Draw Media

هاوپەیمانێتی بۆ خۆدزینەوە لە بایكۆت  

هاوپەیمانێتی بۆ خۆدزینەوە لە بایكۆت  

2018-08-28 12:49:02


راپۆرتی: ئارام مەحمود
هەڵوێست وەرگرتن و بایكۆتی پرۆسەی سیاسی، لەگەڵ ئەنجامەكانی هەڵبژاردندا بووە بەشێك لە مێژوو، ئێستا یار و نەیار كوڕی ئەمڕۆن، ئەوەی سوتا یان چووە سەر حسابی یەكێكی تر، دەنگی خەڵك بوو، چیتر سیاسییەكان سەرقاڵی ئەو پرسە نین، بەڵكو داڵغەیان لای شتێكی لەوە گرنگترە، ئەویش بەركەوت و قەبارەی قاشە كێكەکەی دەسەڵاتە، چەندە و ڕێژەیی چەوری و شیرینییەكەی بەری دڵ ئەگرێت یان نا؟.
پێش پرۆسەی هەڵبژاردن، خەڵكێكی زۆر لەچین و توێژە جیاوازەكان، بە تایبەت كۆمەڵێك ڕۆشنبیری دیار، سەردانی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنی جاران و ئەو لیستە تازانەیان كرد كە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێكهێنران و تكایەكی زۆریان لێكردن بەرەیەكی هاوبەش دروستبكەن و پێكەوە ببنە (بلۆكێكی مێژوویی) بەرامبەر بلۆكی دەسەڵات و، خاوەندارێتی بەرەی خەڵك و هەموو ئەو دەنگانە بكەن كە ناڕازین و ڕەخنەیان لەو دۆخە نالەبارە هەیە كە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەسەر خەڵكی كوردستانیان هێناوە.
 دەیان وتار و پێشنیاز و پرۆژەی سیاسی خرانە بەردەم ئەو هێزانە تاسنورێك بۆ سەركێشییەكانی ئەو دوو هێزە دابنێنن، تا چیتر ڕۆژێ بەناوی ئابوری سەربەخۆ و ڕۆژێك بەناوی دروستكردنی دەوڵەتەوە یاری بە چارەنوسی خەڵك نەكەن و هەر ڕۆژە و نەیاندەن بە قەڵبەیەكدا، سەرنجام هەر ئەوەیانكرد كە بەرژەوەندی خۆیان گەرەكی بوو، نەك بەرژەوەندەیی و چاكەی گشتی و هەریەكەیان لە دۆڵێك خوێندیان، عەرەب وتەنی، هەر لایەنە و گۆرانی بۆ (لەیلا)كەی خۆی وت.


پارتی و یەكێتی توانای دەستوەردانیان هەیە
بەشێك لە ئاگایانی دۆخی سیاسی كوردستان بەدووری نازانن پارتی و یەكێتی ڕۆڵیان هەبووبێت لە بەیەكنەگەیشتنی ئەو لایەنانە لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتیەكدا و لەمپەریان دروستكردبێت بۆ لەدایكبوونی ڕكابەرێكی فیعلی كەخۆی وەك بەدیل و جێگرەوەی ئەوان لەبەردەم خەڵكی كوردستان تەرح بكات، بەوپێیەی یەكێتی و پارتی خاوەن هەژمونێكی كەمنین لەناو ئەم هێزانە(چوارلایەنەكە) و دەتوانن كاریگەری لەسەر بڕیارە چارەنوسسازەكانیان دروستبكەن، نمونەی بەرجەستەشیان بۆ ئەمە، كاتێك دەنگۆی لێكنزیكبونەوەی لیستەكەی بەرهەم ساڵح و بزوتنەوەی گۆڕان بڵاوبوەوە بۆ دروستكردنی هاوپەیمانێتیەكی هاوبەش، وترا بەرپرسانی یەكێتی دەستوەردانیان كردوە و فشاریان لە بەرپرسانی گۆڕان كردووە ڕێككەوتنێكی لەوشێوەیە نەكەن، بێگومان كاریگەری پارتیش لەسەر لایەنەكانی تر بە تایبەتی یەكگرتوی ئیسلامی ئەگەر زۆرتر نەبێت ئەوا كەمترنیە، هەندێك لە خۆبەخشانی جوڵانەوەی نەوەی نوێش لەبری بەشداربوون لە ڕەخساندنی زەمینەی پێویست بۆ ئەو بەیەكگەیشتنە، بە لێزانی بێت یان نەزانی، كەلێنەكانیان گەورەتركرد و لەڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە ئەم پرسە سیاسییە گرنگەیان بەجۆرێك لە شەڕە دەنوكی سیاسی و خۆنمایشكردن تەوزیفكرد، بەوەی گوایە بزوتنەوەی گۆڕان داوای هاوپەیمانێتی لێكردون و ئەمان ڕەتیانكردوەتەوە.

