فەرەنسا: وەزیرێك دەستیلەكاركێشایەوە
2018-08-28 10:27:23
(درەو میدیا):
لە هەنگاوێكدا كە وەكو گورزێكە بۆ سەرۆك ئیمانوێل ماكرۆن، نیكۆلا هۆلۆ وەزیری ژینگەی فەرەنسا دەستی لەكاركێشایەوە.
لە لێدوانێكدا بۆ ئێزگەی "فرانس ئینتەر"، نیكۆلا هۆلۆ لەبارەی دەستلەكاركێشانەوەی وتی:" بۆ روبەڕوبونەوەی ئاڵنگارییە ژینگەییەكان من بەتەنیا كاردەكەم، ئەمە سەختترین بڕیارە لە ژیانمدا، نامەوێت لەمەودوا درۆ بكەم، ناشمەوێ وای نیشان بدەم بوونم لە حكومەت بەواتای ئەوەدێت لە ئاستی ئاڵنگارییەكاندام".
نیكۆلا هۆلۆ وەزیری ژینگەی فەرەنسا كە تەمەنی (62 ساڵ)ە، یەكیك لە وەزیرەكانی كابینەی حكومەتەكەی سەرۆك وەزیران ئیدوارد فیلیپە كە وەكو پڕجەماوەرترین كابینەی حكومەت لە فەرەنسا تەماشا دەكرێت، بۆیە دەستلەكاركێشانەوەی ئەم پیاوە گورزێكی بەهێزە بۆ پێگەی ئیمانوێل ماكرۆنی سەرۆكی وڵات.
هۆلۆ ئاشكرایكرد، هێشتا ئیمانوێل ماكرۆنی سەرۆكی وڵات و ئیدوارد فیلیپی سەرۆك وەزیرانی لە دەستلەكاركێشانەوەكەی ئاگادارنەكردوەتەوە، چونكە دەترسێت جارێكی تر رێگری لە دەستلەكاركێشانەوەكەی بكەن.
ئاماژەی بەوەشكرد" سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆمار لەماوەی 14 مانگی رابردوودا سۆز و پشتیوانی و وەفایەكی گەورەیان لەبەرامبەر ئەودا نیشان داوە، بەڵام سەرباری ئەوە حكومەت نازانێت چۆن ئەولەویەت بە ژینگە بدات و جگە لە چەند هەنگاوێكی بچوك نەبێت هیچ نەكراوە".