بەڵگەنامە و زانیاریی تایبەت بە ماددەی 140 دەستووری عێراقی فیدراڵ
2026-02-22 09:59:30
(2005 – 2025)
ڕاپۆرتی فەرمانگەی میدیا و زانیاری
🔹 ماددەی 140 وەک درێژکراوەی ماددەی 58ی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت، دوای 18 ساڵ لە تێپەڕبوون بەسەر دواین وادەی دەستووری تاکو ئێستا جێبەجێنەکراوە.
🔹 لە 2005 تا 2025، چەندین لیژنە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140 پێکهێنراون، زیاتر لە 2 ترلیۆن دیناری بۆ تەرخان کراوە و تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە.
🔹 لەدوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە، سیاسەتی تەعریب، لەژێر چاودێری ئیدارەی سەپێنراوی شارەکان، دەستی پێکردۆتەوە و گۆڕانکاریی گەورە لە پۆستە کارگێڕییەکان کراوە، دەیان پۆستی باڵا لە کورد سەندراونەتەوە.
🔹 سەرەڕای ئەوەی دادگای فیدراڵی لە ساڵی 2019 جەختی کردەوە، کە ماددەی 140 تا جێبەجێکردنی تەواوەتی بەردەوامە و کارایە، نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵی نێوەندگیریی داوە، بەڵام بەهۆی بەربەستە سیاسییەکان و دۆخی سەربازیی سەپێنراو، جێبەجێکردنی ئەم ماددەیە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.
پوختە:
• ماددەی 140 وەک درێژکراوەی ماددەی 58ی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دانراوە. جێبەجێکردنەكە بە 3 قۆناغ دیاری کراوە و دەبوو تا کۆتایی 2007 تەواو بکرایە، بەڵام دوای 18 ساڵ لە تێپەڕبوون بەسەر دواین وادەی دەستووری تاکو ئێستا جێبەجێنەکراوە.
• لە 2005 تا 2025، چەندین لیژنە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140 پێکهێنراون، زیاتر لە 2 ترلیۆن دیناری بۆ تەرخان کراوە و تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە.
• لەدوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە، سیاسەتی تەعریب، لەژێر چاودێری ئیدارەی سەپێنراوی شارەکان، دەستی پێکردۆتەوە و گۆڕانکاریی گەورە لە پۆستە کارگێڕییەکان کراوە، دەیان پۆستی باڵا لە کورد سەندراونەتەوە.
• سەرەڕای ئەوەی دادگای فیدراڵی لە ساڵی 2019 جەختی کردەوە، کە ماددەی 140 تا جێبەجێکردنی تەواوەتی بەردەوامە و کارایە، نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵی نێوەندگیریی داوە، بەڵام بەهۆی بەربەستە سیاسییەکان و دۆخی سەربازیی سەپێنراو، جێبەجێکردنی ئەم ماددەیە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.
دەقی دەستووری ماددەی 140
يەكەم: دەسەڵاتـى ڕاپەڕاندن هەنگاوى پێويست دەنێت بۆ تەواوكردنى جێبەجێكردنى پێداويستییەكانى مادەى (58) لە ياساى بەڕێوەبردنى دەوڵەت بۆ قۆناغى گواستنەوە بە هەموو بڕگەكانيەوە.
دووەم: ئەو بەرپرسياريەتيەى لەسەر شانى دەسەڵاتى ڕاپەڕاندنە لە حكومەتى ڕاگوزەری كە لە مادەى (58) لە ياساى بەڕێوەبردنى دەوڵەت بۆ قۆناغى گواستنەوە ئاماژەى پێكراوە، بەردەوام دەبێت و دەكەوێتە ئەستۆى دەسەڵاتى ڕاپەڕاندنى هەڵبژێردراو، بەگوێرەى ئەم دەستوورە بۆ ئەوەى بە تەواوى جێبەجێ بكرێت (ئاساييكردنەوە، سەرژمێرى، لە كۆتاييدا ئەنجامدانى ڕاپرسى لە كەركووك و ناوچەكانى تر كە ناكۆكيیان لەسەرە بۆ دياريكردنى ويستى هاووڵاتيیان) لە ماوەيەكى دياريكراودا، كە لە مانگى 12/2007 تێپەڕ نەكات.
