Draw Media

پەرلەمانی ئێران لێپرسینەوەی لە سەرۆك كۆمار كرد

پەرلەمانی ئێران لێپرسینەوەی لە سەرۆك كۆمار كرد

2018-08-28 07:54:59


( درەو میدیا):
پەرلەمانی ئێران لەسەر خراپبوونی دۆخی ئابوریی و بێكاری و دابەزینی بەهای دراو،  لێپرسینەوەی لەگەڵ حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆمار كرد و پەرلەمانتاران بە زۆرینەی دەنگ وەڵامەكانی رۆحیانیان رەتكردەوە پێی قایل نەبوون.
ئەمڕۆ سێشەممە حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران لەبەردەم ئەنجومەنی شورا " پەرلەمان"ی ئێران ئامادەبوو بۆئەوەی پێنج پرسیاری دەربارەی پێنج بابەتی سەرەكی لێبكرێت كە ئەمانە بوون:
•    شكستهێنانی حكومەت لە كۆنترۆڵكردنی بەقاچاخبردنی كەلوپەل و دراوی قورس.
•    بەردەوامبوونی سزا بانكییەكانی دژی ئێران.
•    حكومەت رێوشوێنی گونجاوی بۆ كەمكردنەوەی بێكاری نەگرتوەتەبەر.
•    داڕمانی ئابوریی كە چەند ساڵێكە بەردەوامە.
•     بەرزبوونەوەی بەهای دراوی قورس و دابەزینی بەهای دراوی ئێرانیی.

رۆحانی چی وت؟
دوای ئاراستەكردنی پرسیارەكان لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە، سەرۆك كۆماری ئێران لە وەڵامدانەوەیدا بەڵێنیدا حكومەتەكەی زاڵ بێت بەسەر ئەو سزایانەی كە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا سەپاندونی و وتی كێشە ئابورییەكانی ئێران كاتێك دەستیپێكرد كە واشنتۆن سزاكانی بۆسەر وڵاتەكەی گەڕاندەوە.
رۆحانی وتیشی:" لێپرسراوە دژەكانی ئێران لە كۆشكی سپی دەبینن كە سزاكان شكستدەهێنن و ئێمە لە ویلایەتە یەكگرتووەكان و كێشە ئابورییەكان ناترسین و ئەو كێشانە تێدەپەڕێنین".
رۆحانی لێپرسینەوەكەی پەرلەمانی بە بەرزترین خاڵی بەهێزی رژێمی وڵاتەكەی وەسفكرد وتی:" كەس وا لێكی نەداتەوە كە لێپرسینەوە خاڵی لاوازە و وەڵامدانەوەی پرسیاری پەرلەمانتاران خاڵی بەهێزی لێپرسراوانی كۆماری ئیسلامی ئێرانە.
لە كۆتایی وەڵامدانەوەی پرسیارەكاندا سەرۆك كۆماری ئێران وتی:" پێویستە بە زمانێكی دروست و راست قسەبكەین بەو شێوەیەی كە گەل متمانەبكات كە كێشەكانی ئێران لەماوەی چەند مانگێكدا چارەسەردەبن، ئەوە كلیلی پرسەكەیە و پێویستە بۆ خەڵكی روونبكەینەوە كە ئێمە لە رێنماییەكانی سەركردایەتی و هەماهەنگی هەرسێ‌ هێزەكە و هێزە چەكدارەكان كێشەكان تێدەپەڕێنین".


