لەو پۆستە و دەیەوێت كارەكترەێكی بەهێز لەوێ بێت.
هەرچیە ئێرانییەكانە پشتیوانی لە بەرهەم ساڵح دەكەن بۆئەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق وەربگرێت، بۆئەوەی لایەنەكانی دەڤەری سلێمانی یەكخەنەوە و ناكۆكیان نەمێنێت و لەلایەكی تریش پۆستی سەرۆكی كۆمار بۆ پارتی نەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش چەند جارێك ئەو پرسەیان لەگەڵ سەركردایەتی یەكێتی باسكردووە.
هەرچی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە بەسەر چەند روانینێكدا دابەشبوون، لایەنی كۆسرەت رەسوڵ پێیان خۆشە ئەو پۆستە بۆ بەرهەم ساڵح بێت، بەشێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیش پێیان خۆشە بۆئەوەی بەرهەم ساڵح بگەڕێتەوە ناو یەكێتی ئەو پۆستەی پێبدرێت، بەڵام ئەوەی توندن لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار نەدرێت بە بەرهەم ساڵح ماڵی تاڵەبانیە، كە ئێستا بەهۆی پێشنیازی ئێرانییەكانەوە، جۆرێك لە نەرمیان نواندووە و بەتایبەتیش قوباد تاڵەبانی پشتیوانی ئەوە دەكات ئەو پۆستە بدرێتە بەرهەم ساڵح و بگەڕێتەوە بۆ ناو یەكێتی و كۆتایی بە هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بهێنرێت.
كە پێشبینیدەكرێت بایكۆتی هەڵبژاردن و داخستنی كەناڵی خەندان لەلایەن هاوپەیمانییەوە لە چوارچێوەی ئەو هەنگاوانەدا بێت.