ناڕازی نەماوە هەمووی ڕازییە
ڕۆژ ڕۆژی پێكهێنانی هاوپەیمانێتی دوو قوڵی و سیان و چوار و پێنجقۆڵی و نمایشی بازوی سیاسییە بۆ چینەوەی زۆرترین دەستكەوت و ئیمتیاز، ئەمە لەم سەری عێراق تادەگاتە ئەوسەری وەك مۆدێلێكی سیاسی لێهاتووە، لایەنە ناڕازییەكانی كوردستانیش (بزوتنەوەی گۆڕان، یەكگرتوی ئیسلامی، كۆمەڵی ئیسلامی، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری )، ڕۆژی 26ی ئەم مانگە هاوپەیمانێتییەكی چوارقۆڵیان لە چوار خاڵدا ڕاگەیاند، هاوشێوەیەی زۆربەی بەیاننامە ئینشائییە سیاسییەكان دەڵێن، ڕێككەوتنەكەیان لەپێناوی بەرژوەندی خەڵك و مافە دەستورییەكانی هەرێمی كوردستان و بەدامەزراوەییكردنی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا و چارەسەری  كێشەكانی نێوانیانە، موچەی خەڵك و پرسی ناوچە دابڕاوەكانیشیان لەبیرنەكردووە. 

پرسیارە بێ وەڵامەكان
هەندێك پرسیاری ئەوە دەكەن، زەرورەتی دەستەبەركردنی ئەم مافانە بۆ خەڵكی كوردستان شتێكی تازەنین سەریان دەرهێنابێت، یان ئەم چوارە لایەنە تازە بۆیان دەركەوتبێت بەدەستهێنانی ئەم مافانە پێویستی بەپێكەوەبونە، ئەگەر دەیانزانی پێكەوە دەتوانن ئەم كارانە باشتر ڕاپەڕێنن، بۆ لە سەرەتاوە هاوپەیمانێتییەكیان دروستنەكرد، كە ڕەنگە كەشی هەڵبژاردنی گەرموگڕتر  بكردایە و ئەو ڕێژە زۆرەی بایكۆتی خەڵكیش تۆمارنەكرایەو و ڕێژەیەكی زیاتر دەنگیان بهێنایە؟.
پرسیارێكی تر ئەوەیە، سیان لەم چوار لایەنە (گۆڕان و یەكگرتو و كۆمەڵ) لە خولی پێشوی پەرلەمانی عێراقدا،  خاوەنی 16 كورسی بوون و لەزۆر پرسیشدا هاوڕابوون، نەك ئەوان هەموو كوتلەكوردییەكان پێكەوە نەیانتوانی تێپەڕندانی بودجە لە دەرەوەی خواستی كورد بوەستێنن؟ ئەی ئێستا كە بە چوار لایەن كەخاوەنی 11 كورسین، چیان پێدەكرێت و دەتوانن چی بگۆڕن لە بەغداد؟.
پرسیارێكی تر كە دەكرێت، ئەگەر ئەم لایەنانە دەیانزانی هیچ ڕێگایەكی تریان پێهەڵنابژێرێت  و ناتوانن سەرچڵیی سیاسی یان داهێنانی بێپێشینە و تاقینەكراوە بكەن، شەقامیان بۆ پڕكرد لە شیعاراتی توند و بانگەشەی بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسی و هەڕەشەكردن بۆ پەنابردن بۆ هەموو ڕێكارە مەدەنییەكان، تەنانەت بە دەستبردن بۆ دروستكردنی هێزی چەكداریشەوە، كاتێك دۆخەكەش بە هیچ نەكردن كۆتاییدێت و لەگەڵ پارتی و یەكێتی یان بەجیا بەرەو بەغداد غلدەبنەوە،  لانی كەم وەك ڕێزێك بۆ دەنگدەرەكانیان دەبوو، ئاماژەیەكیان بەسودەكانی بەشداری لە پرۆسەی سیاسی عێراق و زیانەكانی بایكۆتكردن بكردایە؟.
پرسیارێكی تر ئەوەیە، زۆربەی فراكسیۆنەكان جگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان لانی كەم لەدوو خولی ڕابردوودا، لەناوخۆدا ناتەبا و پارچەپارچەبوون، ئەی چۆن زامنی ئەوە دەكەن چوار فراكسیۆنی جیاواز و چوار بیركردنەوەی جیاواز پێكەوە هەڵبكەن، قسەكە ئەوەیە ئەم چوار لایەنە كە بەرژەوەندی خەڵكیان كردوەتە بنەمای كاری پێكەوەیی و هەردووكیشیان پێكەوە كردوەتە بەهانە بۆ چونە بەغداد، ئەگەر ئەمانە هیچی بەرجەستە نەبوون، سیحری چونەكەیان بەتاڵنابێتەوە؟ ئەی زەمان چیە لەوێش یەكێتی و پارتی كاریگەری لەسەر بڕیارەكانیان دانانێن، پێكەوەبن یان یان بەجیا؟.