مادەی 140 و بنەماکانی:
مادەی 140 لە دەستووری عێراقی هەمیشەییدان وەک درێژبوونەوەی مادەی 58 لە یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق بۆ قۆناغی گواستنەوە 2004 هاتووە، بۆچارەسەرکردنی ئەم دۆخە، ڕێگاچارەیەک بە سێ قۆناغ کێشراوە:
قۆناغی یەکەم، ئاساییکردنەوە: گەڕاندنەوەی بارودۆخەکە بۆ پێش سیاسەتی تەعریب، کە گەڕاندنەوەی کۆچپێکراوان و قەرەبووی زیانلێکەوتووان، هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی پاکسازیی نەتەوەیی لەخۆ دەگرێت.
قۆناغی دووەم، سەرژمێری: ئەنجامدانی سەرژمێری لەم ناوچانە بەشێوەیەکی شەفاف و دادپەروەرانە، کە ڕەنگدانەوەی واقعی دیموگرافیای ڕاستەقینەی ئەم ناوچانە بێت.
قۆناغی سێیەم، ڕاپرسیی گشتی: پێدانی مافی چارەی خۆنووسین، بە ڕێگەی ڕیفراندۆم (مانەوە لەگەڵ حکومەتی ناوەند یان بخرێنە سەر حکومەتی هەرێم) لەڕووی کارگێریەوە.
پێویست بوو ئەم قۆناغانە پێش کۆتاییهاتنی ساڵی 2007 جێبەجێ بکرانایە. لەم بارەیەوە بڕوانە خشتەی ژمارە (1).
لیژنەکان و بڕیارەکانی جێبەجێکردنی ماددەی 140
ڕێکارەکانی چارەسەرکردنی پرسی ناوچە جێناکۆکەکان لە ڕێگەی مادەی 58ـی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ قۆناغی گواستنەوە دەستی پێکرد، بۆ ئەو مەبەستە لە ساڵی 2005 حکومەتەکەی ئەیاد عەلاوی و لە ساڵی 2006 حکومەتی ئیبراهیم جەعفەری، دوو لیژنەی تایبەتمەندیان بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140 پێکهێنا، بەهۆی دروستکردنی ئاستەنگ و دەستوەردانی هەرێمیی، ئەم دوو لیژنەیە جگە لە دەستنیشانکردنی ئەندامەکانیان، هیچ هەنگاوێكی كردەییان نەنا.
دواتر لەسەردەمی حکومەتی یەکەمی نووری مالیکی، بە فەرمانی دیوانیی ژمارە 46 لیژنەیەک بۆ جێبەجیکردنی ماددەی 140 پێکهێنرا. ئەم لیژنەیە چەندین بڕیاری گرنگی دەرکرد، کە ئەمانەبوون:
• بڕیاری ژمارە 1: گەڕاندنەوەی فەرمانبەرانی دەرکراو بە هۆکاری سیاسی و نەتەوەیی (کورد، تورکمان، ئاشووری).
• بڕیاری ژمارە 2: گەڕاندنەوەی خێزانە ڕاگوێزراو و ئاوارەکان، بۆ ناوچە ڕەسەنەکانیان و قەرەبووکردنەوەیان.
• بڕیاری ژمارە 3: گەڕاندنەوەی خێزانە هاوردەکان (عەرەب) بۆ ناوچە ڕەسەنەکانیان لە ناوەڕاست و باشووری عێراق و قەرەبووکردنەوەیان.
• بڕیاری ژمارە 4: هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە کشتوکاڵییەکان، کە لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی گۆڕینی دیمۆگرافیادا ئەنجام درابوون.
• بڕیارەکانی ژمارە (5، 6، 7): خەرجکردنی قەرەبووەکان، لابردنی ستەم لە دانیشتووانی ناوچەکانی (تسعین و حەمزەلی) و گرتنەوەی زیانلێکەوتووانی ناوەڕاست و باشوور.
لەم چەند ساڵەدا، لە سەرجەم حکومەتەکانی عێراق، لیژنەی تایبەتمەند بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140 پێکهێنران، دواترینیان لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی ماددەی 140 بوو بە سەرۆکایەتی هادی عامری، لە حکومەتی سوودانی بەڵام لیژنەکە هیچ هەنگاوێکی دیار و گرنگی نەنا. لەم بارەیەوە بڕوانە خشتەی ژمارە (2).
دەسکەوتەکان و بەربەستەکان:
لە چوارچێوەی پێکهێنانی لیژنەکان و تەرخانکردنی پارە، دەسکەوتەکان زۆر کەم و دیاریکراو بوون، سەبارەت بە بەربەستەکان لەم خاڵانەی خوارەوە پێک دێت:
• ناونەنان و دەستنیشاننەکردنی سەرۆک و ئەندامانی لیژنەکان لە کاتی گونجاو.
• کورتیی ماوەی هەندێك لە حکومەتەكان.
• نەبوونی ویستێکی سیاسیی راستەقینە، لەلایەن لایەنەکانی نێو حکومەتی عێراق.
دۆسیەی زەوییە کشتوکاڵییەکان و سنوورە ئیدارییەکان
• هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی "لیژنەی کاروباری باکوور": بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە کشتوکاڵییەکان و بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی هەڵوەشاوە، کە کوردیان کردبووە ئامانج بڕیارەکانی (29) و (30)ـی ساڵی 2012 دەرچوون و بە گشتیی 3306 گرێبەستی کشتوکاڵیی هەڵوەشێندرانەوە.
• خۆدزینەوەی وەزارەتی داد: بەڵگەنامەکان دەیسەلمێنن، کە وەزارەتی داد و هەندێک لە دادوەرانی پارێزگای کەرکووك، خۆیان لە جێبەجێکردنی بڕیاری (29)ـی ئەنجوومەنی وەزیران دزیوەتەوە، سەرەڕای جەختکردنەوەی ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر دروستیی بڕیارەکە.
• سنوورە ئیدارییەکان: پڕۆژەیاسای پێشکەشکراو لەلایەن سەرۆکایەتیی کۆمارەوە، بۆ هەڵوەشاندنەوەی گۆڕانکارییە نادادپەروەرانەکان، لە سنوورە ئیدارییەکان.
• سەرەڕای دەرکردنی یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی ڕژێمی بەعس (مجلس قيادة الثورة) و گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان، بەڵام هێشتا حکومەتی فیدڕاڵیی عێراق هەنگاوی کردەیی بۆ جێبەجێکردنی ئەم یاسایە نەناوە.
• دەرکردنی یاسای دەستەی داواکانی موڵکداریی ژمارە 13ـی ساڵی 2010، کە لە رۆژنامەی وەقایعی عێراقی بە ژمارە 4147 بڵاوکراوەتەوە، دەستەی داواکانی موڵکداری، (پێشووتر دەستەی چارەسەری ناکۆکییەکانی موڵکداریی و زەوی و زار بوو) هەر لەسەرەتای دەستبەکاربوونی تا ئێستا بەهۆی ئاستەنگی سیاسی نەیتوانییوە بەکارەکانی خۆی هەڵبستێت و کێشەکان یەکلایی بکاتەوە.
ئەم بڕیارانە بە مەبەستی چارەسەرکردنی گرێبەستە کشتوکاڵییەکان و کێشەی زەوییە داگیرکراوەکانی پرۆسەی تەعریب دەرچوون، بەڵام جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانە بەربەستی زۆری بۆ دروست کرا، بەهۆی بەرژەوەندیی عەرەبە هاوردەکراوەکان لەسەر ئەم زەوییانە، جێبەجێ نەکران. لەم بارەیەوە بڕوانە خشتەی ژمارە (3 و 4).
پارەی تەرخانکراو بۆ ماددەی 140:
پشتبەست بە فەرمانی دیوانی ژمارە 46ـی ساڵی 2006، بڕیاری تەرخانکردنی بڕی 200 ملیۆن دۆلار بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140 درا (بۆ ئاساییکردنەوە و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان)، هەروەها لەنێوان ساڵانی 2006-2025 بەندی تایبەت لە یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ماددەی 140 تەرخان کرابوون، بەڵام جێبەجێ نەکران، ئەم بڕەپارانە پێویست بوو لە قەرەبووکردنەوەی ڕاگوێزراوان و گەڕاندنەوەی زەوییە داگیرکراوەکان، یان جێگرەوەی گونجاو بۆ ئەم زەوییانە و ئاساییکردنەوە و پاڵپشتیی دۆخی ئیداری و خزمەتگوزاریی ئەم ناوچانە خەرج بکرێت، بەڵام بەتەواوی جێبەجێ نەکراون، بەهۆی نەبوونی شەفافیەت لە خەرجکردن و نەبوونی میکانیزمی چاودێریکردنی شێوازی خەرجکردنەکە. لەم بارەیەوە بڕوانە خشتەی ژمارە (5).
ڕێککەوتنە سیاسییەکان و ڕۆڵی نێودەوڵەتی و دادوەری
1. ڕێککەوتنی هەولێر (2010)
رێککەوتننامەکە لە 8ـی ئابی 2010 لە نێوان سەرۆك مەسعود بارزانی، سەرۆکی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان و نووری مالیکی، سەرۆکی حکومەتی عێراق، واژۆکرا، رێککەوتننامەکە لە حەوت خاڵی سەرەکی پێکهاتبوو کە خاڵی 1 و 7 تایبەت بوو بە پابەندبوون بە دەستوور و جێبەجێکردنی ماددەی 140.
خاڵی (1): پابەندبوون بە دەستوور و جێبەجێکردنی
خاڵی (7): چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ هەرێم: ماددەی 140، پێدانی چەك و دابینکردنی پێداویستییەکان و خەرجی پاسەوانانی هەرێم، یاسای نەوت و گاز و سامانە سروشتییەکان.. هتد.
2. هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان
لەدوای شکستهێنانی هەوڵەکانی جێبەجێکردنی ماددەی 140، لە ناوخۆی عێراقی فیدڕاڵ، نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕێگەی نێردەی تایبەتی خۆی (یۆنامی)، لەسەر داواکاریی عێراق، هاتە سەرهێڵ بۆ جێبەجێکردنی ماددەکە، ئەرکی سەرەکیی نێردەکە خۆی دەبینییەوە لە پێشکەشکردنی پێشنیار بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە کارگێڕییەکان و دیمۆگرافی لە کەرکووک و ناوچەکانی تری سنووری ماددەی 140.
ڕۆڵی یۆنامی بریتی بوو لە پێدانی ڕاوێژ و جەختکردنەوە لە چارەسەرکردنی کێشەکان، بەشێوەی سازان و ڕێککەوتن و ئەنجامدانی سەرژمێریەکی شەفاف و ڕاستەقینە، بەڵام پێشنیارەکانی یۆنامی بەهۆی ڕازینەبوونی هەندێک لە لایەنەکان جێبەجێ نەکران. لەم بارەیەوە بڕوانە خشتەی ژمارە (6).
3. بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی
لە دوای ڕووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، دادگای فیدراڵیی عێراق، بڕیاری (113ـی ساڵی 2017، و 71ـی ساڵی 2019)ـی دەکرد، کە جەخت لەسەر بەردەوامیی کارپێکردنی ماددەی 140 دەکەنەوە و بڕیارەکانی دادگا لە بەرژەوەندیی حکومەتی عێراق بوون، بە مانەوەی کەرکووک و ناوچە کێشەلەسەرەکان لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی، تاوەکوو کێشەکە بە تەواوی چارەسەر دەکرێت و ماددە دەستوورییەکە بەتەواوی جێبەجێ دەکرێت، بەمەش ڕۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە ناوچەکە و جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستوور کەم کردەوە.
4. بارودۆخی ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان دوای 16ـی ئۆکتۆبەری 2017
لە 16ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 حکومەتی عێراق، بیرۆکەی سەپاندنی هێزی بەبێ رێککاری یاسایی و بەپێچەوانەی دەستوور بەکارهێنا، کە لە ماددەی 13ـی دەستووردا هاتووە( سوپا نابێتە ئامرازێکی سەرکوتکەری گەلی عێراق)، حکومەتی عێراق بە جوڵاندنی هێزەکانی سوپا و حەشدی شەعبی، هێرشیان کردە سەر ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان و داگیریان کرد، بەهۆیەوە جارێکی دیکە سەدان هەزار کەس لە خەڵکی ڕەسەنی ئەم ناوچانە ئاوارەبوونەوە و تاوانی جەنگی و دژ بە مرۆڤایەتییان بەرامبەر خەڵکی ئەو ناوچانە بەتایبەت کەرکووک و دووزخورماتوو ئەنجام دا، بەهۆی ئەو رووداوانەش جارێکی دیکە پرۆسەی تەعریبکردنەوە لەو ناوچانە دەستی پێکردەوە.
• لەڕووی کشتوکاڵیی و دانیشتووانەوە: دووبارە پێدانی گرێبەستە کشتوکاڵییەکان بە عەرەبی هاوردە و دەستبەسەرداگرتنی زەوی و زاری هاووڵاتییان.
• لەڕووی کارگێڕییەوە: کەمکردنەوەی بەشداریپێکردنی کوردەکان لە دامودەزگا حکومییەکانی ئەم ناوچانە و گۆڕینی سنووری یەکە کارگێڕییەکان.
• دەستگرتن بەسەر سێکتەرە ئابوورییەکان: دەستبەسەرداگرتنی کێڵگە نەوتییەکان لەم ناوچانە، لەلایەن حکومەتی عێراق.
ڕووداوەکانی قەزای دووزخوورماتوو:
لە شەوی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، هێرشێکی فراوان و بەرنامە بۆدارێژراو کرایە سەر هێزەکانی بنکە حکومیی و حزبییەکانی سەر بە هەرێمی کوردستان، بۆمبارانی هەڕەمەکی بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکان لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراقەوە ئەنجامدرا.
بەهۆی ئەم هێرش و پەلاماردانانە کۆچکردنی بەکۆمەڵی خێزانە کوردییەکان لەو قەزایە دەستیپێکرد، هێزەكان هەر لەگەڵ هاتنەژوورەوەیان بۆ گەڕەکە کوردنشینەکان، دەستیان بە تاڵانیی و سووتاندن و دزینی ماڵ و کاڵای کوردەکان و تەقاندنەوەی ژمارەیەک خانووی هاووڵاتییان کرد. لەم بارەیەوە بڕوانە خشتەی ژمارە (7).
دەستپێکردنەوەی تەعریب دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017:
• لە رووی کارگێڕییەوە
لە دوای هێرشەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی، دووبارە تەعریبکردنەوە لە پارێزگای کەرکووک و ناوچەکانی دیکە دەستیپێکردەوە، هەر لەسەرەتای داگیرکارییەکان زۆربەی پۆستە ئیدارییەکان لە ناوچە کوردستانییەکان بە تایبەت کەرکووک، دووزخوورماتوو، خانەقین و شنگال، لە کورد وەرگیرانەوە و خەڵکی عەرەب و تورکمان لە شووێنیان دانران، دیارترینیان لادانی پارێزگاری کەرکووک بوو، بەشێوەیەکی گشتیی لە کەرکووک 10 پۆستی ئیداری، لە زوممار چوار پۆست، لە دووزخورماتوو 10 پۆست و لە شنگال چوار پۆستی ئیداری، لە کورد وەرگیرانەوە و خەڵکی عەرەب و تورکمان لە شوینیان دانران.
• لە رووی دانیشتووانەوە
لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە ئاسانکاریی بۆ عەرەبە هاوردەکان کرا، لە گواستنەوەی ناسنامە، فۆڕمی خۆراک، کارتی زانیاری و پێدانی پاڵپشتی بۆ نیشتەجێبوون، بێ گەڕانەوە بۆ تۆماری نفوسی ساڵی 1957 و بڕیارەکانی تایبەت بە ناوچەکانی سنووری ماددەی 140، هەروەها لەوکاتەدا پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک بەکردار دەستیکرد بە جێبەجێکردنی سیاسەتی تەعریب و گەڕاندنەوەی ئەو عەرەبانەی، کە پێشووتر ڕژێمی پێشوو ئیمتیازات و زەوی پێدابوون ( خاوەنی رەسەنی زەوییەکان زۆربەی کورد و هەندێکی تورکمان بوون). هەروەها هێزەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بە شێك بوون لە جێبەجێ كردنی سیاسەتی ئەوکاتی پارێزگاری کەرکووک، بۆ تەعریب كردنەوەی ناوچەكە.
• بەعەرەبکردن لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان ( گرێبەستی کشتوکاڵی)
کێشەی زەوی و زار لەو ناوچانە، بەتایبەت سنووری ناحیەی سەرگەڕان، زۆر زیاتربوو و عەرەبی هاوردە لەلایەن سوپا و حەشدی عەشایەرییەوە زۆر ئاسانکارییان بۆ دەکرا، تاکو دەست بەسەر زەویییە کشتوکاڵییەکانی جووتییارانی کورددا بگرن، بەردەوام گێچەڵ بە جووتییارانی کورد دەکەن و هەوڵی داگیرکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان دەدەن. لەم بارەیەوە بڕوانە خشتەی ژمارە (8).
ئەم پێشیلکاریانە لەلایەن رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتییەوە، لە راپۆرتێکدا ئاماژەی پێکراوە و فەرمانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، لە داوایەکی فەرمی، کە ئاراستەی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی ئەکاتی عێراقی کردبوو، سەبارەت بە پێشێلکارییەکان لەلایەن دادگای نێودەوڵەتییەوە بۆ یەکلایکردنەوەی ناکۆکییەکان، داواکرابوو پاراستنی ئەو ناوچانە بدرێتە هێزێکی باوەڕپێکراو.
خشتەکانی (1 تا 8)

.jpeg)

