مەعسوم تۆپەكەی هەڵدا و شەڕەكەی لەخۆی دوورخستەوە
2018-08-27 17:36:16
راپۆرتی: درەو میدیا
ئەمڕۆ سەرۆك كۆماری عێراقی بە نوسراوی ڕەسمی ڕۆژی 3ی ئەیلولی داهاتوی بۆ كۆبوونەوەی یەكەم دانیشتنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق دیاریكرد، كە تەنها حەوت ڕۆژی ماوە، بەوەش مەعسوم خۆی لەدەستی ئەو لایەنانە قوتاركرد كە هەڕەشەی سكاڵاكردنیان لێدەكرد لەسەر دیارینەكردنی وادەی یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمان دوای پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای فیدراڵیەوە لەڕۆژی 20 ئەم مانگە، كە تا ڕۆژی 3ی ئەیلولی داهاتوو ڕێك ئەو 15 ڕۆژە دەكات كە لە دەستوردا دیاریكراوە.
مەعسوم بەم هەنگاوە تۆپەكەی فڕێدایە گۆڕەپانی لایەنە سیاسییەكان و پێویستە لە ماوەی ئەو حەوت ڕۆژەی لەبەردەستیان ماوە لانی كەم دەبێت لەسەر دیاریكردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان (سەرۆك و دوو جێگرەكەی) ڕێكبكەون.
بەپێی دەستوری عێراق یەكەمین كۆبوونەوەی پەرلەمان بەسەرۆكایەتی بەتەمەنترین ئەندامی بەڕێوەدەچێت، كە پێشتر "درەو میدیا " ئاشكرایكرد (محەمەد علی ساڵح زەینی) كاندیدی دەرچوو لە لیستی هاوپەیمانی مەدەنی سەرۆكایەتی یەكەم دانیشتن دەكات، كە دوای سوێندخواردنی یاسایی دەستەی نوێی سەرۆكایەتی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق هەڵدەبژێرێت.
سوننەكان و پۆستی سەرۆکی پەرلەمان
بەپێی ئەو تەوافوقەی لەدوای ساڵی 2003وە، وەك سیستمی سیاسی لە عێراق پیادە دەكرێت، سەرۆكی پەرلەمان لە پشكی پێكهاتەی سوننە دەبێ و جێگری یەكەم بۆ شیعە و جێگری دووەم بۆ كورد.
تائێستا هێزە سوننیەكان سێ كاندیدیان هەیە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە و بەڕسمی ڕێكەوتنیان لەسەر دیاریكردنی یەكێكیان ڕانەگەیاندوە:
* كاندیدی یەكەم: ئوسامە عەبدولعەزیز نوجێفی
كاندیدی هاوپەیمانی میحوەری نیشتمانییە
ساڵی 1956 لە موسڵ لەدایكبووە
بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە ئەندازیاریی كارەبادا هەیە
2005 وەزیری پیشەسازیی و كانزاكان بووە
لە 2010 ەوە بۆ 2014 سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بووە
لە 2014 بۆ 2018 جێگری سەرۆك كۆماری عێراق بووە
* كاندیدی دووەم: محەمەد رێكان حەلبوسی
كاندیدی هاوپەیمانی عێراق ناسنامەمانە
ساڵی 1982 لە قەزای گەرمەی پارێزگای ئەنبار لەدایكبووە
كۆلێژی ئەندازیاری تەواوكردووە
لە 2014دا بە ئەندامی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا
ئابی 2017 بە پارێزگاری ئەنبار هەڵبژێدرا
* كاندیدی سێیەم: محەمەد عەلی تمیم
كاندیدی چەند لایەنێكی میحوەری نیشتمانیە
سالی 1974 لە كەركوك لەدایکبووە
لە ساڵی 2010 وەزیری پەروەردەی عێراق بووە
ساڵی 2014 ئەندامی خولی سێیەمی پەرلەمان بووە
بڕوانامەی دكتۆرای مێژووی نوێ وهاوچەرخ لە زانكۆی موسڵ بەدەستهێناوە
كوردیش هیچی دیارنیە
وێڕای یەكلانەبوونەوەی كاندیدی سەرۆكی پەرلەمان، تائێستا یەكلانەبوەتەوە جێگری یەكەم كێیە و لەناوشیعەدا بەركام هێز دەكەوێت، جێگری دووەمیش كە پشكی كوردە، دیارنیە كێ دەبێت و دەبێت بەپشكی كام هێزە.
زۆرێك لە ئاگایانی دۆخی عێراق پێیانوایە، ئەم پرۆسەیە لە چوارچێوەی پاكێجێكدایە، واتە دەبێت لایەنەكان سەرەتا لەسەر پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی ڕێكبكەون، دواتر بەپێیی دوو ئیستحقاق، ئیستحقاقی هەڵبژاردن و نەتەوە و پێكهاتە، پرۆسەی دابەشكاری پۆستەكان دەستپێبكات، ئەم پرۆسەیەش زۆرجار لە شێوەی سەفقەی سیاسی و جۆرێ لە ڕێككەوتندا ئەنجامدەدرێت، كە زۆرجار دیوە شاراوەكانی بۆ ڕایگشتی ئاشكراناكرێن و لە تاریكدا دەمێنێتەوە.
كۆمسیۆن لەشوێنی خۆیەتی و فەرمانیش دەكات
لە پێشهاتێكی تازەی دیمەنی سیاسی عێراقدا كە زیاد لە خوێندنەوەیەكی بۆ دەكرێت، ئەمڕۆ ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، ڕێوشوێنەكان و فۆرمەكانی تایبەت بە پێكهێنانی هاوپەیمانێتی سیاسی لەناو پەرلەمانی عێراق پەسەندكرد و وەك ڕایگەیاندوە، ئەوكارەیان پاڵپشتە بە مادەی 29 لە یاسای ژمارە 36ی ساڵی 2015ی، تایبەت بەڕێكخستنی ژیانی سیاسی و حزبیی لە عێراق.
داواشی لە حزب و ئیئتیلاف و كاندیدە سەركەوتووەكان كردوە كە دەیانەوێت هاوپەیمانی پێكبهێنن، لە سبەینێ 28ی ئابەوە سەردانی كۆمسیۆن بكەن بۆ تۆماركردنی بەپێی یاسا.
بەڕای بەشێك لە ئاگایانی دۆخی سیاسی عێراق، ئەم هەنگاوە یاساییە زیاد لە پەیامێك لەخۆدەگرێت كە دیارترینیان ئاماژەیە بۆ نەبوونی متمانە لە نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكانی عێراق كە بەشێوەیەكی بەردەوام لەدژی یەكتری بانگەشەی كۆكردنەوەی زۆرترین ژمارەی هێز و كاندیدی دەرچوو لەخۆیان دەكەن و دەڵێن بەمزوانە گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی ڕادەگەیەنن، ئەم هەنگاوە ڕەنگە ببێتە ڕێگرێكی جدی و عەمەلی لەسەرهەڵدانێكی قەیرانێكی نوێ بەهۆی ئەو پرسەوە.
وێڕای ئەوەی ئەو پەیامەش دەدات بەگوێی هەمو لایەنەكاندا (ڕازی وناڕازی) كە كۆمسیاران و بەرپرسانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لەشوێنی خۆیان دەمێننەوە و هەموو ئەو هەنگاوانەشی لە ڕابردوودا لەدژیان گیرانەبەر و بەتێوەگلان لە ساختەكاری تۆمەتباركران، لەگەڵ هەڵبژاردن و ئەنجامەكانیدا بوون بە بەشێك لە مێژوو.