هاوپەیمانییەكە بە مردوویی لەدایكبووە
زۆرێك پێیوایە هاوپەیمانێتی ئەم چوار لایەنە لەبنەڕەتەوە بەمردوویی لەدایكبووە، چونكە پێكەوە بونێك نیە كە لەقەناعەت و بیركردنەوە و خەمێكی هاوبەشەوە سەرچاوەی گرتبێت، بەڵكو فێڵێكە لەخەڵكیان كردووە و حیلەیەكە دۆزیویانەتەوە بۆ خۆدزینەوەی لە بانگەشەكانی ڕابردوویان، كە لە بەرامبەر "دزینی دەنگی خەڵك" هەڕەشەی بایكۆتی پرۆسەی سیاسی و گرتنەبەری سەرجەم ڕێكارە مەدەنییەكانیان دەكرد و تەنانەت تا دواین ساتیش خەڵكیان لەوەدا هێشتەوە كە "چاوەڕوانی ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانی كۆتایی دەكەن" و دوای ئەوە هەڵوێستی خۆیان بەڕونی ڕاشكاوی ڕادەگەیەنن و هەموو ئەگەرەكانیش لەبەردەمیاندا كراوەیە، بەڵام ئەوەی ئێستا بەكراوەیی خستویانەتە سەرپشت، دەرگای ئەو هاوپەیمانێتیە چوارقۆڵییەیە كە پێكیانهێناوە بەڕووی لایەنە كوردستانیەكانی تردا (پارتی و یەكێتی)، وەك ئەوەی لەدواین لێدوانی یەكێك لە بەرپرسانی ئەو هاوپەیمانێتییەدا هاتووە.
دیوێكی تری ئەو خوێندنەوانەی بۆ پێكهێنانی ئەو هاوپەیمانێتیە دەكرێت، ئەوەیە، ئەم هێزانە (چوار لایەنەكە) گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی پێكەوەبونیان سەنگ و پێگەی سیاسیان لەبەغداد دەپارێزێت و دەرفەتی زیاتریشیان لەبەردەم دەڕەخسێنێت بۆ وەرگرتنی پۆست و ئیمتیازی سیاسی، بەپێچەوانەی چونیان وەك كۆمەلێك هێزی  سەربەخۆ، كە ئەگەرەكانی بەردەمیان لەزۆر ڕوەوە كاڵتر و تەسكتردەكاتەوە.
ئەگەر هەموو ئەوانەی سەرەوە بەشێك بوبێتن لەو پرسیار و گریمانانەی كە بەلای زۆرێكەوە پێویستی بەوەڵامدانەوەی جدی و ڕاوەستان و هەڵوەستەكردن هەیە لەسەری، لەبەرامبەردا ڕایەكی تر هەیە پێیوایە، چۆڵكردنی بەغداد بۆ یەكێتی و پارتی، واتە سپاردنی بەشداری سیاسی كورد لە ناوەندێكی گرنگی وەك بەغداد بەدەستێكی نائەمین، كە وەك دەوترێت، ئەزمونی چەند ساڵی ڕابردوویان سەلماندویەتی، شەڕی ئەوەڵ و كۆتاییان بۆ بەدەستهێنانی پۆست و ئیمتیازات بووە بۆ حزب و لەناو حزبیشدا بۆ كۆمەڵێك شەخسی دیاریكراو، هەموو ئەمانەشیان لەژێر سەرپۆشێكی نەتەوەیی و كۆمەڵێك ڕەمز و پیرۆزییدا ئەنجامداوە.  
    


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand