فازل میرانی شایەتییەكی مێژوویی بۆ گۆڕان دەدات
2018-08-28 12:36:22
(درەو میدیا):
"من بۆ مێژوو دیڵێم پڕۆژەكەی گۆڕان زۆر لە پڕۆژەكەی پارتی بەسەروبەرتر و ڕێكخراوتر بوو" ئەمە قسەی فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانە.
لە دیدارێكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا، لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بەوەی ئایا رێككەوتنی پێشوەخت هەبووە لەنێوان بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر یاسای هەڵپەساردنی سەرۆكایەتی هەرێم، فازل میرانی رەتیدەكاتەوە هیچ رێككەوتێكی پێشوەخت كرابێت، ئەمەش پێچەوانەی قسەی جەعفەر ئیمنكی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتییە كە پێشتر بۆ هەمان سەرچاوە وتی: پرۆژەكە پرۆژەی هاوبەشی گۆڕان و پارتی بووە.
فازل میرانی دەڵێ:"زۆر كەس بەتایبەت برادەرانی یەكێتی وا بیریان دەكردەوە كە ئێمە و گۆڕان دانیشتوین ڕێككەوتوین لەسەر پڕۆژە یاسای هەڵپەساردنی سەرۆكایەتی هەرێم، من بۆ مێژوو دیڵێم پڕۆژەكەی گۆڕان زۆر لە پڕۆژەكەی پارتی بەسەروبەرتر و ڕێكخراوتر بوو، ئێمە كاتی خۆی سوپاسی برادەرانی گۆڕانمان كرد بێ ئەوەی هەماهەنگی پێشوەختەمان هەبێت، بەڵام شێوەی بیركردنەوەی هاوبەش ئەو كارە باشەی لێ دەرچوو".
لە وەڵامی پرسیارێكیشدا لەبارەی ئەوەی ئایا پارتی پشتیوانی بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری دەكات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، فازل میرانی ئاماژەی بەوەكردووە" سەرەتا دەبێت داوا لە یەكێتییەكان بكەین ئایا ئامادەن واز لە بەشی خۆیان بهێنن ؟ بەهەمان شێوە لە پارتیش بپرسین ئایا ئامادەن واز لە بانگەشەی خۆیان بهێنن بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە و وازهێنانی بۆ كاندیدێكی سەربەخۆ؟ كاك بەرهەم لەناو هەموومان كەسایەتییەكی "مەعروفە"و برایەكی ئازیزە، بەڵام وابزانم ئەگەر لەناو یەكێتیدا بمایەوە شانسی وەرگرتنی ئەو پۆستەی زیاتر بوو، جاری پێشوش هەموو یەكێتییەكان دەنگیان پینەدا، ئێـمە ناتوانین ئەو پرسیارە لە یەكێتی بكەین، سەبارەت بە ئێمەش، هیشتا د. بەرهەم خۆی پێشنیار نەكردووە بۆ ئەو پۆستە تا ئێمە بۆچونی خۆمان بخەینەڕوو، وەختێك دەبێت ڕای خۆمان بخەینەڕوو كە دكتۆر بەرهەم بێت بۆ لای جەنابی سەرۆك بڵێت ئێوە و یەكێتی پێكنایەن لەسەر ئەو پۆستە من وەك كوردێك كاندید بكەن، ئەوكات د.بەرهەم جوابی خۆی وەردەگرێت".