پەرلەمان متمانەی بە وەڵامەكانی رۆحانی نەكرد
دوای وەڵامدانەوەی پرسیارەكان لەلایەن رۆحانییەوە، عەلی لاریجانی سەرۆكی پەرلەمانی ئێران داوای لە پەرلەمانتاران كرد كە ئایا باوەڕ و قەناعەتیان بە وەڵامەكانی سەرۆك كۆماركرد، لە وەڵامدا پەرلەمانتاران رایانگەیاند كە قەناعەتیان بە وەڵامەكان نەبووە و داوایانكرد بە ئاشكرا دەنگ لەسەر ئەوە بدرێت.
پاشان لاریجانی وەڵامی رۆحانی بۆ پێنج پرسیارەكە بەجیا خستە دەنگدانەوە و زۆرینەی پەرلەمانتاران وەڵامەكانی رۆحانیان رەتكردەوە بەمشێوەیە:

لە دەنگدان بۆ پرسیاری بۆچی حكومەت  لە كۆنترۆڵكردنی پرۆسەی بە قاچاخبردندا سەركەوتوو نەبووە كەبە یەكێك لە هۆكارەكانی ئیفلیجبوونی بەرهەمی نیشتمانی دادەنرێت؟ 138 پەرلەمانتار وەڵامەكەی رۆحیانیان رەتكردەوە و 123 پەرلەمانتاریش پەسەندیان كرد و شەش پەرلەمانتاریش دەنگیان نەدا.
پرسیاری دووەمیش كە تایبەت بوو بە هۆكاری بەردەوامی سزا بانكییەكانی سەر ئێران سەرەڕای تێپەڕینی زیاتر لە دوو ساڵ بەسەر جێبەجێكردنی بەڵێننامەكانی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەدا؟ 137 پەرلەمانتار وەڵامەكانی رۆحانیان بە پەسەنددانا و 130 پەرلەمانتاریش رەتیانكردەو و سێ‌ پەرلەمانتاریش دەنگیان نەدا.

پرسیاری سێیەم: بۆچی حكومەت رێوشوێنی گونجاوی بۆ كەمكردنەوەی بێ‌ كاری نەگرتوەتەبەر؟ 
لە دەنگداندا 190 پەرلەمانتار وەڵامەكانی رۆحانیان لەسەر ئەم پرسیارە رەتكردەوە و 74 پەرلەمانتار پەسەندیان كرد و هەش پەرلەمانتاریش دەنگیان نەدا.
پرسیاری چوارەم: هۆكاری بەردەوامیی داڕمان و داتەپینی ئابوری بۆ چەند ساڵێك سەرەڕای بەڵێن و راگەیاندنی تێپەڕاندنی ئەو دۆخە؟
لە دەنگدان لەسەر وەڵامەكانی رۆحانی بۆ ئەم پرسیارە 150 پەرلەمانتار وەڵامەكەیان رەتكردەوە و 116 پەرلەمانتاریش پەسەندیان كرد و شەش پەرلەمانتاریش دەنگیان نەدا.
پرسیاری پێنجەم : هۆكاری خێرا بەرزبوونەوەی بەهای دراوی بیانی و دابەزینی خێرای دراویی نیشتمانی؟
لە دەنگدان بۆ وەڵامەكانی حەسەن رۆحانی تایبەت بەم پرسیارە 196 پەرلەمانتار متمانەیان بە وەڵامەكانی نەكرد و رەتیانكردەوە و 68 پەرلەمانتاریش پەسەندیان كرد و هەشت پەرلەمانتاریش دەنگیان نەدا.


چارەنوسی رۆحانی دوای لێپرسینەوەكە 
بە گوێرەی مادەی 213ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی ئێران راپۆرتێكی تەواوەتی دەربارەی پرسیار و وەڵامەكان و دەنگدانی پەرلەمانتاران لەسەر وەڵامەكان بۆ دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بەرزدەكرێتەوە بۆئەوەی بە گوێرەی دەستوری ئێران یەكلایبكاتەوە.
لە دوای كشانەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە رێككەوتە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێران و گەڕاندنەوەی سزا ئابورییەكان، دۆخی ئابوری ئێران بە جۆرێك خراپبووە كە لە ماوەی رابردوودا خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی دژ بە حكومەت لە زۆربەی شار و شارۆچكەكانی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو، پەرلەمانی ئێرانیش لە چەند رۆژی رابردوودا متمانەی لە مەسعود كەرباسیان وەزیری ئابوری  سەندەوە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand